د. نالی عه‌بدوڵڵا خدر
سەرەتای سەدەی بیستەم بۆ زۆرێک لە گەلانی جیهان وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو بەرەو بونیادنانی قەوارەی نەتەوەیی و سەربەخۆیی، بەڵام بۆ گەلی کورد ئەم قۆناغە بووە دەسپێکی تراژیدیایەکی قووڵ و دابەشکارییەکی نادادپەروەرانە. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ببووە جێی ململانێی هێزە کۆڵۆنیاڵیزمەکانی وەک ئینگلتەرا و فەڕەنسا، لە ڕێگەی ڕێککەوتنامەی سایکس- پیکۆوە نەخشەیەکی نوێی بۆ کێشرا کە تێیدا خاکی کوردستان کرا بە چوار پارچەوە.
ئەم دابەشکارییە نەک هەر کوردی لە مافی بوون بە دەوڵەت بێبەش کرد، بەڵکو گەلی کوردی ڕووبەڕووی زنجیرەیەک لە ستەم، چەوساندنەوە و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە کردەوە لەلایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانەوە، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس کە پەنای بۆ دڕندانەترین شێوازەکانی وەک ئەنفال، کیمیاباران و تەعریب برد. مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و وەک چۆن فەیلەسوفی گەورە ئەفلاتوون ئاماژەی بۆ دەکات، پێویستی بە قەوارەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک دەوڵەت هەیە تا تێیدا بە شکۆوە بژی. بۆ کورد، پرسی سەربەخۆیی تەنیا خواستێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو هەوڵێک بووە بۆ گەڕانەوەی ئەو کەرامەتە مرۆییەی کە لە سایەی داگیرکاریدا لێی زەوت کراوە. لەم نێوەندەدا کاتێک ڕێگاکانی خەباتی سیاسی و سەربازی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبوونەوە، ئەدەب و بەتایبەتی شیعر دەبووە تاکە سه‌نگەر بۆ پاراستنی بیری کوردایەتی و هۆشیارکردنەوەی تاکی کورد. لەناو ڕەوتی شیعری بەرگریی کوردیدا عەبدوڵڵا پەشێو وەک یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین دەنگەکان دەردەکەوێت. پەشێو تەنیا شاعیرێکی خەیاڵ پڵاو نییە، بەڵکو ئەو شاعیری نەخشە و خاک و سەربەخۆییە. شیعرەکانی پەشێو ئاوێنەی ئازارەکانی نەتەوەیەکی پارچەپارچەکراون، ئەو بە زمانێکی زبر و ڕاستگۆیانە دژی سنوورە دەستکردەکان دەوەستێتەوە و نەوەکانی دوای خۆی فێری عەشق و ناسینەوەی خاکی کوردستان دەکات. ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌ تیشک بخەینه‌ سەر ئەو پەیوەندییە ئۆرگانییەی لە نێوان پارچەپارچەبوونی خاک و ڕەنگدانەوەی لە گوتاری شیعری پەشێودا هەیە و بزانین چۆن شاعیر توانیویەتی مێژوویەکی پڕ لە شکست و ستەم بكاتە هەوێنی تێکۆشان و ئومێد بۆ گەیشتن بە کەناری سەربەخۆیی.
(بیری کوردایەتی بووەتە هۆی خوێندەوار و ڕۆشنیری کورد لە ئیدیۆلۆجیەت و فەلسەفە و تیۆرییە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری بگەڕێ بۆ ئەوەی بەکاری بێنێ لە پێناوی هێنانەدی ئامانجەکانی کوردایەتی)(مارف خه‌زنه‌دار، ل 280). شۆڕشگێرانی کورد و بەتایبەتی ڕۆشنبیر و کەسانی خوێندەوار دەستیان بۆ هەموو شتێک بردووە تاوەکوو بەرچاوی میللەتەکەیان ڕووناک بکەنەوە و پێیان بڵێن: کوردایەتی لەسەرووی هەموو ئامانجەکانتانەوە بێت چونکە ئەوەی دەیکەین ئەگەر لە سوودی میللەت و کۆمەڵگای کوردی نەبێ ئەوا کردن و نەکردنی ئاساییە.
(ئەفلاتون لەو بۆچوونەیدا بەوە پشت ئەستور بووە کەمرۆڤ لە سروشتەوە گەوهەر و بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی یە ناتوانێ بەبێ خێزان و کۆمەڵ شار و دەوڵەت ژیانی بەسەربەرێت، ناچاری و پێداویستی کۆمەڵایەتی دەبنە مایەی ئەوەی شار «دەوڵەت» یەکەم ڕێکخراو و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێت)(حه‌مید عزیز، ل 136). ئەو بۆچوونەی ئەفلاتون زۆر لەشوێنی خۆیەتی بەوەی پێویستیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی وا لە مرۆڤ دەکات شار و وڵات دروست بکات و بەشێوەیەکی سەربەخۆ ژیانی بەڕێ بکات (سەربەخۆیی بەمەسەلەیەکی ڕێژەیی دادەنرێ و ئەو مەسەلەیە مەسەلەیەکی ڕەها نییە، بۆیە دەبێ لەبری ئەوە باس لە زۆرترین بڕی سەربەخۆیی و زۆرترین بڕی توانای خۆ ڕاپسکاندن (خۆلادان) لە دەست تێوەردانی دەرەکی بکرێ چونکە جیهانی ئەمڕۆ جیهانی پشت بەیەکتر بەستنە)(فه‌رهاد جه‌لال، ل 213).
بابەتی سەربەخۆیی لە میللەتێک بۆ میللەتێکی تر دەگۆڕێ، واتە هەمووان حەزیان لە سەربەخۆییە بەڵام ڕێژەکەی گۆڕانی دێتە سەر. هێز لەسەربەخۆیی و یەکگرتوییە، لەژیانی ئەمڕۆ و سەدەی بیست و یەک وڵاتان هاوکاری یەکتر و پشگیری یه‌کتر بکەن تاوەکو ژیانێكی جوان به به‌ر میلله‌تی خۆیان دا بكه‌ن، دوای هاتنه‌سه‌ر حوكم و گرتنی دەسەڵات هەموو ڕژێمە یەک له‌دوای یه‌كه‌كانی عێڕاق سته‌میان له‌ كورد كردووه‌ به‌ڵام گەورەترین ستەمکار ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن بوون.
ئەو سیاسەتەی ڕژێمی بەعس بەدوو شێوە بوو لە بەرامبەر گەلی کورد یەکەم: کوشتن و کیمیا بارانکردنی کوردستان و ئۆپەراسیۆنی بەناو ئەنفال، ئەمانە بەئاشکرا و بەبەر چاوی هەموو وڵاتانی دنیا ئەنجامیدان. دووەم: بەشێوەیەکی نهێنی هەستا بەدەرکردن و زەوی کڕین و گۆڕینی بایۆگرافیای کوردستان ئەمەش لەژێر ناوی (تەعریب) دابوو. (پەیڕەو کردنی ئەو سیاسەتەی بەعس لەهاندانی عەرەب بۆ زەوی کڕین و هاندانی کورد بۆ زەوی فرۆشتن، لەکاتێکدا بوو کە لە ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین و شەنگال، کورد زەوی کڕینی لێ قەدەغە کرابوو)(فه‌ره‌یدوون عبدالرحیم، ل١98).
(سیاسەتی رژێمی بەعس بەرامبەر کورد و ناوچەکانی کوردستان سیاسەتێکی رەگەزپەرەستانەی دوور لەهەموو بەهایەکی مرۆیی بووە)(فه‌ره‌یدوون عبدالرحیم، ل201)شۆڕشەکانی کورد بەردەوامی هەبوو ستەم و زۆرداری دوژمنانی کوردیش قوڕستر و گەورەتر و ناخ هەژێنتر خۆی دەنواند. بۆیە هەموو کوردێک لەخۆی دەپرسی: (ئەوە کوردستانە و پارچە پارچە کراوە، بەسەر دوژمنە جۆراو جۆرەکانی دابەشکراوه‌، هەر ئەوانیش دەوریان داوە)(عه‌بدوڵڵا خدر، ل84).
