ڕێککەوتننامەی سێگۆشەیی و کاریگەرییەکانی له‌سەر هەرێمی کوردستاندا

114

ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا
بۆ ساردکردنەوەی ئەو دۆخە گەرمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکەوتووە، کۆمەڵێک هەوڵی چڕوپڕ لە ناوچەکەدا دەستیان پێکردووە؛ لەوانەش «ڕێککەوتننامەی مەککە» یان «ڕێککەوتننامەی سێگۆشەیی بۆ بەرگریی هاوبەش»، کە هەر سێ وڵاتی عەرەبستانی سعودیە، تورکیا و پاکستان تێیدا بەشدارن. هیچ گومانێک هەڵناگرێت کە ئەم ڕێککەوتنە مەرام و مەبەستی ستراتیژیی دوورمەودای لەخۆگرتووە کە سەرباری ڕاگرتنی هاوسەنگی لەم ناوچەیەدا، لە هەمان کاتدا دۆسییەکانی ئاسایش، ئابووری و بازرگانیشی لە هەناوی خۆیدا حەشارداوە.
خوێندنەوەیەک بۆ گۆشەکانی ڕێککەوتننامەکە:
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەم ڕێککەوتنە بۆ گرنگیدانە بە ئاسایشی ناوچەکە، بەرپەرچدانەوەی هاوبەش و بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگری، هەواڵگری و سەربازیی هەر سێ وڵاتە بەشداربووەکەیە.
یەکەم: لە ڕووی ستراتیژییەوە
گرنگیی ئەم ڕێککەوتنە لە گرنگیی هەر سێ وڵاتی بەشدار بوودا خۆی دەبینێتەوە، کە هەر یەک لەوان خاوەن سەنگ و قورسایی سیاسیی و ئابوورین؛ وەکوو سعودیە کە سەنگێکی گەورەی ئابوورییە، تورکیا کە لە ڕووی سەربازی و پیشەسازیی بەرگرییەوە پێشکەوتووە، و پاکستان کە خاوەن چەکی ئەتۆمی و پاشخانێکی سەربازیی گەورەیە. دەشێ ڕێککەوتنێکی لەم جۆرە لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە ببێتە هۆی دروستبوونی هاوکارییەکی هەرێمیی ڕێکخراوتر، بەتایبەت کە قەیرانەکانی ئەم ناوچەیە درێژەیان هەیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەڵکشان و داکشانی بەردەوامی کێشەکاندایە.
دووەم: لە ڕوانگەی سیاسییەوە
کاتێک لەم ڕوانگەیەوە سەیری ڕێککەوتننامەکە دەکەین، تەنیا لایەنی سەربازی نەبووەتە ئامانج، بەڵکوو پێدەچێت لە پشتی ڕێککەوتنی بەرگرییەوە، خۆی بهاوێتە نێو چوارچێوەیەکی فراوانتری ئابووری، سیاسیی و هەماهەنگیی فرەچەشنی نێوانیان. لە هەمان کاتدا، سیمای بەرگریکارانەی ڕاگەیاندنی نێو ڕێککەوتننامەکە دەکرێت ببێتە هۆکارێکی ئەرێنیی باش، بەمەرجێک لەگەڵ سیاسەتی وڵاتە بەشداربووەکاندا یەکبگرێتەوە و ڕوو لە دیالۆگ و هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە بکات؛ چونکە دەرکەوتووە ئاسایشی هەرێمی تەنیا بە هێزی سەربازی دەستەبەر ناکرێت، بەڵکوو پێویست بە بوونی کەناڵی سیاسیی و ئابووریش هەیە.
