کاروان محەمەد سینۆ
دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان زۆر باش دەیانزانی کە کاریزما و کەسایەتیی خودی مەلا مستەفا بارزانی و ڕێبازەکەی، نهێنیی یەکدەنگی، یەک هەڵوێستی و یەکگرتنی کوردە و هۆکاری بەردەوامبوونی شۆڕش و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانە. بۆیە هەردەم دوژمن و داگیرکەران لە پیلان و بۆسەدابوون بۆ بەکۆتاهێنانی ژیانی خودی مەلا مستەفا بارزانی. بۆ ئەم مەبەستەش، بێجگە لەوەی چەندین جار فەرمانی لەسێدارەدانی مستەفا بارزانی لە عێراق، ئێران و تورکیا دەرچووە، بەڵام چالاکی، چەلەنگی، خۆبەدەستەوەنەدان و خەباتی بەردەوامی مەلا مستەفا لە ناخۆشترین و نالەبارترین بارودۆخدا، وایانکرد کە هەرگیز دەستی دوژمن نەگات بە گیانی بارزانی. هەروەها دوژمن و داگیرکەران چەندین جار بە شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵی تیرۆرکردنی جەنابی مەلا مستەفا بارزانییان داوە؛ لە ڕێگەی ناردنی خۆکوژ، بۆمبی چێندراو، ژەهر و دەرمان، ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و چەندین ڕێکاری دیکەی تیرۆریستی…، بەڵام هەردەم (قودرەتی ئیلاهی) لە پاراستنی گیانی بارزانی، وریایی و دووربینیی بارزانی، چالاکیی دەزگای پاراستنی شۆڕش و دڵسۆزیی خەڵکی کوردستان بۆ خودی کەسایەتیی بارزانی، هۆکاری ئەوە بوون کە پیلانەکانی دوژمنان و داگیرکەران سەرنەگرن و پووچەڵ ببنەوە. مەلا مستەفا بارزانی تا دواساتەکانی ژیانی وەک چیا و زنارەکانی کوردستان، بەرز، بەهێز و بڵند مایەوە و ڕێبازە پیرۆزەکەی کە ئێستا بۆتە نەخشەرێگای سەرجەم نیشتیمانپەروە و ئازایخوازانی کوردستان هەر بەردەوامە و ڕۆژدوای ڕۆژ ڕیبوارانی ئەم ڕێبازە لە زیادبوون و پێشکەوتندانە.
یەکێک لەو هەوڵانەی کە ئامانجی کۆتایهێنان بە ژیانی مەلا مستەفا بارزانی بوو و ئەمڕۆ باسی لێوە دەکەین، ئەویش هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانی لە ١٥ی تەمووزی ١٩٧٢ لە ڕێگەی جانتایەکی پڕ لە (تی ئێن تی) و تەقەمەنی.
لە بەغدا پیلانەکە داڕێژرا
دوای ڕێکەوتنی 11ی ئاداری 1970، پیلانگێڕ و شۆڤێنییەکانی بەغدا (ڕژێمی بەعس)، بەردەوام لە گەڕاندابوون بۆ دۆزینەوەی هەلێک کە بتوانن دەستیان بگات بە ژیانی مەلا مستەفا بارزانی. لەم ڕووەوە لە مانگی ئابی ١٩٧١ دەزگای هەواڵگریی بەغدا، کەسێکیان دەستکەوت بەناوی (ئیبراهیم گاباری) کە قوتابی بوو لە زانکۆی موستەنسریە، بەشی زانستە سیاسییەکان لە بەغدا. ئەم کەسە کوردێکی خەڵکی سووریا بوو، وەک پەنابەر هاتبووە عێراق و لە زانکۆی موستەنسریە لە بەغدا دەیخوێند. لێرەدا دەزگای هەواڵگریی بەغدا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی عێراق کە بەڕێوەبەرە گشتییەکەی لیوا (نازم گزار) بوو، تێبینیی ئەوەیان کرد کە (ئیبراهیم گاباری) وەک کوردێک، زۆر هاتوچۆی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات لە بەغدا، هەروەها ناوبراو زوو زووش بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ کێشە بە مەبەستی گەشت و سەیران لە بەغداوە هاتوچۆی کوردستان دەکات. بۆیە هەواڵگریی بەغدا و (نازم گزار) بیریان لەوە کردەوە کە چۆن بتوانن سوود لە (ئیبراهیم گاباری) وەرگرن و بەکاری بهێنن بۆ تیرۆرکردنی ڕابەری کورد مەلا مستەفا بارزانی. بۆ ئەم مەبەستە لە مانگی ئابی ١٩٧١ ئەفسەرێکی ئاسایشی عێراقی بەناوی (باسل حەمدی ئەلئەعرەجی) کە سەرۆکی لیژنەی پەنابەرە عەرەبەکان بوو لە بەغدا و لە هەمان کاتیشدا سەرۆکی کردە تایبەتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی عێراق بوو و لە دەزگای هەواڵگریی عێراقیشدا ڕاستەوخۆ پەیوەست بوو بە خودی (نازم گزار)ەوە، (ئەلئەعرەجی) پەیوەندیی کرد بە (ئیبراهیم گاباری)یەوە بە مەبەستی ڕازیکردنی و ڕێکخستنی لەنێو ڕیزی دەستەی کردە تایبەتییەکانی ئاسایشی عێراق و دواتر بەکارهێنان و ڕاهێنانی بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی.
