پارتی دیموکراتی کوردستان ٨٠ ساڵی تێکۆشانی بێ پچڕاند.

132

پەیمان عەبدوڵڵا حەمەد
دەگمەنن ئەو پارت و ڕێکخراوانەی بتوانن بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ پارێزگاری لە بوونی خۆیان بکەن، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهۆی ئەوەی ئەم ناوچەیە بەردەوام لەژێر چاودێری و گوشاری هێزە دەرەکییەکاندا بووە؛ لە لایەنی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەوە پێکهاتەی جیاوازی تێدا دەژێت، بۆیە مانەوە و بەردەوامی نەک تەنها بۆ پارتە سیاسییەکان، بەڵکو بۆ حکومەتەکانیش ئاسان نییە. لە مێژووی دامەزراندندا پارتی سیاسی هەم لە ناوچەکە و هەم لە عێراقدا هەبوون، بەڵام مانەوە و بەردەوامیی پارتەکان لەسەر یەک بنەمای پتەوی نیشتمانی و نەتەوەیی، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، هیچ پارتێک تەمەنی نەگەیشتووەتە ٨٠ ساڵ. بێگومان ئەمەش لەخۆڕا نییە، بەڵکو هۆکار و پاڵنەری زۆر هەن تا گەیشتووەتە ئەم تەمەنە. دەکرێت لە چەند تەوەرێکدا نهێنیی مانەوە و زیندوویی پارتی دیموکراتی کوردستان کورت بکەینەوە:
دامەزراندنی پارتی و کاریگەریی مستەفا بارزانی
بوونی سەرکردەیەکی کاریزمایی وەک مستەفا بارزانی پێش دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە زوڵم و زۆرداریی حکومەتی عێراقی بە هاوکاریی ئینگلیز بینیبوو، هەرچەندە زۆر هەوڵی پاراستنی خەڵک و ناوچەکەی دابوو لە شەڕ و ناخۆشی، کەچی بەهۆی مافخوراوی و گوێپێنەدانی حکومەتی عێراق ناچار بە شەڕی دەستەویەخە کرا. پێش کۆتاییی شۆڕشی دووەمی بارزان، مەلا مستەفا پەیوەندییەکی ڕێکخراوی لەگەڵ کۆمەڵە و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەو کاتی باشووری کوردستاندا هەبوو، کە پاڵپشتی تەواوی ئەو سەرکردەیە بوون. دامەزراندنی “لیژنەی ئازادی” لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥ بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ڕۆڵی کاریگەری ئەو سەرکردەیە.
دوای کۆتاییی شۆڕشی دووەمی بارزان، چوونی مستەفا بارزانی و ئەفسەرە ئازادیخوازەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشداریکردنیان لە دامه‌زراندنی کۆماری مهاباد دا، مستەفا بارزانی هەستی بەو بۆشایییە سیاسییە دەکرد کە لە باشووری کوردستاندا هەبوو، بۆیە لە مانگی شوباتی ١٩٤٦ بیرۆکەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد هاوشێوەی ئەو پارتەی لە ڕۆژهەڵات هەبوو گەڵاڵە کرا. سەرکردە بوونی هەبوو کە مستەفا بارزانی بوو، باڵی سەربازیشی لەگەڵدا بوو، ئەوەی نەبوو باڵی سیاسیی بوو، بۆیە لە ڕێگەی هەمزە عەبدوڵاوە پەیوەندی بە پارت و کۆمەڵە سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە کرا. لە سەرەتای ئابی ١٩٤٦ هەردوو حزبی “ڕزگاری” و “شۆڕش” کۆنگرەی خۆیان بەست و بڕیاریان دا بچنە ناو پارتە نوێیەکەوە.
لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ پارتی دیموکراتی کورد( لە کۆنگرەی سێیەم لە ساڵی ١٩٥٣ ناوی بوو بە پارتی دیموکراتی کوردستان)، لە بەغدا یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست. مستەفا بارزانی بە سەرۆکی دانرا. بەدڵنیایییەوە کەسایەتیی بارزانی و متمانەی نیشتمانپەروەران هۆکار بوون بۆ ئەوەی بەبێ ئامادەبوونی خۆشی بڕیار لە هەڵبژاردنی بدەن وەک سەرۆک. بەهۆی رووخانی کۆماری مهاباد و گرتنەبەرەی ڕێڕەوی مێژوویی بارزانی بۆ ڕووباری ئاراس و چوونی بۆ یەکێتیی سۆڤیەت لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ تا گەڕانەوەی لە ساڵی ١٩٥٨ لە ئاوارەیی و دەردەسەریدا، کەچی لە کۆنگرەی دووەم و سێیەمیشدا بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە.
