سهرهتا وتار پارتی دیموکراتی کوردستان چەتری کۆکەرەوەی خەڵکی کوردستانە
یونس حەمەد – ئۆسلۆ
هەر لایەنێکی سیاسیی پرەنسیپ و ئایدۆلۆژیای تایبەتی خۆی هەیە کە وەکوو بەرنامە و سیستەم پەیڕەوی دەکات؛ هەر ئایدۆلۆژیایەکیش ڕەگ و ڕیشەی سیاسیی خۆی لە نێو کۆمەڵگەدا هەیە. جاڕنامەی دامەزراندنی هەر لایەنێکی سیاسیی بە یەکەم بەڵگەنامە دادەنرێت کە ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیای بەرەی ڕزگاریی نیشتمانی و نەتەوەیی هاوچەرخی لێ دەکەوێتەوە.
ئەو بزووتنەوە سیاسییانەی توانای تێگەیشتنی بابەتییان لەبارەی بنیاتنانی کاروباری وڵات و دەوڵەتدارییەوە هەیە، هەمیشە هێڵێکی فکریی بەردەوام دەگرنە بەر کە لەسەر میانڕەوی لە بنەماکان و نەرمی لە جێبەجێکردندا بنیات نراوە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئابی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەمدا( لە ساڵی ١٩٤٦)، دەستپێکێکی نوێ بوو بۆ خەڵکی کوردستان هاتە کایەوە. لە ڕێگەی پەیماننامەیەکی سەردەمیانەوە، ڕێچکەیەکی پتەو خسترایەڕوو کە بڕواو بەهاداری بە بەرنامەی نەتەوەیی، نیشتیمانی و جاڕنامەی ئازادی ڕاگەیاند؛ ئەویش دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە بە پەیمانی نیشتمانی گەیشتە لووتکە و لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پشتیوانیی ڕەهای لێ کرا.
پارتی سیاسیی، کۆمەڵەیەکی ڕێکخراوەیی خاوەن بنچینەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوانە، کە باوەڕی بە پێویستیی دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکرات هەیە لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتیبوونی تەواوەتی. حیزب ئامرازێکی سیاسیی پراکتیکییە بۆ ڕزگارکردنی وڵات و ئاراستەکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکان بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر.
باوکی ڕۆحیی نەتەوەییمان، بارزانیی نەمر، ئەوەی لا ڕوون بوو کە ڕەهەندی سیاسیی هاوچەرخ توانای هەیە ڕێڕەوێکی ژیرانە بگرێتە بەر بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی مەزن بۆ خەڵک و نیشتمان. لە ڕوانگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها بنەمایەک نەبوو بۆ دروستبوونی لایەنێکی سیاسیی، بەڵکوو بناغەیەک بوو بۆ کۆکردنەوەی تەواوی خەڵکی کوردستان لە ژێر چەترێکدا کە بە چەتری خەبات، تێکۆشان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکان ناسراوە.
ڕێڕەوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خاڵێکی سەرەکیدا بەرجەستە دەبێت؛ ئەو خاڵە بەهێزە ئەوەیە کە خەڵک متمانەی تەواوی پێیەتی، ئەمەش گەورەترین دەستکەوتە بۆ هەر لایەنێکی سیاسیی کە ئامانجی مەزنی هەبێت. بارزانیی نەمر هەشتا ساڵ بەر لە ئێستا بنچینەیەکی پتەوی بۆ خەباتی خەڵکی کوردستان دانا، ئەم خەباتەش تا ئەمڕۆ بەردەوامە و ئێستاش بە هەمان دیدگای نیشتیمانییەوە بە ڕابەرایەتیی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی شەکاوەیە و کاروانی خەبات بەرەو ئامانجە مەزنەکان سەربەرزانە هەنگاو دەنێت.