هەستی سەربەخۆیی و وڵاتی سەربەخۆ و لادانی سێبەری ستەمکار لەسەر کوردستان لەبیر و هۆشی هەموو کوردێک سەری هەڵداوە لەنووسینی زۆربەی نووسەران و شیعری زۆربەی شاعیران ڕەنگی داوه‌ته‌وه‌. پەشێوی تینووی سەربەخۆیی وڵات و خاکی کوردستان، پەشێوەی دوژمنی سنوورە دەستکرد و ڕژێمە فاشیستەکان، پەشێوی دوژمنی پارچە پارچەبوونی وڵات لە شیعرەکانی زۆر بە هەڵوێستەوە باسی وڵات و سەربەخۆیی و ئاکامە خراپەکانی ژێر دەستەیی و ستەمی ستەمکاران، لە تابلۆ جوانەکانی، وێنە ڕەنگاوڕەنگەکانی ناو دیوانەكانی نەخشاندووە.
پەشێو له‌م شیعره‌ی خواره‌وه دەڵێ:
من كوردێكم…
هه‌رچه‌ند ئه‌مڕۆ ده‌نگ هه‌ڵبڕم،
ده‌نگم نییه.
من كوردێكم…
هه‌رچه‌ند ئه‌مڕۆ خۆم نیشانده‌م،
ڕه‌نگم نییه.
كوردستانی گه‌وره‌ و مه‌زن،
وه‌ك خه‌رمانی جوتیاری كورد به‌ش كراوه‌!
باستیلێكه‌،
توند كوردی تێ ئاخنراوه‌.
(عەبدوڵڵا پەشێو، پشت له‌ نه‌وا ل164)
کوردستانی گەورە و مەزن، وەک خەرمانی جوتیاری کورد، بەشکراوە… باستیلێکە، توند کوردی تێ ئاخنراوە. باستیل (زیندانێکی زۆر بەناوبانگی فەڕه‌نسییە) لەچاو زیندانەکانی ڕژێمی دوژمنی سەرسەختی کورد (نوگرە سەلمان و قه‌سری نیهایە) وەک پارک و باغچە وابووە. تا خاوەنی ماڵ و حاڵ، خاک و کوردستانی خۆمان نەبین دەنگ و ڕەنگ، ئەوانی تریشمان نابێت.
دواتر ده‌ڵێ:
په‌یمان…
په‌یمان…
هه‌زار په‌یمان.
كه‌ ڕزگار بووم
له‌و گه‌رده‌لوله‌ی تێیكه‌وتووم،
ئه‌وسا برۆم،
تا له‌ خاكی فه‌له‌ستینی ئاسمان گه‌شا،
نه‌ك هه‌ر له‌وێ،
له‌ جه‌نگه‌ڵه‌ چڕه‌كانی ناو ڤێتناما،
له‌ ئه‌فریقای قوله‌ڕه‌شا
له‌ ئێرتیریای بێ به‌هارا،
له‌ هه‌ر خاكێك دۆلار بژی،
بژینمه‌وه‌ سه‌د گیڤارا!
(عەبدوڵڵا پەشێو، پشت له‌ نه‌وا ل165)
عەبدوڵڵا پەشێو لەم شیعرەدا ناسنامەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی کورد دەخاتە ڕوو. شاعیر بە ئازارێکی قووڵەوە باس لە بێدەنگی و نامۆیی ناچاری کورد دەکات – «دەنگم نییە» و «ڕەنگم نییە» – کە ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی ناسنامە لە ژێر دابەشکردن و زۆرداریدا.
پەشێو کوردستانی پارچەکراو بە خەرمانی بەشکراو هاوسەنگاندووە، کە وێنەیەکی جوانە لە تراژیدیای نەتەوەیەکی دابەشکراو. بەڵام لە بەشی دووەمدا، هەست بە بەرفراوانی بیرکردنەوە دەکرێت ئینته‌رناسیۆنالیزم لەگەڵ فەلەستین، ڤیەتنام، ئەفریقا و ئێریتریا، ئاماژە بە چێگیڤارا، کە نیشانەی نزیكی خەباتی کوردییه‌ بە شۆڕشە جیهانییەکان دژ بە ئیمپریالیزم، شیعرەکە تێکەڵەیەکە لە قوڵی نیشتمانپەروەری و ئینتەرناسیۆنالیزمی شۆڕشگێڕانە.
