مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە، پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر کرد و سوپاسی هەوڵەکانی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان.

  ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڕادو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر کرد. ئەم دیدارە تایبەت بوو بە ماڵئاواییکردن بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی ناوبراو لە هەرێمی کوردستان.

 لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا کرد، لەپای ئەو کار و هەوڵانەی لە ماوەی کارکردنیدا بۆ بەهێزکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا داویەتی.

  لای خۆیەوە، ڕادو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا، پێزانینی خۆی بۆ ئەو پشتیوانی، هاریکاری و هەماهەنگییە بەردەوامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ئاسانکاری و سەرخستنی ئەرکەکەیدا.