مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە له‌گەڵ لیو جون كونسوڵى گشتيى ‌کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكوومەت و كونسوڵی گشتی كۆماری چین بیروڕایان لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە بەشێوەیەكی گشتی ئاڵوگۆڕ کرد.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئاشتی و ئارامی عێراق و ناوچەکە کردەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

جەختیش لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی دوولایەنە لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری میلـلی چین لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە.