تیرەکانی دوژمن و سەروەرییەکانی مەسرور بارزانی

1150

کاروان محەمەد سینۆ
ماوەیەکی زۆرە دوژمنان، ناحەزانی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان بە بۆنە و بەبێ بۆنە، بەبێ بنەما و بێویژانانە و چەواشەکارانە، هێرش و تەشهیر دەکەنە سەر کەسایەتی، کار و چالاکییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵام مێژووی پڕ لە شانازیی پارتی و مەسرور بارزانی سەلماندوویەتی کە مەسرور بارزانی وەکو سەرکردەیەکی لێهاتوو، بەپڕەنسیپ و بەئیرادە لە ناو جەرگەی ئاڵنگاری و قەیرانە سەختەکاندا وەک چیای سەرکەش بەپێوە دەمێنێتەوە. مەسرور بارزانی سیمبولی زیندووی خۆڕاگری، دەوڵەتمەداری و بونیادنانی کوردستانە؛ کەسایەتییەک کە بە حیکمەت، دادپەروەری و بڕوابەخۆبوونێکی بێوێنەوە ڕابەرایەتیی کاروانی چاکسازی، سەقامگیری، گەشەپێدان، خزمەتگوزاری و دابینکردنی خۆشگوزەرانی، بژێوی و شکۆمەندی بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات. ئەم سەرکردەیە سەلماندوویەتی کە خزمەتکردن بە نیشتمان باڵاترین ئامانجە.
لێرەدا ئەگەرچی هێشتا زووە شیکاریی ورد و گشتگیر بۆ ئەو هێرشە ناپیاوانەیە شرۆڤە بکەین کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026 لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزای پیرمام، بەڵام ئەم پەلامارە ترسنۆکانە و بێئاکارەی نەیاران ڕاستییەکی ڕوون و حاشا هەڵنەگر بۆ تەواوی لایەنەکان و خەڵکی کوردستان دەسپەلمێنێت. دوژمنان و ناحەزان کاتێک دەبینن تەواوی هەوڵە چەواشەکارانەکانیان بۆ پەکخستنی حکومەتی هەرێمی کوردستان شکستی هێناوە، پەنا بۆ کردەوەی تێکدەرانە دەبەن. ئەوان لە هێز، چاکسازی، سەربەخۆیی ئابووری، و ئاوەدانکارییەکانی جەنابی سەرۆکی حکومەت زۆر هەراسان بوونە، چونکە بونیادنانی کوردستانێکی بەهێز بەرژەوەندییە تەسکەکانی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە.
لێرەدا دەمەوێ، پەیامێکی ڕاشکاو و ڕوون ئاراستەی تەواوی ئەو کەس، گروپ و لایەنانە دەکەین کە بەناحەق و بە بێئاگایی و کاڵفامانە تەشهیر بە کار، هەڵوێست و چاکسازییەکانی مەسرور بارزانی دەکەن؛ پەیامەکەش ئەوەیە هەروەک ئیمام عەلی (ڕەزای خوای لێ بێت) بە حیکمەتەوە فەرموویەتی: «اتبعوا سهام العدو فإنها ترشدكم الی اهل الحق». ئاڕاستەی تیر و پەلامارەکانی دوژمن هەمیشە باشترین ڕێنمایی و بەڵگەن بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان. کاتێک دەبینین تیرەکانی دوژمنان ئاراستەی مەسرور بارزانی و قەوارەی سەربەرزی هەرێم دەکرێن، ئەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییە زێڕینەیە کە مەسرور بارزانی لەسەر سەنگەری ڕاستی، نیشتمانپەروەری، پاراستنی سەروەریی خاکی کوردستان و بەدیهێنانی ئاواتەکانی نیشتمانەکەیدایە.
پەیامی نەگۆڕی ئێمە ئەوەیە: کاروانی بونیادنانەوە، خۆڕاگری و چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بە هیچ گوشارێکی دەرەکی و چەواشەکارییەکی ناوەکی ناڕاوەستێت. جێپەنجەی دیاری سەرۆکی حکومەت لە بونیادنانی ژێرخانی ئابووری، بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، و پشتگیری لە گەنجان لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا بە ڕوونی دیارە و بڕوایەکی قووڵی لە دڵی هاوڵاتییاندا دروست کردووە. خەڵکی کوردستان بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە ئەم هەوڵە ماندوونەناسانە و هەمیشە پشت و پەنای سەرکردە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرەکانیان دەبن. کوردستان بە حیکمەت و سەرکردایەتیی لێهاتووی مەسرور بارزانی بە پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی لە ژێڕ چەتری سەرۆک مەسعود بارزانیدا بەرەو ئایندیەیەکی گەشتر و بەهێزتر هەنگاو دەنێت، لە کاتێکدا هەوڵی پووچی ناحەزان تەنیا شکان و ڕووڕەشیی مێژووییان بۆ دەهێڵێتەوە.