خۆنەویستی و سادەییی مستەفا بارزانی هۆکاری سەرەکی بوون بۆ خۆشویستنی لەلایەن پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانەوە. ئەگەر بمانەوێت قسە لەسەر گشت هەڵوێستەکانی بکەین بە چەندین وتار تەواو نابێت، بۆیە تەنها ئاماژە بەوە دەکەین کە بە درێژاییی ساڵەکانی ڕێککەوتنی ١١ی ئادار لە ١٩٧٠ تا ١٩٧٤، بارزانی هەمیشە هەوڵی پاراستنی ئاشتەوایی دا؛ لە کاتی دروستبوونی کێشەکاندا ڕێگەی نەداوە وەڵامی توند لەلایەن ئەوانەوە هەبێت، تەنانەت دوای ڕزگاربوونی لە هەوڵی تیرۆرکردن کاتێک سەرکردەکان داوایان کرد شەڕ دژی بەعس دەست پێبکەنەوە، مەلا مستەفا فەرمووی: “ئەگەر شەڕ بکەین، لە پێناو کەرکووکدا دەیەکەین.”
دەستکردن بە خەبات و بەردەوامی
پارتی دیموکراتی کوردستان دوای دامەزراندنی لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦، ڕاگەیەندراوێکیان ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و داوای یەکگرتن و پشتیوانییان لە گشت نیشتمانپەروەران و دڵسۆزان کرد. تاوەکو ئێستاش ئەو سیفەتە جوانەی پارتی پێوە دەناسرێت بەردەوامە؛ بەتایبەت لە کاتی بوونی تەنگەژە و گرفتە بنبەستەکاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەر و لەخۆبردوو بووە بۆ داواکردن لە لایەنەکان بۆ یەکگرتوویی و یەکڕیزی، لەپێناو سەرخستنی دۆزی ڕەوای خەڵک و نیشتیمان.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا هەمیشە باوەڕێکی نەگۆڕی هەبووە و لەسەر یەک ئاراستە هەنگاوی ناوە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای خەڵکەکەی، بەڵام هاوکات لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی بە گۆڕانکاری و خۆگونجاندن هەبووە بەگوێرەی بارودۆخ و بەرژەوەندیی خەڵکەکەی خۆی؛ لە هەمان کاتیشدا هەر گۆڕانکارییەک ئەنجامدرابێت، هەوڵ دراوە لە کاتی بەستنی کۆنگرەدا لەناو پەیڕەو و بەرنامەدا جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی ببێت بە بنەمایەکی جێگیر تا کارەکانی بە ڕێکخراوەیی ئەنجامی هەبێت.
قۆناغەکانی تەمەنی پارتی
پارتی دیموکراتی کوردستان لە تەمەنی ٨٠ ساڵەی خۆیدا هەوراز و نشێوی زۆری هاتووەتە ڕێگە، بەڵام هەرگیز دەستەوەستان نەبووە، بەڵکو شکستەکانی کردووە بە دەرفەت و بە جۆر و شێوازێکی دیکە توانیویەتی خەبات دەست پێبکاتەوە. بۆ نموونە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥دا، خەڵکانێک پێیان وابوو کە ئیتر بارزانی و پارتی کۆتایییان هاتووە و جارێکی دیکە ناتوانن بێنەوە مەیدانی خەبات، بەڵام سەرۆک مەسعود بارزانی دەفەرموێت: “بە باشی دەمزانی ئەگەر ئەم نائومێدییە بەردەوام بێت و درێژە بکێشێت، ئیتر کۆتایی بە هەموو خەباتی بنەماڵەکەمان و پارتی دێت… لەگەڵ ئیدریسی برام بۆ ئەم مەبەستە کەوتینە ڕاوێژ و مشورخواردن. ئیتر هەردووکمان چووینە خزمەتی جەنابی بارزانی و بیر و تێڕوانینەکانمان بۆ شیکردەوە.”
لەسەر ڕاسپاردەی مەلا مستەفا بارزانی، لە قۆناغی یەکەمدا ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتی دەستیپێکرد و لە قۆناغی دووەمدا شۆڕش دەستی پێکردەوە ( شۆڕشی گوڵان)؛ ئەو شۆڕشەی تا ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ درێژەی کێشا. ئەو شۆڕشەی کە چەندین داستان و دەستکەوتی لەخۆ گرت. ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی مسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی لەم دۆخە سەختەدا ورە و هێزی کردەوە بەبەر پێشمەرگە و خەڵکی کوردستاندا، لە شەوەزەنگی تاریکیدا بوو بە چرایەک و نیشتمانی ڕووناك کردەوە.
