خهبات: نادر ڕوستی:- پێگە و شوێنەواری شۆڕشی ئەیلوول لە زۆر ناوچەی كوردستان هەیە، بەتایبەت لە دەڤەری باڵەكایەتی، كە ناوەندی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوولی كردووە و بارەگای بارزانیی سەركردە و مەكتەبی سیاسی لێبووە. یەكێك لەو شوێنانەی بیرەوەری و یادگاری زۆری بۆ خۆڕاگری شۆڕش و هەزاران پێشمەرگە دروستكردوە نانەواخانەیەك بووە، كە نانی بۆ پێشمەرگەكانی سەنگەر دروست دەكرد، جگە لەوەی هەزاران پێشمەرگە و هاووڵاتی كە گوزەریان بەو شوێنە كردوە نانیان لێی بردوە یان خواردووە. نانەواخانەی شۆڕشی ئەیلوول، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش و لەسەر ڕاسپاردەی مەلا مستەفا بارزانی، ڕابهری شۆڕشهكه بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە دروست کراوە، ئێستاش لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆك مەسعود بارزانی، نانەواخانەكە لە شوێنی جاران نۆژەنكراوەتەوە و بووەتە هێمایەكی بەرچاوی ڕێبواران و گەشتیاران.
شوێنی نانەواخانەكه
ئەو شوێنەی نانەواخانەی لێ دروست كراوەتەوە، دەكەوێتە كۆسپێ سپی لەسەر ڕێگەی سۆران-چۆمان نزیك گوندی پیرەسووان لە سنووری شارۆچکەی ڕواندز، كە هەمان ئەو شوێنەیە كە نانەواخانەی شوڕشی ئەیلولی لێ دروست كرابوو، شوێنەكە ستراتیژییە و دەكەوێتە سەر ڕێگا، كە ڕۆژانە هەزاران رێبوار و هاووڵاتی و گەشتیار بە بەردەمی تێدەپەڕن و نانەواخانەكە دەبینن و دەپرسن ئەمە چی لێرە دروستكراوە؟
هونەر کاک ئەحمەد، بەرپرسی ڕێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول، لە بارەی نۆژنكردنەوەی نانەوەخانەكە بە خەباتی ڕاگەیاند: لە دیدارێکیاندا، سەرۆک بارزانی، پێی گوتوون، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول زۆر جار نانی لەو نانەواخانەیە خواردووە و خزمەتێکی زۆری پێشمەرگەی کردووە، بۆیە لەسەر پێشنیاز و ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی لە لایەن ریكخراوی نەوەكانی شۆڕشی ئەیلول دەست کرا بە دروستکردنەوەی نانەواخانەی شۆڕشی ئەیلوول لە هەمان شوێن جارانی خۆی. هەروەها گوتی: بڕیار بوو لە ساڵی 2020، ئەم نانەواخانە دروست بکرێت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونهوهی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە، كارهكانی دواخرا و لە 15ی مانگی ئایاری 2025 دەست کرا بە دروستکردنی، لە 24ی ئەیلوولی 2025 كرایەوە. ناوبراو ئەوەشی بە خەبات ڕاگەیاند: بڕیارە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك مەسعود بارزانی نانەواخانەكە لە داهاتوویەكی نزیكدا، دەست بە دروستكردنی نان بكات و بەبێ بەرامبەر پێشكەش پێشمەرگە و رێبوار و گەشتیاران بكات، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگ و وەرچەرخانێكی گرنگ دەبێت و زیاتر سەرنجی گەشتیاران ڕادەكێشێت و شوێنەكە زیاتر دەناسرێت.
شێوازی دروستكردن و خزمەتگوزاری
دیواری نانەواخانەكە لە بەرد و قوڕ دروستكراوە، سەربان و بنمیچی بەدار و چروو و قوڕ رێكخراوە، واتە هەمان شێوازی ڕەسەنی خۆی. لە دوو ژووری كراوە و یەك ناو هەیوان (ساڵە) پێكهاتووە، تەنووری نان و كەرستەكانی نان كەوتوونەتە هەیوان كە ڕووێكی كراوەیە، هەریەك لە ژوورەكان كە بۆ مانەوە و پشوودان و كۆگا بەكارهاتوو، ئەو كەلوپەلانەی لێپارێزراوە، كە بەكار هاتوون. لە هەمان شوێن پێشانگەی وێنەی كۆن و كاتی دروستكردنی نانەواخەنەكە لە گۆڕەپانێك ئامادە كراوە و گەشتیاران بە مێژووی نانەواخانەكە ئاشنا دەكات. لەسەر بەردێكی سروشتی ئاڵای بەرزی كوردستانیش بەسەر نانەوەخانە و دەوروبەری دەشەكێتەوە، لە نزیك نانەوەخانە فرۆشگایەكی پێداویستی و مزگەوتێك وەك خزمەتگوزاری بۆ گەشتیار و كاروانیان دروستكراوە، هەروەها چایخانەیەكی كوردەواری لەبەرامبەری دروستكراوە تاكو رێبواران و گەشتیاران لە كاتی سەردانی كردن و پشوو سوودی لێوەربگرن و چایەكی بە دار و پەنگر بخۆنەوە.
سەردانی گەشتیاران بۆ نانەواخانەكه
رۆژانە هەزاران رێبوار و گەشتیار بە ڕیگای بەردەمی نانەواخانەكان تێدەپەڕن و دەپرسن ئەم خانەوە كولتوورییە چیە لەو شوێنە؟، ئەوانەی وڵامیان دەست ناكەوێت، لادەدەن و گەشتێك بەناو نانەواخانەكە دەكەن و دیمەنەكان دەبینن و مێژووەكەی دەزانن و ئاشنا دەبن بە شۆڕشی ئەیلوول و نانەواخانەكە، هەروەها شوێنی پشوودان هەیە و پشوو دەدەن و پێداویستی خۆیان لەو فرۆشگایە دەكڕن كە لە هەمان شوێن بە شێوەی سەردەمیانە دروستكراوە، هەروەها دەستشۆر و شوێنی نوێژكردن دروستكراوە. بەپێی زانیاری وەرگیراو لە خاوەنی فرۆشگا، رۆژانی پشوو سەدان گەشتیار سەردانی نانەواخانەكە دەكەن ئاشنای شوێنەكە دەبن، ئەمەش خزمەتێكی زۆر بە گەشتیاران و بە ناساندنی مێژووی گەلەكەمان دەكات.