له‌شیعرێكی تردا به‌ ناونیشانی بۆ شۆڤێنیم؟ ده‌ڵێ:
وا ڤێتنامی
بۆ ڤێتنامیان سه‌رداده‌نێن.
فه‌له‌ستینی ده‌مرن، ده‌ژین،
بۆ هه‌ر دڵۆپه‌ئاوێكی،
بۆ هه‌ر به‌ردێكی فه‌له‌ستین.
ئه‌گه‌ر منیش داوا بكه‌م
سه‌ربه‌ست بژیم، وه‌كوو پیاو،
له‌كوردستانێكی ئازاد،
نه‌ك له‌تله‌ت و پێشێل كراو،
بۆ شۆڤێنی و خۆپه‌ر‌ستم؟
ده‌پێم بڵێ، خۆشه‌ویستم،
بۆ شۆڤێنی و خۆپه‌ر‌ستم؟
(عەبدوڵڵا پەشێو، پشت له‌ نه‌وا ل246)
پەشێو وەکو ئێمە دەزانێ، کە هەموو کەسێک وڵات و نیشتیمانەکەی خۆی خۆشدەوێ! بەڵام ئەو وەکوو نموونە ناوی دوو نەتەوەی هێناوە (ڤێتنامی، فەلەستینی) کە ئەم دوو نەتەوەیە بۆ بەدەست هێنانی ئازادی و سەربەستیان تایبەتمەندییەکی جیا لەوانی تریان هەیە و تێکەڵ بەوێنە شیعری کراوە و مافی خۆیانە. بەڵام ئەگەر شاعیریش وەک هەر میللەتێکی تری سەر ئەم زەمینە (وەکوو پیاو) داوابکا سەربەست بژی لە وڵاتی خۆی كه‌ کوردستانه‌، نەک لەت لەت و پێشێل و بێ حورمەتکراو (بۆشۆڤێنی و خۆپەرستم)! جارێکی تریش دووبارەی دەکاتەوە بۆ شۆڤێنی و خۆپەرستم. ئەم شیعرە ساڵی (١٩٧٠) نووسراوە، ئەوسا دەسەڵاتداری ڕەگەزپەرست بەردەوام ئەو بانگەشەی بۆ دەکرد، کەسانێکیش هەڵگری هەمان بۆچوون بوون! دەسەڵاتداری دیکتاتۆر و نادادپەروەر هەمووشتێک بۆ خۆی بەحەڵاڵ و ڕەوا دەبینێ و بۆ بەرامبەر و ژێردەستەکەی نا، ئەوەی ئەو حەزی لێبکا ئەوه‌ دەسەپێنرێ و ئەوانی تریش هیچ حسێبێكیان بۆ ناكرێ! کورد لەمێژە گوتویەتی:
(بانێکە و دوو هەوا).
له‌م شیعره‌ په‌شێو باسی خۆڕاگری ده‌كات و ده‌ڵێ:
کاتێ خوێنم فڕکەی کرد و
وەکوو چەپکەگڕێک پژا
بەسەر عەردا،
جەللادەکان
هاتن.. پەنجەیان تێوەردا
هاتن.. چیلکەیان تێوەردا:
پیتی ناوێکی سەربڕاو،
نەخشەی وڵاتێکی دزراو،
تێکەڵاو بوون وەک تانوپۆ.
یەکاڵایان نەکردەوە،
هەرچەند پەنجەیان تێوەردا،
هەرچەند چیلکەیان تێوەردا!
