سهرۆكی حکوومەت لەگەڵ شاندێکی بازرگانیی تورکیا کۆبووەوە، مەسرور بارزانی، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەربڕی.
ئهمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەکەم، مەسرور بارزانى سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە شاندێکی بازرگانی تورکیا کرد کە لە ژمارەیەک بازرگان و خاوەنکار و وەبەرهێنەری ئەندامی دەستەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوە ناسراو بە (دەییک) پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەدا کە ئانل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆکی حکوومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دووپات کردەوە و ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ بەهێزترکردنی بزاڤی بازرگانی لە نێوان هەردوولا دەربڕی .
ئەندامانی شاندەکە ئاماژەیان بە ئامانجی سەردانەکەیان کرد و کورتەیەکیان دەربارەی کۆمپانیاکانیان و چالاکی و پڕۆژەکانیان خستەڕوو، هەروەها خواست و ئارەزووی خۆیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و فراوانکردنی وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان نیشاندا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا.