خەبات: ساسان دەروێش:- گرفتار کاکەیی، هونەرمەندێکی ناسراوی کوردە کە ساڵانێکە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، لە بوارەکانی شێوەکاری، کاریکاتێر، میوزیک، نووسین و ڕۆژنامەنووسیدا چالاکی هەیە، ئەو لە 1ی تەممووزی 1967 لە گوندی دەیمەکان، سەر بە قەزای داقووقی پارێزگای کەرکووک، لەدایک بووە، هەروەها خاوەنی ژمارەیەک پێشانگای تایبەت و بەرهەمی هونەرییە لە بوارەکانی شێوەکاری و کاریکاتێردا.

لە 25ی تەمموزی 2026 لە کۆنگرەی یەکەمی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان – دیاسپۆرا، کە لەژێر ناونیشانی (هەژار موکریانی؛ بەرەو وێژەیەکی کوردستانی ڕەسەن و هاوچەرخ لە تاراوگە) بەڕێوەچوو، هاوکات هونەرمەند گرفتار کاکەیی تابلۆیەکی ناوازەی مام هەژار موکریانی بە شێوەی پۆرترێت کێشابوو.

کاکەیی ئەم بەرهەمە هونەرییەی بە شایستەترین دیاری بۆ سەرۆک بارزانی زانی و لەپەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە، لەڕێگەی شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی.
لەو بارەیەوە، خەبات لەگەڵ هونەرمەند گرفتار کاکەیی و دوو کەسایەتی تری بەشدار لە کۆنگرەکە گفتوگۆی کرد و بۆچوونەکانیان لەسەر ئەو تابلۆیە باس کرد، سەرەتا هونەرمەند گرفتار کاکەیی سەبارەت بە تابلۆکەی بۆ خەبات گوتی: له سەروبەند و دەستپێكی خۆئامادەکردن بووین بۆ یەكەمین كۆنگرەی فیدراسیۆنەكە، بە باشمانزانی کەڤاڵێکی جوان وەك دیاری بۆ سەرۆك بارزانی ئامادە بكرێت، وێنەكێشانی پۆرترێتێكی مام هەژارمان هەڵبژارد، بڕیارمدا پۆرترێتێکی بەدەست بۆ بکێشم، چونكە ئەز یەکێکم لە شەیدایانی خامە زێڕینەکەی مام هەژار.

سەردار جاف سەرۆکی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان – دیاسپۆرا باسی لەبیرۆکەی کارە هونەرییەکە کرد و گوتی: دوو مانگ بەر لە کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان – دیاسپۆرا، بیرۆکەی دیارییەک بۆ سەرۆک بارزانیمان لا گەڵاڵە بوو، لەگەڵ کاک غازی دەمودوویەکمان کرد و ڕوومان لە کاک گرفتار کاکەیی نا بۆ دروستکردنی تابلۆیەک، ئەوە بوو دواجار كاك گرفتار پێی باشتر بوو پێكەوە لەسەر تابلۆی (ھەژار موکریانی) ڕێک بكەوین و ئەم کارەمان وەک سوپرایز تا ڕۆژێکی بەر لە کۆنگرە بهێڵینەوە، به‌ڵام خودی تابلۆکە تا ئەو كاتە نیشانی ھیچ کەسێک نەدرا.