(عەبدوڵڵا پەشێو، پشت له‌ نه‌وا ل312)
لەم شیعرەدا وێنەیەکی سیمبۆلی بەهێز دەخوڵقێنێت: خوێن وەک چەپکەگڕێک کە بەسەر زەویدا پژاوە، نیشانەی ڕووخانی ناسنامەی کوردییە. جەللادەکان بە پەنجە و چیلکەیانەوە هەوڵی لەناوبردنی ئەم ناسنامەیە دەدەن، بەڵام سێ توخم و پێكهاته‌ی‌ سەرەکی بەرگری ده‌كه‌ن: پیتی ناوێکی سەربڕاو (زمان)، نەخشەی وڵاتێکی دزراو (خاک) و تانوپۆ (کەلتوور). (ئه‌و نه‌یارانه‌مان ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ كردوویانه‌، زۆر بێ ڕه‌حمانه‌ و دڵڕه‌قانه‌ بووه‌ و هیچ درێغی له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ڕێگایه‌كان نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ هیچ شتێ سڵی نه‌كردووه‌ته‌وه‌ نه‌یگرێته‌به‌ر، بۆیه‌ هه‌ر كرده‌ی ئێمه‌ و برده‌ی ئه‌وان بووه‌ تا بۆ كۆیله‌كردن و هێشتنه‌وه‌مان به‌ برای بچووك چی خێر و بێری وڵاته‌كه‌مان هه‌یه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن) (ئازاد عه‌بدولواحید، ل137). ناسنامەی کوردی لە ڕووی فیزیکییەوە پارچەپارچە کراوە، بەڵام لە ڕووی مەعنەوییەوە شکستنەناسە.
شاعیر له‌م شیعره‌ باسی مێژووی دوور و درێژی گه‌لی كورد ده‌كات و ده‌ڵێ:
کاتێ ڤالیا لێم دەپرسێ :
((کەی پێت نایە ئەم دنیایە؟))
پێکەنینم، وەکوو چووزەرە ڕێواسێک،
لەژێر بەفری دەم و لێوما سەر دەردێنێ.
پێکەنینم – گریانێکە،
زەردەخەنەی هەموو دنیا دەگەچڵێنێ !
بەڵێ ڤالیا !
نیاندەرتاڵ بووم
کاتێ پێی خۆم نایە دنیا.
بە چاوی خۆم
چاخی هەموو پێغەمبەرەکانم دیوە.
کاروانی مێژووی شەرمەزار
بەسەر لۆچی ناوچەوانما تێپەڕیوە.
کەچی هێشتا…
ئۆفیسە قۆڵبڕەکانی
ئەم چاخە ویژدان تۆپیوە
لە دەفتەری زیندوواندا
ناوی منیان نەنووسیوە !
(عەبدوڵڵا پەشێو، پشت له‌ نه‌وا ل314)
په‌یامی په‌شێو بۆ ڤالیایه یان بۆ نه‌وه‌ی داهاتووه‌، چونكه په‌شێو ده‌یه‌وێ كه‌سێكی مرۆڤدۆست و وشیار بەرهه‌م بهێنێ (مرۆڤ ده‌زانێت ئه‌و تاكه كه‌سێكی بیركه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌زموونكه‌ره‌، خاوه‌ن یاده‌وه‌رییه‌، پلاندانه‌ر و به‌رنامه‌دانه‌ره‌)(ڕێبوار سیوه‌یلی، ل75). کۆمەڵە وێنەیێکی ڕەنگاو ڕەنگ بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێک. ڤالیا دەپرسێ، کەی لەدایک بووی؟ شاعیر پێکەونیوە! پێکەنینەکەی وەکوو چووزە ڕێواسێک، لەژێر بەفری دەم و لێوی سەر دەردێنێ! پێکەنین و گریانی بەکوڵ، تێکەڵ و ئاوێتەی یەکتر دەبن و کاردانەوەکەی لەئاستی دنیا خۆی دەنوێنێ و زەردەخەنەکانی قەد و ڕێکیان لەناودەبا. بەڵێ ڤالیا، کە مێژوو باس لە مرۆڤی نیانده‌رتاڵ دەکا، ئەوە من بووم. هەموو زەمانە و سەردەمی پێغەمبەرەکانم بینیوە. هەموو کاروانە شەرمەزارەکانی مێژوو به‌سه‌ر لۆچ لۆچه‌کانی نێوچەوانما گوزەریان کردووە. ئێستاش له‌ زۆر ناوەندی سەر ئەم زەمینە، لە وڵات و نیشتمانی خۆم نە ماڵ و حاڵم هەیە نە (دەفتەر نفووس) بیانی خاوەن هەموو شتێک و پلەیەکن، منی خاوەن زەوی و ئاسمان کۆیلە و له‌ پلەی ده‌یه‌مم. پەشێو ڕاستی کردووە، ئەم کارە هەر لەو چاخ و زەمانە وێژدان تۆپیوە دەوەشێتەوە! کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت کورد ناوی لەدەفتەری زیندواندا تۆمار نەکراوە! لە هیچ شوێنێک و لایەک ناوی نەنووسراوە.
