باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا هۆشداریی بە ئەمەریكییەكان دەدات، لەوەی بە هۆی تیرۆری میلیشیاكانەوە وریا بن، دەشڵێ، “میلیشیا تیرۆریستیەكانی سەربە ئێران لە خاكی عێراقەوە هێرش دەكەنە سەر ناوچەكە”.
ئەمڕۆ چوارشەم 29ی تەمووز باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا هۆشداریی بە ئەمەریكییەكان دەدات لەوەی بە هیچ جۆرێك سەردانی عێراق نەكەن، هەروەها ئەوانەی لە عێراقیشن ئەوپەڕی وریایی بنوێنن، لە ترسی تیرۆری میلیشیاكانی سەربە ئێران.
لە راگەیەنراوەكە هاتووە، “گرووپە میلیشیا تیرۆریستەكانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران لە خاكی عێراقدا هێرش دەكەنە سەر چەندان ئامانج لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكە، ئەمەیش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر تەناهی گشتی بۆیە ئامۆژگاری ئەمەریكییەكانی عێراق دەكەین زۆر وریا بن”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سعوودیە بە هاوكاری ئەمەریكا هێرشی كردە سەر بارەگاكانی میلیشیای حەشدی شەعبی، بە هۆی ئەوەی ئەو میلیشیایانە چەندان جار هێرشیان كردووەتە سەر سعوودیە.