خەبات- دانا بۆتانی
هەمیشە بابەتی وزە بابەتی ڕۆژە لە هەموو جیهاندا؛ بۆیە بوونی هەر شەڕ و ئاڵۆزییەک لە جیهاندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی دەبێت لەسەر نرخەکەی، ئێمەش لە کوردستان و عێراقدا لەم دیاردەیە بێبەش نین. بەڵام دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ڕاسپارد بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزینی بازرگانی (نۆرماڵ بۆ ٨٥٠ دینار، موحەسەن بۆ ١٠٠٠ دینار و سوپەر بۆ ١٢٠٠ دینار)، ئەم بڕیارەش لە پێناوی نەهێشتنی سەرەی دوورودرێژی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان بوو بۆ وەرگرتنی بەنزینی حکوومی بە نرخی پاڵپشتیکراو کە ٧٥٠ دینار بوو.
ئایا بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی بازرگانی لە ئێستادا گونجاوە؟
عەباس فەتاح، کە شوفێری تەکسییە، گوتی: باشترین بڕیارە و لە بەرژەوەندیی چینی هەژار و کەم دەرامەتدایە، بەڵام چاوچنۆکیی بەشێک لە بازرگان و خاوەن بەنزینخانەکان وادەکات گرفت بۆ ئەم بڕیارە دروست ببێت. چۆن دەکرێت لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکەدا بۆ ماوەیەکی کاتی پابەند ببن، پاشان بڵێن بەنزین نەماوە؟ ئەی ئەو هەموو بەنزینە چی بەسەر هات ئەگەر لە کۆگاکانیاندا نەشاردرابێتەوە؟
پاشان شوفێرێکی بەتەمەن کە لە سەرەی بەنزیندا خەریک بوو خەو دەیبردەوە، خۆی وەک حاجی مستەفا ناساند و گوتی: من ماڵی خوام بینیوە، بەڵام نازانم بۆ خەڵکی هەژار دوژمنی هێندە زۆرە! ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندیی میللەتدا بوو، بەڵام هەرزوو چاوچنۆکەکان دژی وەستانەوە؛ بەشێک لە شارەکان پابەند نەبوون و بەشێکیشیان گوایە بە نرخێکی زیاتر لەسەریان کەوتووە، هەرزوو بڕێکی کەمیان دابەش کرد و ئەوەی دیکەیان شاردەوە. نازانم لیژنەی چاودێریی پارێزگای هەولێر لە کوێیە و بۆچی ئەم بەنزینخانانە داناخەن کە دەڵێن بەنزینمان نییە؟
هەر لە درێژەی بەدواداچوونەکەمدا بۆ کوالێتیی بەنزین، بەشێک لە شوفێران هاواریان لێ هەڵدەستا لەبەر خراپیی کوالێتییەکەی. وەستا ئیبراهیم، کە خاوەنی سێرڤسی ئیبراهیمە، بۆ خەبات قسەی کرد و گوتی: من لێرە ڕۆژانە فۆڵپەمپی ئۆتۆمبێلەکان دەگۆڕم بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەوە. بەداخەوە شوفێران زەرەرمەندی یەکەمن، جگە لەوەی لە بەشێک لە بەنزینخانەکان بەنزین هەر نییە. پێش ئەم بڕیارە، من لەم دوکانەی خۆمدا ئەگەر قووتییەکی ئۆکتانم بفرۆشتبێت کە نرخەکەی 10 هەزار دینار بوو، ئێستا زیاتر لە 50 قووتی دەفرۆشم!
سالار محەمەد، سەرۆکی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون بۆ بەنزینخانەکان، گوتی: تەنیا لە یەک ڕۆژدا لە هەولێر ۲۰ بەنزینخانە بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ و فێڵکردن لە کوالێتی و جۆرەکانیدا، داخران و سزا دران. تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ ٧٣ بەنزینخانەی شارەکە، ئاشکرایان کردووە کە ۲۰ بەنزینخانە بەنزینی کوالێتی خراپیان بە هاووڵاتییان فرۆشتووە.
گوتیشی: دوای وەرگرتنی سامپڵی بەنزینەکان، دەرکەوتووە فێڵ لە کوالێتی کراوە؛ بە جۆرێک بەنزینی نۆرماڵیان لەبری موحەسەن، و موحەسەنیشیان لەبری سوپەر فرۆشتووە. لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا کۆی گشتیی ۲۸ بەنزینخانە سزا دراون. سزاکانیش بریتین لە داخستنیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ تا مانگێک، لەگەڵ غەرامەکردنیان بە بڕی یەک تا پێنج ملیۆن دینار.
ئەم هەڵمەتەش هاوکاتە لەگەڵ بڕیارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ڕێکخستنی نرخەکان دەریکردوون؛ بەپێی بڕیارەکە، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ نابێت لە ٨٥٠ دینار، موحەسەن لە ١٠٠٠ دینار و سوپەر لە ١٢٠٠ دینار زیاتر بێت.
بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و فێڵکردن لە کوالێتی، لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان، ناوخۆ و پارێزگاکان پێکهێنراوە و ڕۆژانە بەدواداچوون دەکەن. هاوکات پێویستە بەنزینخانەکان پابەندی ئەم پێوەرانەی ئۆکتان بن:
نۆرماڵی بازرگانی: ئۆکتانی ٨٩ تا ٩١
موحەسەن: ئۆکتانی ٩٢ تا ٩٤.٩
سوپەر: ئۆکتانی ٩٥ تا ٩٨
ڕێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت: ئەو پەنجا هەزار بەرمیل نەوتەی لە عێراقەوە بۆ ئێمە دابین دەکرێت، ناتوانێت پێداویستیی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان پڕ بکاتەوە. ئێمە ڕۆژانە شەش ملیۆن لیتر بەنزینمان پێویستە بۆ کوردستان، بەڵام بەداخەوە تەنیا دەتوانین نزیکەی سێ ملیۆن لیتر بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین بکەین.
سەبارەت بە نرخەکەی جاران کە نۆرماڵ زیاتر بوو لە هەزار و دووسەد دینار، ڕێبین زەنگەنە گوتی: ئەم نرخە بەرزە، جگە لە دەرخستنی چاوچنۆکیی خاوەن بەنزینخانەکان، هیچی دیکە نەبوو. دیاری کردنی ئەم نرخەی ئێستاش، دڵنیابن بڕیارێکی دیراسەکراوە و خاوەنی بەنزینخانەکانیش قازانج دەکەن کە بۆ هەر لیترێک پەنجا دینارە. دڵنیام حکوومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری ئەم قۆرخکارییە دەکات، و لەمەودوا لە ڕێگەی کۆپۆنی ئەلیکترۆنییەوە هەموو کەسێک بەشی خۆی لە بەنزینی پاڵپشتیکراو وەردەگرێت.