لە ئەنجامدا (ئیبراهیم) ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی بچێتەنێو ڕیزەکانی دەستەی کردە تایبەتییەکانی ئاسایشی عێراق و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی هەر کار و کردەوەیەک کە ئەوان پێی بسپێرن. بەم شێوەیە پەیوەندییەکانی نێوان (باسل حەمدی ئەلئەعرەجی و ئیبراهیم گاباری) لە ڕووی ڕێکخستن، کار و چالاکییەوە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی بەرپرسە باڵاکانی هەواڵگری و ئەمنیی عێراق دڵنیا بوون و گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە (ئیبراهیم) تەواو کەوتووەتە داوی ئەوان و ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە ئەرک و کردەی (تیرۆرکردنی بارزانی) بۆ (ئیبراهیم) ئاشکرا بکەن و پێی بسپێرن.
پێدەچێت لە سەروبەندی ڕێکخستنی لەنێو ڕیزەکانی هەواڵگریی عێراقیدا، (ئیبراهیم) توانا، متمانە و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی و سەربەستیی هاتوچۆی خۆی بەنێو بازگە و دەزگاکانی پارتیدا بۆ (باسل ئەلئەعرەجی) باس کردبێت و ئەوانی دڵنیا کردبێتەوە. ئینجا بۆ مەبەستی بەکارهێنانی (ئیبراهیم) لە ئەنجامدانی تیرۆرکردنی بارزانی، (باسل ئەلئەعرەجی) ڕاستەوخۆ (ئیبراهیم)ی بە (نازم گزار)ی بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی عێراق ناساند و (نازم گزار)یش لەلای خۆیەوە پێشوازیی لە (ئیبراهیم) کرد و دەستخۆشیی لێکرد کە هاوکارە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هانی دا کە چوست و چالاک بێت لە ئەرکەکەیدا (واتا تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی)؛ هەروەها بەڵێنی پێدا کە پاش ئەنجامدانی ئەرکەکەی، پاداشتێکی زۆری دارایی پێ ببەخشێت و پێگەیەکی تایبەتی لەلای سەرکردایەتیی عێراق دەبێت. بەم شێوەیە وردەکاریی چۆنیەتیی تیرۆرکردنی (مەلا مستەفا بارزانی) لە بەغدا داڕێژرا.
پیلانەکە هەڵگەڕایەوە
پیلانی تیرۆرکردنی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی بەم شێوەیە بوو:
دەبوایە (ئیبراهیم) لە بەغداوە سەفەری کوردستان بکات و لەگەڵ خۆیدا جانتایەکی بۆمبڕێژکراو ببات و بچێتە (ناوپردان)، ئینجا جانتای بۆمبەکە کاتڕێژ بکات و لەنێو بارەگای بارزانیدا دایبنێت، لەو شوێنەی کە بارزانی پێشوازی لە میوانەکانی دەکات.
تیرۆریستانی بەغدا (سەعدون غێدان وەزیری ناوخۆی ئەووکاتەی عێراق، نازم گزار و باسل حەمدی ئەلئەعرەجی)، هەڵبەت بە چاودێریی خودی سەدام حوسێن (چونکە ئەو کاتە هیچ کارێکی گەورە و بچووک بەبێ ئاگاداریی سەدام حوسێن لە عێراقدا ڕایی نەدەبوو)، دوا ڕێکاری پیلانی تیرۆرکردنی جەنابی مەلا مستەفا بارزانییان داڕشت و (ئیبراهیم گاباری)یان ئامادە کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو پیلانە، ئینجا پیلانەکە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەر لە ئەنجامدانی پیلانەکە و وەک ڕێخۆشکردنێک بۆ ئەنجامدانی، سەرەتا (نازم گزار) داوای لە (ئیبراهیم) کرد کە لە ڕۆژی ١ی حوزەیرانی ١٩٧٢ سەفەری کوردستان بکات و لەوێ لە هەموو ڕوویەکەوە و بە هەموو وردەکارییەکەوە لێکۆڵینەوە (دیراسە) لە چۆنیەتیی ئەنجامدانی پیلانەکە بکات، ئینجا بگەڕێتەوە و دواتر بڕیاری ئەنجامدانی پیلانەکە بخرێێتە بواری جێبەجێکردن.
