سهرهتا وتار پاڵپشتیکردنی بارزانییەکان سەربەرزیی هەولێر و هەولێرییەکانە لە مێژوودا
جەواد مستەفا ستوپەیی
جینۆساید (Genocide): بریتییە لە لەناو بردنی بەکۆمەڵی مرۆڤەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی پاڵنەرەکەی، کە ئایا ئایینی، نەتەوەیی، ڕەگەزی، ڕەنگ یان هەر هۆکارێکی دیکە بێت. بەپێی مادەی دووەمی پەیماننامەی ڕێگری و سزادانی تاوانی بەکۆمەڵکوژی (جینۆساید)ی ساڵی ١٩٤٨ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێناسەی جینۆساید ئەم ڕەگەزانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
1)- کاری قڕکردن کە ئامانج لێی لەناو بردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی شێوازی لەناو بردنەکە.
2)- کارتێکردنە سەر سەلامەتیی جەستەیی یان دەروونی و هزریی ئەندامانی کۆمەڵێکی دیاریکراو.
3)- ڕێخۆشکردن یان دروستکردنی بارودۆخێکی نەگونجاو بە مەبەستی لەناو بردنی کۆمەڵێک بەتەواوی یان بەشێکیان.
4)- لەناو بردن بە ڕێگەی بایۆلۆجی کە نەهێڵێت کرداری زاوزێ لەناو کۆمەڵێکی دیاریکراودا ڕوو بدات.
5)- گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی کۆمەڵێک بۆ ناو کۆمەڵێکی دیکە.
کەواتە پێناسەی جینۆساید هەموو ئەم ڕەهەندانە دەگرێتەوە. هۆکاری جینۆسایدکردنی بارزانییەکانیش نەتەوەیی بوو؛ واتە “کوردبوون” و “بارزانیبوون”، چونکە بەدرێژایی مێژوو ناوچەی بارزان و دانیشتووانەکەی لانکەی سەرهەڵدان، شۆڕشگێڕی و پەرەپێدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بوون، بەتایبەتی لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، شێخ ئەحمەدی بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی.
بە گشتی لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانیدا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد قۆناغێکی زۆر گەورەی بڕی کە جیاواز بوو لە قۆناغەکانی پێشتر؛ چونکە شۆڕشەکانی پێشووتر زیاتر لە چوارچێوەیەکی عەشائێری و ناوچەییدا بوون، بەڵام بارزانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانی لەو چوارچێوەیە بەرز کردەوە بۆ پلاتفۆرمێکی پێشکەوتووی حزبی و کوردستانی. ئەم شۆڕشە تەنیا شۆڕشی کورد نەبوو، بەڵکو هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستانی دەگرتەوە، بڕوای بە پێکەوەژیان هەبوو و توانرا هەموو پێکهاتەکان لەسەر یەک پلاتفۆرم کۆ بکاتەوە، کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.
قۆناغەکانی ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە دوای نسکۆی ساڵی ١٩٧٥
لە دوای ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر کە بووە هۆی وەستاندنی شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی کورد بۆ ئێران (بەتایبەتی بارزانییەکان)، حکومەتی عێراق هەلی قۆستەوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی دیموگرافیی بنەڕەتی، تاوەکو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن شۆڕش لەم ناوچەیەدا سەرهەڵنەداتەوە.
– ساڵی ١٩٧٦: ڕژێم بڕیاری ڕاگوێستنی گوندەکانی دەوروبەری بارزان و (وڵاتێ ژێری)دا کە دەکەوێتە پشت چیای شیرین و زۆربەیان دانیشتووانی عەشیرەتی مزووری بوون. خەڵکی ئەم گوندانە بە فڕۆکە گواسترانەوە بۆ باشووری عێراق و لە پارێزگاکانی سەماوە و دیوانییە نیشتەجێ کران. تا ساڵی ١٩٨٠ لە ژیانێکی پڕ ئەشکەنجەدا مانەوە. بەهۆی نالەباریی ژیان، گۆڕانی کەشوهەوا، نەبوونی چاودێریی تەندروستی و کەمخۆراکی، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵ و بەتەمەنەکانیان گیانیان لەدەست دا.
– ساڵی ١٩٨٠: ئەم خێزانانە لە باشوورەوە هێنرانەوە بۆ هەولێر و لە هەردوو کۆمەڵگەی زۆرەملێی (قودس) و (قادسیە) لە قوشتەپە نیشتەجێ کران. لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیی بەعسدا، بەبێ کار و داهاتی ڕۆژانە ژیانێکی زۆر کۆڵەمەرگییان بەسەر دەبرد.
– ساڵی ١٩٧٨: هەموو ئەو گوندانەی دیکەی بارزان کە ڕانەگوێزرابوون، گواسترانەوە بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکانی گورەتوو، دیانا، هەریر، بەحرکە و قوشتەپە، تا بەئاسانی بخرێنە ژێر چاودێرییەوە و پەیوەندییان لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی بپچڕێت کە ئەوکات لە ئێران ئاوارە بوون و تازە شۆڕشی گوڵان هەڵگیرسابوو.
