خەباتی دوێنێ و ئاڵنگارییەکانی داهاتوو؛ تێپەڕبوونی هەشتا ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دا

125

ئیبراهیم شەعبان( میسر)
لە هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، پرسی کورد وەکوو یەکێک لە گەورەترین پرسەکانی ئازاری مرۆڤایەتی دەردەکەوێت. خەڵکی کوردستان ئازار و ناڕەحەتییەکی زۆریان چەشتووە و ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکێک لە ڕێكخراو و بزووتنەوە گەورەکانی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی دەردەکەوت کە ڕابەرایەتیی خەباتێکی ڕاستەقینەی کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە لەپێناو ئەوەی خەڵکی کوردستان بگەڕێنەوە سەر ماف و سەربەخۆیی خۆیان.
لە هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ڕۆڵی پارتی و پرسی کورد لە یەک کاتدا وەک یەکێک لە قووڵترین ماناکانی خەبات و بەرهەڵستکاری لە جیهاندا لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا دەردەکەوێت.
وێستگەیەکی وەچەرخان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازدا هەشتا ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ دا دەست پێدەکات، کە بۆنەیەکە لە خۆشیی ساڵیادی حیزبێکی سیاسیی تێدەپەڕێت بۆ خوێندنەوەی ئەزموونێک کە لە سەرەتاوە بە ڕێڕەوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و گەشەسەندنی پرسی کوردستان لە عێراقدا بەستراوەتەوە.
دامەزراندنی پارتی لە قۆناغێکدا هات کە کورد تیایدا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینی بەرپا کردبوو و قوربانیی گەورەی بەخشیبوو، بەڵام زۆربەی ئەو بزووتنەوانە بە هۆکار و سەرکردە و ناوچەکانی خۆیانەوە بەسترابوونەوە و ئامرازێکی سیاسییان نەبوو کە بتوانێت تواناکانیان ڕێکبخات و ئامانجەکانیان بگوڕێت بۆ بەرنامەیەکی بەردەوام و پەیامەکەیان بگەیەنێتە ڕای گشتیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. لەمەشەوە گرنگیی مێژووییی ڕۆڵی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە دامەزراندنی پارتیدا دەردەکەوێت؛ بەپێی ئەوەی گەیشتە ئەو بڕوا جەوهەرییەی، کە هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز پێویستی بە ڕێکخستنێکی سیاسیی هاوچەرخ هەیە کە هاوشانی چالاکییە مەیدانییەکانی بێت، یەکێتییەکەی بپارێزێت، ئامانجەکانی دابڕێژێت و بە ڕێگەی سیاسیی و دیپلۆماسیی بەرگری لە مافەکانی خەڵک بکات.
سێ پایەی سەرەکیی فکری سیاسیی پارتی دەکرێت بنەما فکری و سیاسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگەی سێ سەرچاوەی سەرەکییەوە بخوێندرێنەوە:
یەکەم: ڕێبازی بارزان کە تایبەتمەند بوو بە کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و نیشتیمانی، لە دیارترینیان:
دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ڕەتکردنەوەی ستەم، ڕێزگرتن لە ئافرەت، پاراستنی بێدەسەڵاتان، پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و پاراستنی ژینگە. بڕوابوون بە مافەکانی نەتەوەی کورد سەنتەری سیاسیی هەرە دیاری ئەم ڕێبازە بوو.
دووەم: ئامانجەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان:
پارتی مێژوویەکی دوورودرێژی لە داواکاری، شۆڕش و ئەزموونەکان بەمیرات وەرگرت و هەوڵی دا لە چوارچێوەیەکی سیاسیی ڕوونتردا ڕێکیان بخاتەوە؛ بە جۆرێک مافە نەتەوەییەکان، دانپێدانانی سیاسیی، ئۆتۆنۆمی و یەکڕیزیی ڕیزەکان پێگەیەکی بنەڕەتییان لە بەرنامەکەیدا داگیر کرد.
سێیەم: بیرۆکەی بەرەی نیشتمانیی فراوان:
کێشاوەیی بە بیرۆکەکانی سیاسیی بڵغاری گۆرگی دیمیترۆف دەربارەی کۆکردنەوەی هێز و توێژە جیاوازەکان لە دەوری ئامانجێکی نیشتیمانیی هاوبەش لە بڕی قەتیسکردنی بزووتنەوەکە لە تەنها ئاراستەیەکی ئایدۆلۆژیدا. شوێنپەنجەی ئەم ڕوانگەیە لە بیرۆکەکانی مستەفا بارزانیدا بەدیدەکرێت، بە تایبەتی لە وتارەکەی باکۆ لە ساڵی ١٩٤٨ دا.
دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان
لە سەرەتاوە پارتی پەیوەندیی دروست کرد لە نێوان چارەسەرکردنی پرسی کورد و سروشتی سیستەمی سیاسیی لە عێراقدا. دروشمی “دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان” دەربڕین بوو لەو تێگەیشتنەی، کە مافەکانی کورد ناکرێت بە شێوازێکی جێگیر لە ناو دەوڵەتێکی سەنتریالی دیکتاتۆریدا دەستەبەر بكرێن.
شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ بەرزترین دەربڕینی ئەم ڕێبازە بوو، کە سەرەنجام بە ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ کۆتایی هات کە بنەمای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی پەسەند کرد. هەروەها کۆنگرەی سێیەم لە ساڵی ١٩٥٣دا شاهیدی وەرچەرخانێکی چەمکیی گرنگ بوو بە گۆڕینی ناوی حیزب لە “کوردی”یەوە بۆ “کوردستانی”، تاوەکو لە ئینتیمای نەتەوەیی تەسکەوە بپەڕێتەوە بۆ چەمکی نیشتیمان و جوگرافیای سیاسیی هاوبەش کە جێگەی سەرجەم پێکهاتەکانی تێدا ببێتەوە.
توانای سەرهەڵدانەوە و گۆڕانکاری بە ئاراستەی قەوارەی دەستووری
توانای پارتی بۆ وەرگرتنەوەی دەستپێشخەری دوای نسکۆ گەورەکان بە ڕوونی دەرکەوت؛ دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ دا، شۆڕشی ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦ دەستیپێکرد تاوەکو بەردەوامیی خەبات ڕابگەیەنێت. لەم قۆناغەدا ڕۆڵی سەرۆک مسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی لە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکان و ناوبژیوانی لە نێوان هێزە کوردستانییەکاندا دەرکەوت، کە زەمینەی خۆشکرد بۆ دامەزراندنی بەرەی کوردستانی و ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١، کە ڕێگەی لەبەرەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی ١٩٩٢دا کردەوە.
پارتی بە شێوازێکی کارا بەشدار بوو لە قۆناغی ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و داڕشتنی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا کە دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت وەک هەرێمێکی دەستووریی فیدراڵی. ئه‌مڕۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتیی وێنەی قوتابخانەی دیپلۆماسیی ڕابەرایەتیی کوردستان دەکات، لە کاتێکدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی ڕابەرایەتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابووری و گەشەپێدانەکان.
ئایندەی پرسەکە و ئاڵنگارییەکانی نوێبوونەوە
کورد بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ ڕووبەڕووی توندترین هەڵمەتەکان بوویەوە دژ بە خواستەکانی و قوربانیی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییەکانیان بوو، کاتێک ئاواتەکانی بەر چاوچنۆکی دەستبەسەرداگرتن و شۆڤێنیزم و ڕەگەزپەرستیی حوکمڕانە دیکتاتۆرەکان کەوتن. لەم ڕوانگەیەوە وتە ناودارەکەی سەرکردەی نەمر مەلا مستەفا بارزانی دەرکەوێت کە گوتی: “شۆڕش و جەنگ دژ بە حکومەتەکان بە مانای جەنگ دژ بە گەلەکانیان نایەت، چونکە حکوومەتەکان دەڕۆن و گەلانیش دەمێننەوە.”
دوای هەشتا ساڵ، هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان گەورەترین هێزی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا. سەرەڕای بەدەستهێنانی هەرێمێکی دەستووری و دامەزراوەیی فەرمی، بەڵام پرسەکانی جێبەجێکردنی دەستوور، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و مافە داراییەکان هێشتا بە کراوەیی ماونەتەوە.
بەردەوامیی ئەم پەیامە مێژووییە لە ئەمڕۆدا پێویستی بە گونجاندن هەیە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و ئاراستەکردنی وتار بۆ نەوە نوێیەکان، تاوەکو بچنە ناو شەڕە هاوچەرخەکان لە ئابووری، پەروەردە، تەکنەلۆژیا و دیپلۆماسییەتدا، هاوکات بە پاراستنی نەگۆڕە نەتەوەیی و نیشتمانەییانەی کە پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەسەریان بونیاد نراوە.