له‌په‌یامێكی تر بۆ نه‌وه‌كانی دواڕۆژ به‌ناونیشانی نه‌خشه‌ ده‌ڵێ:
مناڵەکان،
کتێبەکانتان وەلانێن !
کاغەزێک و هەندێک قەڵەم
لەبەردەمی خۆتان دانێن.
وێنەی پەڵەهەورێک بکەن ڕەنگاوڕەنگ بێ .
با لەسەری هەسپێک بکا،
مووگزنگ و چاوپەرەنگ بێ.
پەڵەهەورەکەم نیشان دەن !
لە چی دەچێ؟
سەری هەسپێ؟
تا شل دەبن تەماشای کەن،
با لە مێشک و خوێن بچەسپێ
(عه‌بدوڵڵا په‌شێو، هه‌سپم هه‌وره‌، ل182)
لە پەراوێزی ئەم پارچەیەدا، باس لە نەخشەی سێ وڵات کراوە، کە بە وردی ته‌ماشای نەخشه‌کانیان بکەی لە وێنەی شتێك ده‌چن. نەخشەی ئیتالیا لە جزمەیێک دەکاو به‌ جزمە دەچوێنرێ، نەخشەی فینلاند بە کچێکی سەماکەری یەکدەست دەچێ، ئێرانییەکانیش نەخشەی وڵاتی خۆیان بە پشیلە دەشوبهێنن.
ئەم پارچە شیعرە بۆنی شیعری فێرکردنی (Didactic)ی لێدێ. پەشێو وەکوو مامۆستا لە پۆلەکەدا زانیاری و ڕێنمایی بە قوتابیەکانی دەدا، دەسپێک بە ئیشارە و هێما، دواتر بە دەنگ دەڵێ: کتێبەکانتان وەلانێن، كاغه‌ز و قه‌له‌می ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌به‌رده‌م خۆتان دانێن. بەهێمنی و لەسەرخۆ هەموو هێلکارییەکان لە قوتابییەکان دەگەیێنێ، پەلە هەورێکی ڕەنگاوڕەنگ، با لەسەری ئەسپ بچێ! موو گزنگ و چاو پەرەنگ بێ. بەڕوویێکی خۆشەوە، داوا لە قوتابییەکانی دەکا وێنەکانیان نیشانبدا و دواتر دەڵێ:
لەچێ دەچێ؟
سەری هەسپێ؟
ئەو نەخشەیە ئەوەندە پیرۆز و خۆشەویستە، هەر دەبێ تێکەڵ بەمێشک و خوێن بێ و لەو دوو شوێنە هەستیارە بەچەسپاوی بمێنێته‌وه‌. ئەمە دوایین داوای مامۆستای نەتەوەییه‌.
لای په‌شێو کورد لە فریودانێکی سیاسیدا بێهەست و بێئاگایە و له‌ شیعرێك به‌ ناونیشانی ئۆتۆنه‌مان ده‌ڵێ:
کورد: مریشکەڕەشەیەکە
بە تۆپیش ناجوڵێتەوە.
نازانم ماوە یان مردووە.
دەیان ساڵە
لەسەر لوغمی ئۆتۆنۆمی …کڕ کەوتووە!
