محەمەد زەنگەنە
لە كۆتاییەكانی 2025ـەوە، لە ئەنجامی شەڕی هەردوو گەڕەكی ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوودی پارێزگای حەلەب، زۆر پیلان و نییەتی دوژمنكارانە و رێككەوتنی نهێنی و زۆر رووی راستەقینەی چەند كەسایەتییەكی بەناو سیاسی، لەبارەی كوردەوە ئاشكرا بوون، بە نیشاندانی دیمەنی سووكایەتیكردن بە تەرمی شەهیدانی كوردیش، پەیامی راستەقینەی چەندین لایەنی سیاسی بۆ ئایندەی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی كورد،زۆر بەروونی دەركەوت.
هاوكات، ئەو كەس و لایەنانەش كە هەمیشە خۆیان بە سەرقافڵەی دیموكراسییەت و ئازادی دادەنا و بۆ یەك وشەش زۆر جار رووی هەڕەشە و هێرشە میدیاییەكانیان ئاراستەی هەرێمی كوردستان دەكرد، دەركەوت چین و چییان دەوێت.
لەو كاتەش،بە شایەدیی دۆست و دوژمن، تەنیا سەرۆك بارزانی بوو بە فریادڕەسی ناوچەكە و دۆخەكەی لە ئاژاوەیەكی زۆر گەورە و ترسناك دوور خستەوە و ئاگری شەڕێكی نەویستراوی نەتەوەیی خامۆش كرد.
بەڵام وادیارە هێشتا ئەوانەی لەو هاوكێشەدا دۆڕاو بوون، جارێكی دیكە دەیانەوێت، ئاژاەوەیەكی گەورە لەناوچەكەدا سەر هەڵبدات و بە هەبوونی بەشداریی سیاسیی كورد لە ژیانی تازەی پەرلەمانی و بە قۆستنەوەی دۆخی ناهەمواری ناوچەكە، ئاگری شەڕی نەتەوەیی خۆش بكەن و هەمان سیناریۆكانی سەردەمی بەعس و پێشی بەعس بە بێبەشكردنی كورد لە كەمترین مافی خۆی، دووبارە بكەنەوە.
ئەم رەفتارە لە چەند رۆژی رابردوودا،بە هەڵدانی چەند خیوەت و رەشماڵێك لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای حەسەكە،بۆ دژایەتیی گەڕانەوەی خەڵكی كوردی رەسەنەی ناوچە تەعریبكراوەكان، بووە باسی سەرەكیی هەموو تاكێكی سووریا، لەنێوان هەڕەشەی راستەقینە بۆ دژایەتیكردنی كورد و سازش نەكردن لە مافی گەڕانەوە و دژایەتیی هەر هەوڵێكی تازەی گۆڕانی دیموگرافیی كوردستانی سووریا.
بە خوێندنەوەیەك بۆ رابردوو بە لێك نزیككردنەوەی رووداوە هاوشێوەكان، هەروەها بەفەرامۆش نەكردنی ئاكام و ئەنجامە نەرێنییەكانی رەفتاری حكوومەتەكانی پێشوو، ئەو وڵاتە بەهیچ شێوەیەك سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت، بەڵكو هەر ئاژاوەیەكی نەتەوەیی، یان مەزهەبی، دەبێتە بناغەیەكی بەهێز بۆ لێكترازانێكی گەورە و فراوانی سیاسی و كۆمەڵایەتی.
ئەوەی كەمێك لە سیاسەت تێبگات، زۆر باش دەزانێت، پەنابردن بۆ بژاردەی شەڕی ناوخۆ، بەتایبەتیش شەڕی نەتەوەیی،كاردانەوەی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە، بە پلەی یەكەمیش بۆ خودی سەبەبكاری ئەو ئاژاوەیە و ناوچەكە بەرەو ئاقارێكی زۆر خراپ دەبات و بە بەردەوامیی ئەو دۆخەی كە ئێستا لەنێوان ئەمەریكا و ئێران هەیە، ناوچەكە تا سەد ساڵی دیكەش سەقامگیر نابێت، واتا كەس لەو ئاژاوەیە بە براوە دەرناچێت، بۆیە زۆر گرنگە، ئەوانەی دەیانەوێ نیشتیمان پەروەریی خۆیان لەسەر حیسابی كورد بێت، باش هزر لەو مەترسییە بكەن.