وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایدەگەیێنێت، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە ئابوورییەکان بونیاد دەنێت و جەخت لە گۆڕینی هاوبەشییەکان لە کایەی ئەمنییەوە بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی دارایی دەکاتەوە.
عێراق و ئەمریکا پێشتر لەسەر کشانەوەی هێزەکان لە 30-09-2026 ڕێککەوتوون. حکومەتی نوێ دەیەوێت دوای ئەم وادەیە، هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ واشنتن تەنیا لەسەر بنەمای گەشەپێدانی درێژخایەن و جێگیرکردنی بازاڕەکان بێت.
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەوەی خستە ڕوو کە دیداری نێوان عەلی فالح زەیدی و دۆناڵد ترەمپ زۆر ئەرێنی بووە و ئەم سەردانەش وەک گرنگترین گەشتی دیپلۆماسی لە دوای ساڵی 2003 دەبینرێت، چونکە ئابووری دەکاتە بنەمای سەرەکیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
٠ عەبوودی باسی لەوەش کرد، بڕیارە سەرۆکوەزیران سەردانی کۆنگرێس، وەزارەتی گەنجینە و دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا بکات و لە کاتژمێرەکانی داهاتووشدا هەماهەنگیی نوێ لەنێوان بانکی ناوەندی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرژەوەندیی سیستەمی دارایی عێراق واژۆ دەکرێن.
٠ وتەبێژی حکومەت جەختی لەوەش کردەوە، شاندی عێراق دەیەوێت لەرێگەی ڕاکێشانی وەبەرهێنانەوە ئاسایشی جووڵەی ئابووری و هەناردەی نەوت بپارێزێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، بەغدا دوورە لە ململانێکان و تەنیا کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و چاکسازیی گشتگیر لە ناو هەموو کەرتەکاندا دەکات.