(عه‌بدوڵڵا په‌شێو، هه‌سپم هه‌وره‌، ل262)
پەشێو لەم شیعرە کورتەدا ڕەخنەیەکی توندی سیاسی دەخاتەڕوو. وێنەی مریشکەی ڕەش سیمبۆلێکی بەهێزە بۆ کورد – گیانلەبەرێک کە تەنانەت بە تۆپیش هەستی نییە، لە نێوان ژیان و مەرگدا مابێتەوە. لوغمی ئۆتۆنۆمی وەک فریوێک دەخاتەڕوو کە کورد دەیان ساڵە تێیدا کڕ کەوتووە! ئاماژەیە بۆ بەڵێنە سیاسییە پووچەڵەکان. شاعیر دەپرسێت: ئایا کورد هێشتا زیندووە یان مردووە؟ ئەم دوودڵییە نیشانەی بێدەنگی و بێهەستی نەتەوەیەکە کە لە ژێر ناوی ئۆتۆنۆمیدا دەستی بە ئازادی ڕاستەقینە نەگەیشتووە، شیعرەکە هانی بیرکردنەوە و بەئاگاهاتن دەداتەوە.
په‌شێو دوو داوای هه‌یه‌، یه‌كێكیان ژیانێكی نوێ، دووه‌م پارچه عه‌ردێ تێیدا بژیت وه‌ك خاوه‌ن ماڵ:
ژینێکی ترم خەڵات کە، خوایـە!
با کـــورت بێ، وەک هی گوڵ و پەروانـە،
بە هەر بستێ عــەرد من قنیات دەکەم،
بەڵام تیا نەژیم وەکوو بێگانە!
(عه‌بدوڵڵا په‌شێو، هه‌سپم هه‌وره‌، ل265)
كه‌من ئه‌و هۆنراوانه‌ی جوانیان لێ ده‌تكێ، له‌م هۆنراوه‌یه‌ په‌شێو داوایه‌كی هه‌یه به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجار جوان داوای كردووه‌، وه‌كوو ده‌ڵێن:
(هۆنراو هونه‌رێكی جوانه‌و ئه‌بێ ئه‌و جوانیه له‌خۆیا ده‌ركه‌وێ‌) (عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی، ل70).
ئەم دوعا و نزا بەهێزەی شاعیر، کە بە چەند وشە و ڕستەیێک کراوە، کاری خۆی لە دڵ و دەروونەکاندا دەکا. ئەم پاڕانەوەیە وانەیێكی نەتەوەییمان فێردەکا، کە ئێمە بەکەمترین شتەکانی ڕازین، ئەگەر هی خۆمان بێت! ئەو ژینەی خوا خەڵاتی بکا.
چ جۆرە ژینێک
كه‌م وه‌ك تەمەنی گوڵ و پەپوولە!
چه‌ندێتی
یەک بستە عارد.
چۆنیه‌تی
تەنیا مه‌رج خاوەن ماڵ بێت و نەک بێگانە!
سه‌رچاوه‌كان
• ئازاد عه‌بدولواحید، زنه‌، چاپخانه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2007.
• حه‌مید عه‌زیز (د)، هزری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌چوارچێوه‌ی سیستمێكی سه‌رتاپاگیردا، گۆڤاری رامان، ژماره‌(١١٠).
• ڕێبوار سیوه‌یلی، ترسان له‌فه‌لسه‌فه‌، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2013.
• عەبدوڵڵا پەشێو، پشت له‌ نه‌وا و ڕوو له كڕێوه‌، شیعر، چاپی سێیەم، كوردستان- هەولێر، 2008.
• عەبدوڵڵا پەشێو، هەسپم هەورە و ركێفم چیا، شیعر، چاپی سێیەم، كوردستان- هەولێر، 2008.
• عه‌بدوڵڵا خدر مه‌ولوود (د)، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌شیعری حه‌مدی، چاپ: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری/ هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2004.
• عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی، نرخ شناسی، بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردستان، چاپی یه‌كه‌م، سنه‌، 2018.
• فه‌رهاد جه‌لال مسته‌فا، رۆڵی ئاسایش له‌سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دا، گۆڤاری سەنتەری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی، ژماره‌ (68).
• فه‌ره‌یدوون عه‌بدولره‌حیم، بارودۆخی سیاسی کوردستان- عێراق، چاپخانه‌ی مناره‌، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر،2006.
• مارف خەزنەدار (د)، دیجلەی هیزرم، بەرگی یەكەم، چاپی دووەم، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، هەولێر، 2006.