
دیداری: مسلم دۆلەمەری
چڵ ڕۆژ دوای ئەوەی شاڵاوی ڕەشی جینۆساید هەشت هەزار ڕوحی بێتاوانی لە دۆڵی بارزان درووەوە، لە گوندی “زورەگڤان” دوو منداڵی دوانە هاتنە سەر جیهانێک کە بەتاڵ بوو لە ئامادەیی باوکیان. ئەختیار و بەختیار قورتاس، شاهیدی زیندووی ئەو بۆشاییە گەورەیەن کە تاوانکارییەکانی ڕژێمی بەعس لەسەر ئاستی خێزانی کوردیدا جێی هێشت.
لەم دیمانەیەدا، ئەم دوو برایە پەردە لەسەر ئازاری چەندین دەیەی بێباوکی لادەدەن و باس لە هەست و ئەندێشەکانی منداڵێک دەکەن کە هەرگیز دەرفەتی ئەوەی پێنەدرا وشەی “باوک” ڕووبەڕوو بڵێتەوە. هاوکات، دیمانەکە تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی مێژووییی دایکانی سەدەی بیستەم کە لە غیابی هاوسەرەکانیاندا، بەرپرسیارێتیی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی نەوەیەکی خۆڕاگریا خستە سەر شان.
جینۆسایدکردنی گەلی کورد لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، هەزاران منداڵی ئەم نیشتمانەی لە سۆز و خۆشەویستیی باوک بێبەش کرد. ئەختیار و بەختیار قورتاس، دوو دوانەی گوندی “زورەگڤان”ی سەربە ناحیەی بارزانن. ئەم دوو برا دوانەیە، ٤٠ ڕۆژ دوای ئەوەی باوکیان لەگەڵ ٨ هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی بارزانی جینۆساید کرا، ئەم دوو برا دوانەیە چاویان بە دونیا هەڵێنا.
لە بەردەوامیی ئەم دیدارەدا، هەردوو برا باسی ئازاری دووریی باوک، خەیالەکانی منداڵییان و داستانەکانی خۆڕاگریی دایکی شۆڕشگێڕیان دەکەن.
– هاتنە سەر جیهانی ئێوە هاوکات بوو لەگەڵ کارەساتێکی گەورەدا، سەرەتای ژیان و بەخێوکردنتان لەلایەن دایکتانەوە چۆن تێپەڕی؟
ئەختیار قورتاس:
لەدایکبوونی ئێمە ڕاستەوخۆ خستنەئەستۆی ئاستەنگیی پڕ لە ئازاری ژیان بوو. لە کاتێکدا بەخێوکردنی منداڵ بە هاوبەشی بۆ دایک و باوک ئاسان نییە، جابێنە پێش چاوی خۆت دایکێک بەتەنیا، بەبێ هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی و بەبێ هاوسەر، چۆن دوانەیەک کە ٤٠ ڕۆژ دوای شەهیدبوونی باوکیان لەدایک بوون، بەخێو بکات!
دایکم وەک تەواوی دایکانی تری بارزان، شەو و ڕۆژ لە کارکردندا بوو؛ جەستەی لە کاردا بوو و ڕۆحیشی لەلای ئێمە. خۆشکێکی گەورەترمان هەبوو، هەرچەندە ئەویش خۆی منداڵ بوو، بەڵام چاودێریی ئێمەی دەکرد تا دایکم لە کار دەگەڕایەوە. دایکم لەبەر ماندووبوون و کاری سەخت، تووشی نەخۆشیی گورچیلە بوو و ناچار بوو گورچیلەیەکی دەرهێڵدرێت، تا ئێستاش بە یەک گورچیلە دەژیت.
– دووری لە باوکێک کە هەرگیز نەتانبینیوە، چ هەست و برینێک لە ناختاندا جێدەهێڵێت؟
ئەختیار قورتاس:
دووریی باوک ئازار و برینێکە ئەوەندە قووڵە، بە هیچ پزیشک و دەرمانێکی سەر ئەم زەمینە سارێژ نابێت. ناوی “باوک” بۆ ئێمە شتێکی خەیاڵی بوو؛ هەمیشە بە خۆم دەکوت: دەبێت سۆز و باوەشی باوک چۆن بێت؟ ئایا ژیان لەگەڵ باوکدا تام و چێژێکی تر دەبەخشێت؟
“زۆر جار لە کۆڵانەکان دەمانبینی منداڵانی تر بەپیر باوکیانەوە ڕایان دەکرد کاتێک لە کار دەگەڕایەوە؛ ئەو دیمەنانە دڵیان دەهەژاندین. حەزمان دەکرد ئێمەش باوکمان هەبێت، بچینە پێشوازی، شتێک لە گیرفانیدا بدۆزینەوە و دەستە ماندووەکانی ماچ بکەین.. بەداخەوە ئێمە ئەوەمان نەبینی. ڕۆژی ٣١ی ٧ نەفرەتیترین ڕۆژی مێژووە بۆ ئێمە.”
– بەختیار، وەک دوانەکەی ئەختیار، تۆ چۆن دەڕوانێتە مانای وشەی “باوک”؟
بەختیار قورتاس:
وشەی “باوک” لای من وشەیەکی ونبووە. چەندین ساڵە لەنێو ئەندێشە و خەونەکانمدا بەدوایدا دەگەڕێم و نایدۆزمەوە. نازانم تام و چێژ و میهرەبانیی ئەم وشەیە چییە، بەڵام لە هەمان کاتدا، بە بە نرخترین و گەورەترین وشەی سەر ئەم زەمینەی دەزانم.
باوک واتە: هێز، پشت، پەنا، و دیواری ئاسنینی بەردەم ئازارەکانی ژیان. بەداخەوە دوژمنانی گەلی کورد نەیانهێشت ئێمە و سەدان منداڵی بێتاوانی تر ئەم مانایانە بەکردار ببینین. تەنیا یادگارییەک کە لە باوکمانەوە بۆمان ماوەتەوە، ناوەکەیەتی کە وەک پۆڵایەک لە پشتی ناوەکانمان دێت. لێرەوە دەڵێم: هەرکەسێک باوکی لە ژیاندا ماوە، تا دوا هەناسە بۆ مانەوە و ڕێزلێگرتنی بجەنگێت.
– کاتێک منداڵ بوون، چۆن لەگەڵ ڕاستیی نەبوونی باوکتان ڕاهاتن؟ دایکتان چۆن وەڵامی پرسیارەکانی منداڵیی ئێوەی دەدایەوە؟
بەختیار قورتاس:
کە منداڵ بووین، بەردەوام لە دایکمان دەپرسی: “باوکمان لەکوێیە؟ بۆچی ناگەڕێتەوە؟” ئەویش بۆ دڵنەواییمان، هەر جارەی بە وەڵامێک ڕازیی دەکردین، تا ئەو کاتەی گەورە بووین و زانیمان تا دوا ساتەکانی تەمەن، باوک تەنیا وەک وشەیەکی پڕ لە ئازار لەگەڵماندا دەمێنێتەوە.
دایکانی ئێمە پاڵەوان و شۆڕشگێڕی سەدەی بیستەم بوون. ئەوان لەگەڵ تەواوی ناخۆشییەکان جەنگان و سەرکەوتن. دەیان شوورەی پۆڵایینیان ڕووخاند تا ئێمە پەروەردە بکەن و مێژووی ئازایەتیی ئافرەتی کوردیان بە جیهان ناساند.
“زۆربەی ئێمەی منداڵانی جینۆسایدکراوانی بارزانی، بە دایکمان دەناسرێینەوە نەک باوکمان، چونکە دوای جینۆسایدکردنی باوکەکانمان، دایکەکانمان بوونە هەم دایک و هەم باوک بۆمان.”