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاگادار کرایەوە
لە یەکەم ڕۆژی مانگی حوزەیرانی ١٩٧٢، دەزگای پاراستنی شۆڕش سەرۆک مەسعود بارزانییان ئاگادار کردەوە کە کەسێک بەناوی (ئیبراهیم گاباری) هاتووەتە چۆمان و داوا دەکات کە تەنها خودی مەسعود بارزانی ببینێت، چونکە بۆ کارێکی زۆر گرنگ هاتووە، ئینجا سەرۆک مەسعود بارزانی چاوی پێدەکەوێت. لەم چاوپێکەوتنەدا (ئیبراهیم) تەواوی پیلانی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی شیکار (شلوڤە)کرد؛ کە ئەو (ئیبراهیم) لەلایەن (نازم گزار)ەوە ڕاسپێردراوە بچێتە نووسینگەی مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی و خۆی لێیان نزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی متمانەی ئەوان بەدەستبهێنێت و بتوانێت لە بازگە و بارەگاکانی پارتیدا هاتوچۆ بکات، ئینجا دواتر جانتایەکی بۆمبڕێژکراو بە (تی ئێن تی) و تەقەمەنی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی بەغدا و (نازم گزار)ەوە بباتە بارەگای بارزانی و هەوڵبدات جەنابی مەلا مستەفا بارزانی تیرۆر بکات، ئەگەر بۆی نەکرا دەبێت هەوڵ بدات ئیدریس بارزانی تیرۆر بکات، ئەگەر ئەوەش نەکرا، دەبێت مەسعود بارزانی تیرۆر بکات. لێرەدا جەنابی مەسعود بارزانی هەموو وردەکارییەکانی پیلانەکەی بۆ ئاشکرا بوو. بەم شێوەیە پیلانی تیرۆرکردنی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی بەڕووی تیرۆریستاندا هەڵگەڕایەوە.
پاش ئەوەی (ئیبراهیم) پیلانەکەی بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی شیکردەوە، سەرۆک بارزانی زۆر بە وردی لەم پیلانە کۆڵییەوە و لەگەڵ (ئیبراهیم) کەوتە پرسیار و وەڵام لەسەر چۆنیەتیی وەسفکردن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ (نازم گزار)، تا ئەو کاتەی سەرۆک مەسعود بارزانی دڵنیا بوو کە پیلانەکە بوونی هەیە و گوتەکانی (ئیبراهیم) ڕاستن و گەنجێکی ڕاستگۆ و نیشتمانپەروەرە. بۆیە جەنابی مەسعود بارزانی دەستخۆشی لە (ئیبراهیم) کرد بەرامبەر ئەم دڵسۆزی و نیشتمانپەروەرییە و داوای لێکرد کە بە ئاگاداریی ئەو (مەسعود بارزانی) بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی سیناریۆی پیلانەکە و هەروەها لە یەکە یەکەی هەنگاوەکانی داهاتووی سیناریۆکە ئاگاداری بکاتەوە.
شایانی باسە نیازی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەردەوامیدان بە پیلانەکە بۆ ئەوە بوو کە دەزگای پاراستنی شۆڕش تەواوی سیناریۆ و زنجیرەی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە ڕێخۆشکردن و جێبەجێکردنی لەم پیلانەدا ئاشکرا بکات؛ هەر لە سەرەتای دەسپیکردنی پیلانەکە تاکو گەیشتنی (ئیبراهیم) بە جانتای (تی ئێن تی)یەوە بۆ (ناوپردان) کە بە کوێدا تێدەپەڕێت و کێن ئەوانەی کە ئامادەکاری و یارمەتی و پەردەپۆشیی ئەم پیلانە دەکەن. ئینجا دواتر بە دەستبەسەرداگرتنی جانتای (تی ئێن تی) و بەدیکۆمێنتکردنی، پیلانەکە بەسەر ڕژێمی بەعسدا ساغ ببێتەوە؛ تاکو ڕژێمی بەعس و ئەنجامدەرانی پیلانەکە نەتوانن وەک پیلانەکانی پێشوو نکۆڵی لە کردەوە تیرۆریستییەکە بکەن، وە لە لایەکی دیکەشەوە ڕووی ڕەش و پیلانگێڕیی ڕژێمی بەعس بۆ ڕای گشتیی کوردستان، عێراق و جیهان ئاشکرا ببێت بەتایبەت کە ئەوکات ڕێکەوتینی 11ی ئاداری 1970لە بواری جێبەجێکردندا بوو. پاش ئەوەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێگەی دا کە سیناریۆی پیلانەکە وەک خۆی بەردەوام بێت، (ئیبراهیم) گەڕایەوە بەغدا.