بەردەوامیی پارتی دوای کۆچی دواییی بارزانیی نەمر
لە دوای کۆچی دواییی مەلا مستەفا لە ١ی ئاداری ١٩٧٩دا، نەک تەنها پارتی، بەڵکو هەموو کوردێک خەمبار بوو بۆ لەدەستدانی سەرکردە و کاریزمایەک کە نموونەی زۆر دەگمەن بوو، بەڵام بەردەوامیی ئەو ئەمانەتە لەسەر دەستی سەرۆک مسعود بارزانی دەرفەتی نەدا بە ناحەزان ئەم بۆشایییە بقۆزنەوە. پشوودرێژی و بەردەوامیی سەرۆک مسعود بارزانی لەسەر ڕێباز و ڕێچکەی بارزانیی نەمر، هۆکار و پاڵنەرێکی بەهێز بوون بۆ تەمەندرێژیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ڕۆڵی کاریگەری پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی سەرۆک مسعود بارزانی لە ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١دا، و کاریگەرییان لە بەرگریکردن لە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان لە کاتی کۆڕەودا، سەرباری ئەوەی سەرۆک بارزانی زۆر لەلای قورس بوو لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا دابنیشێت، کەچی لەپێناو خەڵکی کوردستاندا ڕازی بوو بچێتە بەغدا، هەرچەند دەیزانی ناگەنە هیچ دەرئەنجامێک. لە دوای کشانەوەی دامودەزگاکانی بەعس لە باشووری کوردستاندا، بیرۆکەی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە لە شارۆچکەی کۆیە گەڵاڵە کرا، کە دواتر بوو بە بناغەیەکی پتەو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
کاریگەریی پارتی لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا
حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرباری هەبوونی شەڕی ناوخۆ و ئەو دۆخە دژوارەی تێیدا بوون، کەچی دەتوانرێت بگوترێت لە هەموو لایەن و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق باشتر بوو؛ خاوەن پێگە، حکومەت و سەربەخۆییی کارگێڕی بوون. لەم قۆناغەدا پارتی و سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیار و کۆکەرەوەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بوون پێش ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣دا و یارمەتیدەری هاوپەیمانان بوون بۆ ئازادیی عێراق لە ٢٠٠٣دا کاتێک تورکیا ڕێگر بوو لە کردنەوەی سنوورەکانی بۆیان. کەچی هەر ئەو کەس و لایەنانەی ئەمڕۆ بە چاوساغیی نەیارانی کورد کێشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن، ئەم. هەڵوێستانەیان لەبەرچاو نییە.
نابێت خەڵکی کوردستان هەرگیز هەوڵ و شەونخونیی بارزانی لە جێگیرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقدا لەبیر بکات، چونکە ئەگەر موکوڕیی ئەوان نەبووایە، ڕەنگە زۆر بە شۆڤێنیانەتر لە ئێستا مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکردایە. جگە لەوەش، بڕیارە مێژووییەکەی ڕیفراندۆم بۆ هەتاهەتایە کورد و خەڵکی کوردستانی کردە خاوەن بەڵگەنامەیەکی فەرمی بۆ داخوازیی سەربەخۆبوون، کە ئومێدەوارین ڕۆژێک بهێتەدی.
ئەنجام
لە تەمەنی پڕبەرەکەت و سەروەریی پارتی دیموکراتی کوردستاندا نابێت ڕۆڵ و ماندووبوونی پێشمەرگەکان، کادیر، ئەندام و لایەنگرانی پارتی لەبیر بکرێت، بەتایبەت ئەوانەی زۆر بەدڵسۆزی خزمەت بەو ڕێبازە دەکەن و ئامادە نین بۆ هیچ دەستکەوت و بەرژەوەندییەک پارتەکەیان جێ بهێڵن. بۆیە پێم وایە هەڵکشانی تەمەنی پڕ لە سەروەریی پارتی دیموکراتی کوردستان و تێکۆشانی نەپچڕاوی، چەندە جێگەی دڵخۆشی و شانازیپێکردنە، ئەوەندەش بەرپرسیارەتی و ئەرکی سەرشانی سەرۆک بارزانی، جێگرانی، بەرپرسان و ئەندامانی زیاتر دەکات بۆ خزمەتکردنی کورد و کوردستان، چونکە تەمەنی گەورە و ناوبانگی گەورە، چاوەڕوانیی کاری گەورە و خزمەتی گەورەتری لێ دەکرێت.