– ساڵی ١٩٨٣ (پاساوی شەڕ): لە کاتی گەرمەی شەڕی عێراق-ئێراند، بە بیانووی ئەوەی کورد هاوکاریی ئێرانی کردووە لە ناوچەی حاجی ئۆمەران (کە بەهۆی لێدوانێکی هاشمی ڕەفسەنجانییەوە دروست بوو تا کورد لە شەڕەکەدا بگلێنێت و ڕێگە لە دانوستاندنی ئاشتییانەی کورد و بەغدا بگرێت)، ڕژێم پلانی تاوانکاریی خۆی جێبەجێ کرد.
بەرەبەیانی تاوانەکە و بەڵگەنامە فەرمییەکان
لە بەرەبەیانی ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣دا، پێش ڕووناکبوونەوەی ڕۆژ، سوپای ڕژێم گەمارۆی هەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیەی دا. ڕێگەیان لە تەواوی ئەو کرێکارانە گرت کە بەرەو کار دەچوون. لەگەڵ خۆرهەڵهاتندا هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکان و ماڵ بە ماڵ پشکنینیان کرد. تەواوی نێرینەکانیان لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە تا ٧٠ ساڵی (بە نەخۆش، پەککەوتە، کەڕ، ڵاڵ و شێتەوە) دەستگیر کرد و بێسەروشوێنیان کردن.
1)- بەڵگەنامەی ئەمنی (ژمارە ٨٤ لە ٢٤/٣/١٩٨٩): بەرێوەبەری گشتیی ئەمنی ڕژێم بۆ سکرتێری سەرۆک کۆماری دەنێرێت و دەڵێت: “هەموو نێرینەکانی بارزانییەکان گیراون بێجگە لەوانەی تەمەنیان لە خوارەوەی ١٥ ساڵیدایە”. ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی یاساکانی عێراق تەمەنی پێگەیشتن ١٨ ساڵە، بەڵام ئەوان دان بەوەدا دەنێن منداڵی ١٥ ساڵیشیان بردووە (کە لە واقیعدا منداڵی ١٢ ساڵانیش گیرابوون).
2) ١٠ی ئابی ١٩٨٣: دوای دە ڕۆژ، بە هەمان شێوە گەمارۆی کۆمەڵگەکانی بەحرکە، هەریر، دیانا و گورەتوویان دا و تەواوی نێرینەکانیان ڕەشگیر کرد.
3) ناوەڕاستی ئابی ١٩٨٣: جارێکی تر هەڵیانکوتایەوە سەر کۆمەڵگەکانی قوشتەپە بۆ گەڕان بەدوای ئەو مێرمنداڵانەی لە ناو کەنتۆر، سەلاجە و ژێر نویێندا شاردرابوونەوە و ئەوانیشیان دەستگیر کرد.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دیکەی بەرێوەبەری گشتیی ئەمن، هێزێک پێکهێنرا بۆ وەرگرتنی ٢,٢٢٥ کەسی بارزانی لە زیندانی ئەبوغرێب و گواستنەوەیان بۆ ناوچەی (بەسیە) لە پارێزگای سەماوە. لەوێ یەکەیەکی جێبەجێکار (فریق عمل) پێکهێنرا بۆ کۆمەڵکوژکردنیان. وەک لە دەقی بەڵگەنامەکەدا هاتووە: “وشكّل فريق عمل قام بتنفيذ حكم الشعب على المذكورين” (واتە: تیمێکی کار پێکهێنرا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری گەل بەسەر ناوکراوەکاندا).
ئەمەش دەسپەلمێنێت زۆربەی هەرە زۆریان بەبێ دادگاییکردن گوللەباران کراون. هەروەها لە هەمان بەڵگەنامەدا هاتووە کە بۆ ٦٦٧ کەسیان ١٦ دۆسیەی دادگاییی بەناو “سەرکردایەتیی شۆڕش” تۆمار کراوە و بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بە بڕیارێک کە بەڵگەنامەی مردنیان نەدرێتەوە بە کەسووکاریان.
جگە لەمە، بەپێی بڕیاری دادگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس ژمارە (١٤٤٦ ج ١٩٨٣) لە ٣٠/٨/١٩٨٣ بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ٣٦ کەس لە خێزان و کەسووکاری سەرۆک مەسعود بارزانی دەرکرا و لەسێدارە دران.
بەرپرسیارێتیی یاسایی و ناوخۆیی
بە هەموو پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی، ڕژێمی بەعس تاوانی جینۆسایدی دژی بارزانییەکان ئەنجام داوە. بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، حکومەتی فیدراڵیی عێراق وەک میراتگری ڕژێمی پێشوو، بەرپرسیاریەتیی یاسایی و ئەخلاقیی دەکەوێتە سەر بۆ قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی کەسووکاری ٨ هەزار بارزانی و تەواوی ئەنفالکراوانی کوردستان (کە زیاتر لە ١٨٢ هەزار کەسن). سەرەڕای بەڵگە زۆربڕشتەکان، لەوانە لێدوانەکەی سەددام حوسێن لە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامەی (الجمهوریة) لە ١٣/٩/١٩٨٣ کە گوتی: “بارزانییەکانمان نارد بۆ دۆزەخ”.
لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکان و دوای ساڵی ١٩٩١یش، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەوڵی زۆری دا تا زانیاری لەسەر چارەنووسی بارزانییەکان بزانێت. لەم ڕووەوە بەپێی بەڵگەنامەیەکی سکرتێری سەرۆک کۆماری ئەوکات بۆ عەلی حەسەن مەجید، دەڵێت: “مەسعود بارزانی بەبەردەوامی لە ڕێگەی ناڕاستەوخۆوە داوای زانیاری لەسەر خێزانە بارزانییەکان دەکات. بۆیە سەددام بڕیار دەدات کە تەواوی دەزگا ئەمنییەکان تەنیا یەک وەڵامیان هەبێت: “هیچ کەسێک هیچ زانیارییەک نازانێت تەنیا سەرکردایەتیی بەعس نەبێت، چونکە کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە”.
ئەوەی لە هەمووی گرنگتر، پێویست بوو هەر لەسەرەتاوە کورد (بەتایبەت سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو کە دەسەڵاتی ئەوەیان هەبوو پێشنیار و داوا بکەن ) بۆئەوەی عێراق بکرێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) تا لە ئایندەدا کورد و تەواوی میللەتانی زۆرلێکراوی عێراق بتوانێت مافە لە حکومەتی فیدراڵی وەرگرن؛ وەکو میراتگری حکومەتەکانی پێشووی عێراق.
شایانی باسە.. دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (International Criminal Court – ICC)، کە بنکەی سەرەکی لە شاری (لاهای)ی هۆڵەندایە و لە ساڵی ٢٠٠٢دا دامەزرا، یەکەم و تاقە دادگای هەمیشەییی نێودەوڵەتییە بۆ دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی مەترسیدارترین تاوانەکان. دەسەڵاتی دادوەریی ئەم دادگایە تەنیا کێشەی نێوان دەوڵەتان دەستنیشان ناکات، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی دادگاییکردنی ئەو سەرکردە و دەسەڵاتدارانەشی هەیە کە هێزی سەربازیی دەوڵەت دژی هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیان بەکاردەهێنن.
دەسەڵاتی ICC سێ تاوانی سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە ڕێک بەسەر ئەو کارەساتانەدا جێبەجێ دەبن کە دژی گەلی کورد و بارزانییەکان ئەنجام دراون؛ لەوانە:
یەکەم/ تاوانی (جینۆساید (کۆمەڵکوژی و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی تەواوی یان بەشێک لە گرووپێکی نەتەوەیی یان ئایینی.
دووەم/ تاوان دژی مرۆڤایەتی (هێرشی ڕێکخراو و بەربڵاو دژی هاووڵاتییانی مەدەنی بە زۆرەملێ، کۆچپێکردن، بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان)
سێیەم/ لەگەڵ تاوانەکانی جەنگ (بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و ئاگربارانی مەدەنییەکان لە کاتی ململانێدا). لەبەر ئەوە، بەئەندامبوونی عێراق لەم دادگایەدا بژارەیەکی بنەڕەتی بوو تا ڕێگە نەدرێت دەسەڵاتدارانی بەغدا لە سزادانی تاوانەکانیان دژی هاووڵاتییانی کوردستان ڕزگار ببن.
ئێستاش (نەچووە بچێ) پێویستە کورد بە هەموو لایەن و دەسەڵاتە سیاسیی و یاسایی و ڕیکخراوەیی و جەماوەرییەکانیەوە لە هەموو کۆڕ و کۆبەند و پلاتفۆڕمی سیاسیی و مرۆڤپارێزیدا؛ داوای ئەوە بکات عێراق وەکو دەوڵەت داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکات و قەرەبووی کەسووکاری ئەنفالکراوان بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەم داوای لێبوردنە ببێتە بەڵگەیەکی زیند وو بۆ مێژوو و دەروون کەسوکاری شەهید و ئەنفالەکا ئاسوودە ببێت.
سەربەرزیی هەولێر و هەولێرییەکان لە مێژوودا
ئەوەی شایانی ئاماژەپێکردنە و شانازییە بۆ مێژووی شاری قەڵا و منارە، جوامێری، بەزەیی و فیداکاریی خەڵکی تێکۆشەری هەولێر بوو. سەرەڕای ئەوەی ڕژێمی بەعس بڕیاری دابوو هەر کەسێک هاوکاریی بارزانییەکان بکات لەسێدارە دەدرێت، بەڵام جەماوەری هەولێر بە مەردایەتییەوە هاوکاریی بێوێنەی ژن و منداڵە بێپەناکراوەکانی بارزانییەکانیان کرد. هەولێر سەلماندی کە هەمیشە قەڵای خۆڕاگری و ڕەسەنایەتییە لە بەرامبەر زۆرداراندا.