هەڵمەتی دژایه‌تیی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی خزمەت بەکێ دەکات؟

220

لوقمان بەرزنجی – ئەڵمانیا
دیاردەی بێڕێزیكردن بە هێما پیرۆز و سەرکردە و سیمبولە نەتەوەییەکانی کورد (وەکوو شێخ عوبه‌یدوڵڵای نەهری و شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی و شێخ مەحموودی حەفید و شێخ سەعیدی پیران و قازی محه‌مه‌د و سمکۆی شکاک). زۆر کۆنە شتێکی تازە نییە لای خەڵکی کوردستان نامۆ بێت، بەڵکوو زۆر دەمێکە دوژمنانی کورد کار لەسەر بێ بایەخ کردنی ئەو ناوە پیرۆزانە دەکەن وەک خەڵکی سادە و نەخوێندەوار پێناسەیان دەکەن و هەزار و یەک بوختانیان بۆ هەڵدەبەستن.
ماوەی چەند ڕۆژێکیشە هەڵمەتێکی گەرم بۆ سەر مەلا مستەفا بارزانی، دەستی پێکردووە و لایەنەکەش ئاشکرایە کێیە. ئەم هەڵمەتە کاردانەوەیەکی سیاسی و هەڕەمەکی نییە. بەڵکوو پاشخانێکی بەرنامەڕێژیی سیاسی، فکری و دەروونی لەپشتە کە لە کۆڵانە تەسک و تاریکەکانی یه‌کێک لە وڵاتە ئیقلیمییه‌ زلهێزەکان داڕێژراوە وەک ئەوانەی سەدەیەک لەمەوبەر بۆ سەرکردەکانی کورد دادەڕێژرا. ئامانج و مەبەستەکان لە پشت ئەو سوکایەتیکردنەکە لاوازکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و سوکایەتیکردنە بە سیمبولەکان کە هۆکاری سەرەکی یەکگرتوویی و کۆکەرەوەی نەتەوەکەمان بوونە لە قۆناغە جیاجیاکاندا. هەروەها شێواندن و سوکایەتیکردن پێیان بە مەبەستی شکاندنی شکۆی نەتەوەیی و کاڵکردنەوەی هەستی ئینتیما و شانازییە بە ناسنامەی کوردییەوە، ئەو هەڵمەتەی ئێستای گرووپەکەی شاسوار و دەزگا ڕاگەیاندنەکەی مەبەستی تێکدانی باری دەروونی کۆمەڵگەیە و نەهێشتنی متمانە و بێ ئومێدی، شکاندنی باری دەروونیی تاکەکانی کۆمەڵگە (خۆکەمبینین)، تا تاکەکان بڕوایان بە پاشەڕۆژی نەتەوەکەیان نەمێنێت. بەچاوی گومانەوە لە هەر سیاسییەک و سەرکردەیەک بڕوانن و هەموو بە خائن بزانن. ئێستا دوژمنانی کورد لە ڕێگەی داڕشتنی بەرنامەی شەڕی دەروونی هەوڵ دەدەن خەبات و قوربانیدانی مێژوویی گەلی کورد بە بێبایەخ یان ڕووداوێکی نەرێنی نیشان بدەن وەک یاخی بوون و هەڵخەڵەتێنراو نیشان بدەن. ڕابردووی هەموو سەرکردەکان بە خیانەت و نەخوێندەوار و جاهیل پێناسە بکرێت. ئێستا بەرنامەڕێژەیەکی زۆر دەکرێت بە هاندانی ململانێی ناوخۆیی و دروستکردنی کەشێک کە تاکەکان لەسەر بەها پیرۆز و نەتەوەییەکان ببنە چەند بەرەیەکی دژبەیەک. دەزگا هەواڵگری و هێندێک لە ڕاگەیاندنەکانی ئاشکرا و نەیاری سێبەر زۆرجار ڕژێم یان گرووپە دژەکوردەکان لە ڕێگەی شەڕی نەرم و بەکارهێنانی سوپای ئەلیکترۆنی کەشێک دروست دەکەن بۆ بێڕێزیکردن بە هێما و سیمبولە کوردییەکان. ئایدۆلۆژیا شۆڤێنیستەکان، بە چاوی سەردەست و نەتەوەی باڵادەست دەڕواننە گەلی کوردستان. هەڵبەت تێکەڵکردنی ڕەخنە لە دەسەڵات لەگەڵ سیمبولە نەتەوەییەکان هەڵەیەکی گەورەیە. بەشێک لە تاکەکان تەنیا بۆ ڕاکێشانی سەرنج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا (پەیداکردنی ڤیو و لایک) بێڕێزی بە سیمبولەکان دەکەن. ئەم هەڵمەتەی ئێستا لە دژی مەلا مستەفا بارزانی لە بەرژەوەندیی کێیە؟ لە پلەی یەکەمدا لە بەرژەوەندی ئەو لایەنانەیە کە ئارەزووی بەهێزبوونی پێگەی کورد و کیانی سیاسیی کورد ناکەن. چونکە نەتەوەیەکی بێ سیمبول و لێک بڵاو ئاسانتر ئاراستە دەکرێت و کۆنترۆڵ دەکرێت. داگیرکەرانی فکری ئەو لایەنانەی دەیانەوێت ئەجێندای کولتووری یان سیاسیی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا بسەپێنن بە بێبایەخ کردنی کلتوور و مێژووی ناوخۆیی. لە نێوان ڕەخنە و سوکایەتیكردن جیاوازییەکی زۆر هەیە. دەبێت ڕەخنەی زانستی و مێژوویی لەگەڵ سوکایەتیکردن تێکەڵ نەکرێت. چەند ساڵێک لەمەوبەر نەوشیروان مستەفا هەڵمەتێکی زاڵمانەی دەرهەق بە مام جەلال دەستپێکرد و کەوتە هەڕەشەی ئەوەی بەڵگەنامە بڵاو دەکاتەوە . بەڵام هەرزوو ئەو هەڵمەتەی ڕاگرت و درکی بەوەکرد، ئەوەی ئەو دەیکات دەبێتە مایەی دڵخۆشیی نەیارانی کورد و بێ ئومێدی گەلەکەمان بە سەرکرده‌یەکی وەک مام جەلال. ئێستاش ئەو هەڵمەتەی ڕاگەیاندنی شاسوار عەبدولواحید لەدژی مەلا مستەفا بارزانی چەند ڕۆژێکە دەستیان داوەتێ بەشێکە لە بەرنامەی دوژمنانی کورد کە پێشتر بۆ شێخ عوبه‌یدوڵڵای نەهری و شێخ مەحموودی حەفید و شێخ سەعیدی پیران و قازی محه‌مه‌د و سمکۆی شکاک دایانڕشتبوو. ئەو هەڵمەتە جگە لە دڵخۆشکردنی دوژمنانی کورد هیچ مانایەکی دیکە هەڵناگرێت و ئەوەش دەچێتە خانەی خیانەتێکی مێژوویی گەورە. دەرهەق بە خەباتی گەلی کوردستان لە پێناو وەده‌ستهێنانی مافی ڕەوای گەلەکەمان. هەر کەسێک و لایەنێکی سیاسی ئەنجامی بدات ئاکامەکەی زبڵدانی مێژوو و ڕیسوا بوونە. وەک ئەو هەموو هەڵمەتەی بەر لە شاسوار عەبدولواحید لەسەر هێما پیرۆزەکانی کورد کردیان دواجار کەوتنە ناو زبڵخانەی گەورەی مێژووەوه‌ و ناوی جوان و پیرۆزی هێماکانیش هەر لە بەرزی دا شەکاوەیە.