سێیەم: لە بەرپێی جەمسەرگیرییەکی نوێداین؟
لە ڕاستیدا، هێشتا زووە باسی لەدایکبوونی جەمسەرێکی نوێی هێز بە مانایە کلاسیکییەکەی بکەین، بەڵام وەک دیارە، کۆکبوون و ڕێککەوتنی هەندێک گەورەهێزی ئابووری و سەربازیی ناوچەکە( کە دوای گەرمبوونی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درکیان بە پێویستیی ڕێککەوتنێکی لەم چەشنە کردووە)، بە مەبەستی بەهێزکردنی توانا دەرەکی و ناوخۆییەکانی خۆیانە تا چیتر تەنیا پشت بە پاراستنی هێزی دەرەکی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان نەبەستن. هەڵبەت دەشێ ئەم ڕێککەوتننامەیە ببێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگیی هەرێمیی فرەلایەنتر، بە جۆرێک کە وڵاتانی ناوچەکە زیاتر پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن بۆ بەڕێوەبردن و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا. بەڵام سەرکەوتنی ئەم ئاراستەیە بەندە بە بڕیاری هەر سێ وڵاتە بەشدارەکە بۆ ئەوەی بتوانن بۆچوونە جیاوازەکانیان لەبارەی ئیدارەدانی هەندێک دۆسیەی هەرێمی تێپەڕێنن، سەرباری گۆڕینی هاوکاریی سەربازی بۆ هاوکارییەکی ستراتیژیی گشتگیر.
چوارەم: ئەم ڕێککەوتنە بۆ هەرێمی کوردستان چی دەگەیەنێت؟
هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان وایکردووە ببێتە ناوچەیەکی هەستیار و خاوەن گرنگی، بە جۆرێک دەکرێت وەکوو خاڵی بەیەکگەیەنەری بەرژەوەندییەکانی عێراق، تورکیا و ئێران سەیر بکرێت. هەروەها لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هەیە و لە هەمان کاتدا پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی بەرەو وڵاتانی کەنداو لە گەشەکردندایە. لێرەوە دروستبوونی هەر گۆڕانکارییەک لە سیستەمی ئاسایشی ناوچەکەدا، بێگومان ڕەنگدانەوە و کاریگەریی ئەرێنی لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەبێت:
1- بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە:
ڕێککەوتنی هەر وڵاتێکی ناوچەکە بە مەبەستی دابینکردنی ئۆقرەیی و ئارامی، بەرەو قازانجی دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەرێم دەشکێتەوە؛ چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت بەسەر ئاسایشی ناوخۆ، هاوردەکردنی کەلوپەلی بازرگانی و جووڵەی وەبەرهێناندا.
2- بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سنوورەکان:
ئەڵقەیەکی دیکەی هاوبەشی نێوان ئەم وڵاتانە لە میکانیزمەکانی هاوکاریی هەواڵگرییاندا خۆی دەبینێتەوە، تا لەم ڕێگەیەوە جموجۆڵە تیرۆریستییەکان بنبڕ یان لاواز بکرین. ئەوەش بە خێر بۆ سەروەریی خاکی عێراق و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان میسر دەبێت، کە وەکوو بەشێک لە سیستەمی ئاسایش و بەرگریی عێراق ئەژمار دەکرێت.
3- دەرفەتی ئابووری:
لەگەڵ بەرقەراربوونی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، قۆناغێکی نوێ لە بواری بازرگانیدا دێتە ئاراوە. لەم سۆنگەیەوە هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە دەبێتە چەقی بەیەکگەیاندنی تورکیا، وڵاتانی کەنداو و عێراق؛ بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە، ڕێگاوبان، گەشتوگوزار، پیشەسازی و کشتوکاڵدا.
4- وزە و هێڵە بازرگانییەکان:
ڕێککەوتنی نێوان (تورکیا، سعودیە و پاکستان) کاریگەریی ئەرێنی بەسەر تەواوی ناوچەکەوە دەبێت و دەبێتە دەرفەتێکیش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان تا بۆ بەرژەوەندیی خۆیانی بقۆزنەوە؛ بەتایبەت لە بواری وزەدا کە ئەمڕۆ بووەتە هۆی سەرەکیی ململانێکان. لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەم ڕێککەوتنە ناکرێت تەنیا لە دیوە سەربازییەکەیەوە بخوێنرێتەوە، بەڵکو ڕەهەندە گرنگەکەی لە پاراستنی ئاسایشی وزە، سووتەمەنی و گوشار دروستکردندایە بۆ سەر بۆرسەی جیهانیی سووتەمەنی و بازرگانی.
پێنجەم: هەنگاوە کردارییەکانی هەرێم و لێکەوتەکانی
هاوتەریب لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ڕێگەی چەندین کارتەوە هەنگاوی کردەیی بنێت، لەوانەش:
1- خۆبەدوورگرتن لە هەموو تەکەتولگەری و لایەنگیرییەک بۆ بەشداربووانی نێو ئەم ڕێککەوتننامەیە و ڕاگرتنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ تەواوی وڵاتاندا.
2- برەودان بە پێشخستنی پەیوەندی و هەماهەنگیی زیاتری نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی دۆسییەکانی ئەمنی، ئاسایش و بوارە جیاوازەکانی ئابووری و کارگێڕی.
3- کردنەوەی کەناڵی فراوانتر لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعودیە، تورکیا و پاکستان؛ بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، پەروەردە و سەرچاوە مرۆییەکاندا.
4- ئامادەکردنی پڕۆژە و پڕۆپۆزەڵی گرنگی ئابووری بۆ ئەوەی بوارەکانی وزە و بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا و بەستنەوەیان بە کەنداو گەشەیان پێبدرێت.
5- پێشخستنی پەیوەندی و هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگری لەسەر بنەمای یاسا بەرکارەکانی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە جۆرێک یارمەتیدەر بێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانی ڕێکخراودا.
6- دابینکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەر و کۆمپانیا گەورەکانی سعودیە، تورکیا و پاکستان.
7- دامەزراندنی ناوەند و سەنتەری توێژینەوەی پەیوەندیدار بە بارودۆخەکەوە تا بەدواداچوون و شیکار بۆ وەرچەرخانە جیۆپۆلۆتیکییەکان بکەن و داتا بۆ حکوومەت و کەرتی تایبەت بخەنە ڕوو.
بایەخی ڕاستەقینەی هەر ڕێککەوتننامەیەکی بەرگری، تەنیا لە قەبارەی توانای سەربازیی وڵاتانی بەشدار بوودا خۆی نانوینێت، بەڵکوو پەیوەندیی بە توانای بەدیهێنانی سەقامگیری، گەشەپێدان و ڕێگری لە ململانێکانەوە هەیە. لێرەوە بایەخی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە ڕوون دەبێتەوە؛ بۆیە پێویستە هەرێم پێگە ئابووری و سیاسییەکەی بکاتەوە بە ڕۆژەڤ لە تەواوی سێکتەرەکاندا. ئەوەش پێویستی بە پەیڕەوکردنی سیاستێکە کە پشت بە کرانەوە، هاوسەنگی، دیالۆگ و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ و ناوچەکەدا دەبەستێت.
ئەگەر «ڕێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش» هەنگاو بنێت بەرەو چوارچێوەیەکی بەردەوامی هاوکاریی هەرێمی، ڕەنگە ببێتە هۆی دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ئاسایشی ناوچەکە. ئەم ڕووداوەش بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت بە خێر بشکێتەوە تا پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە تەواوی بوارە جوگرافی، سیاسیی و بازرگانییەکاندا بەدیبهێنێت. لە کۆتاییدا، هێز و کاریگەریی هەرێم لە قۆناغی داهاتوودا تەنیا بە توانای بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان پێوانە ناکرێت، بەڵکوو لەسەر بنەمای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و بوون بە سەنتەرێک بۆ ئاشتی، پێکەوەژیان و گەشەکردنی ئابووری دیاری دەکرێت.