ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە سەردانی شاندێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ لای ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، بڵاوکردەوە و ڕەتیکردەوە کە سەردانەکە بە مەبەستی داواکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیر بووبێت.

د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، سەردانەکە بە مەبەستی دۆستانە و برایانە بووە و دوای چەند هەفتە لە دەستلەکارکێشانەوەی ئاوات شێخ جەناب لە پۆستی وەزیری دارایی و ئابووری، ئەنجام دراوە.

ئه‌و ڕاوێژكاره‌، ئاماژەی بەوە داوە کە لە ماوەی ئەم کابینەیەدا، کارمەندانی وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک تیمێکی هاوئاهەنگ کارەکانیان بەڕێوە بردووە و دوور لە ململا‌نێی حزبی و کەسی، ئامانجی سەرەکییان خزمەتکردنی هاووڵاتیانی کوردستان و بەرگری لە ماف و شایستە داراییە ڕەواکانی گەل بووە.

ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتەکە هەروەها سوپاسی کارمەندانی وەزارەتی دارایی کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە بە شێوەیەکی پێشمەرگەئاسا کاریان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، هیچ تێبینییەکی تەکنیکی لەسەر کار و ئەدای یەکە ژمێریارییەکانی هەرێمی کوردستان نەماوە.

لە بەشێکی تری ڕوونکردنەوەکەیدا، د. هاوڕێ کەمال دەڵێت، بەهۆی ئەم هاوئاهەنگی و پێکەوەکارییەوە، ڕۆحیەتێکی برایانە و دۆستانە لە ناو وەزارەتەکە دروست بووە و بۆیە بڕیاریان داوە سەردانێکی دۆستانە بۆ لای وەزیری دارایی بکەن.

ئەو هەروەها پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە دانیشتنەکەدا باس لە گرنگی گەڕانەوەی ئاوات شێخ جەناب لەم قۆناغەدا کراوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک داوایان لێ نەکردووە دەسەڵاتەکانی وەزیر بداتە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەردانەکە لە چوارچێوەی پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاریکردنی پێشووی ناو وەزارەتدا بووە، نەک بە مەبەستی گواستنەوە یان داواکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیر.