(١٨ـی ئابـی ٢٠٢٦)، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران، بەرپرسانی حزبی و حکومی، مامۆستایانی زانکۆ و توێژێکی فراوان لە ڕۆشنبیران، کۆڕی ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەڕتووکی نوێی نووسەر و لێکۆڵەر (پەری عومەر خەیلانی) لە ژێر ناونیشانی («ستایش و شیوەن بۆ بارزانی نەمر… دوو شیعری شێركۆ بێكەس بە نموونە») بەڕێوەچوو.
ئەم ڕێوڕەسمە کە لەلایەن بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕێکخراببوو، هەروەها پەرتوکەکەش هەر لەلایەن بەشی دیراسات بە چاپ گەیەندرابوو. لەم مەراسیمەدا تیشک خرایە سەر گرنگیی ڕەهەندە ئەدەبی و نەتەوەییەکانی کتێبەکە. بەرهەمەکە وەک درێژکراوە و فراوانکردنێکی بەدواداچوونێکی ڕەخنەیی دەناسرێت کە سەرەتا نووسەر لە ساڵی ٢٠٢٤ بە چەند بەشێک لە پاشکۆی هزر و هونەری ڕۆژنامەی (خەبات) بڵاوی کردبۆوە. کتێبەکە هەوڵێکی سیستماتیکییە بۆ خوێندنەوەی دوو ئاراستەی سەرەکیی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس سەبارەت بە باوکی ڕوحیی نەتەوەی کورد (بارزانیی نەمر)، کە پێک هاتوون لە دەقی شیعری (بۆ بارزانی) وەک دەقێکی ستایش و دەقی شیعری (کۆست و چرا) وەک دەقێکی شیوەن. لە کۆڕەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرا کە چۆن شێرکۆ بێکەس توانیویەتی لە ڕێگەی دەقەکانەوە کەسایەتیی بارزانیی نەمر لە ئاستێکی مێژوویی و فیزیکییەوە بگوازێتەوە بۆ پانتاییەکی هەمیشەیی و وەک هێمایەکی نەپساوەی نیشتمانی لە هۆشی نەتەوەییدا بیچەسپێنێت. لە بڕگەیەکی تایبەتی ڕێوڕەسمەکەدا، مامۆستا سەلام عەبدوڵا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات، گوڵی رێزلێنانی پێشکەشی نووسەری کتێب کرد. لە کۆتاییشدا، پەڕتووکەکە بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا.
شایەنی باسە، ناوەڕۆکی کتێبەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێک دێت؛ (پایەی تیۆری، سەرکردە لە شیعری کوریدا، و شیکاریی پراکتیکی و سیمۆلۆژیی هەردوو دەقەکە) لەگەڵ پاشکۆی دەقی شیعرەکان.