ئینجا پاش هەفتەیەک (ئیبراهیم) گەڕایەوە کوردستان (ناوپردان) و چووە لای سەرۆک مەسعود بارزانی و پێی ڕایگەیاند، کە (نازم گزار) داوای لێکردووە وێنەیەک بگرێت لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی یاخود ئیدریس بارزانی یاخود مەسعود بارزانی.
هەڵبەت جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەیزانی کە نیازی (نازم گزار) لەم وێنەیە بۆ پشتڕاستبوونەوەیە لە گوتە و پەیوەندییەکانی (ئیبراهیم) و هەروەها دەیەوێت بزانێت ئاخۆ (ئیبراهیم گاباری) تا چ ئاستێک پەیوەندی و توانای ئەوەی هەیە بگات بە خودی مەلا مستەفا بارزانی، کاک ئیدریس، کاک مەسعود و دەزگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. بۆیە سەرۆک مەسعود بارزانی ئاسانکاریی بۆ ئەم داواکارییەی (ئیبراهیم) کرد و وێنەیەکی (ئیبراهیم) لەگەڵ جەنابی مەلا مستەفا، یەکێکی دیکە لەگەڵ کاک ئیدریس و یەکێکیش لەگەڵ خۆی (مەسعود بارزانی) بۆ (ئیبراهیم) فەراهەم کرد.
هەواڵگریی عێراق دڵنیا بوون
پاش گرتنی وێنەکان، ئینجا (ئیبراهیم گاباری) گەڕایەوە بەغدا و لە ڕێگای نەقیب (باسم ئەلحەدیسی) کە ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی بەغدا بوو و ئەڵقەی پەیوەندی بوو، (ئیبراهیم) چووە لای (باسل حەمدی ئەلئەعرەجی) و وردەکاریی گەشتەکەی خۆی و گرتنی وێنەی تایبەت بۆ کوردستان گێڕایەوە؛ کە چۆن چاوی کەوتووە بە مەلا مستەفا بارزانی، ئیدریس و مەسعود بارزانی و چۆن وێنەی لەگەڵ ئەواندا گرتووە (وێنەکانیشی خستە ڕوو)، وە چۆن توانیویەتی پەیوەندیی زۆر باش لەگەڵیاندا دروست بکات و لەنێو دەزگا و نووسینگەکانی پارتیدا متمانەی پەیدا کردووە، بە شێوەیەک هەرگیز گومانی لێ ناکرێت و ڕێگەی لێ ناگیرێت و بۆ هەر شوێن و نووسینگەیەک بڕوات لەنێو سەرکردایەتیی پارتی و بارەگای بارزانیدا ئازادانە دەسووڕێتەوە. بۆیە (ئەلئەعرەجی) تەواو متمانە بە (ئیبراهیم) دەکات، ئینجا پێکەوە دەچنە لای (نازم گزار). لەوێش بە هەمان شێوە (ئیبراهیم) ئەنجامی گەشتەکەی خۆی لە کوردستان بۆ (نازم گزار) دەگێڕێتەوە و وێنەکانی بۆ (گزار) دەخاتە ڕوو، بە هەمان شێوە (نازم گزار)یش دڵنیا دەبێت، ئینجا (ئیبراهیم) لەگەڵ خۆی دەبات بۆ لای (سەعدون غێدان) وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی عێراق. (سەعدون غێدان) ئاگاداری بیرۆکەی هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی بوو و دەیزانی ئەو کەسە کێیە کە بە کردەکە هەڵدەستێت. ئینجا پاش ئەوەی دەزگای هەواڵگریی عێراق دڵنیابوون لەوەی کە تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی سەرکەوتوو دەبێت، بۆیە (سەعدون غێدان) بەبێ پێشەکی دەستخۆشی و سوپاسی (ئیبراهیم)ی کرد بەرامبەر ئەم کردە و هەڵوێستەی لە هاوکاریکردنی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بۆ کوشتنی مەلا مستەفا بارزانی و هیوای بۆ (ئیبراهیم) خواست کە لە کردەکەیدا سەرکەوتوو بێت.
جانتای بۆ تیرۆرکردنی بارزانی ئامادەکرابوو؛ ڕادەستکرا
ئینجا لە بەرەبەیانی ١٥ی تەمووزی ١٩٧٢، (باسل ئەلئەعرەجی) جانتای بۆمبڕێژکراو بە (تی ئێن تی و تەقەمەنی) ڕادەستی (ئیبراهیم گاباری) دەکات و فەرمانی پێدەکات کە بەرەو کوردستان بچێت بۆ جێبەجێکردنی پیلانی تیرۆرکردنی مستەفا بارزانی (پێشتر ئیبراهیم مەشق و ڕاهێنانی کردبوو لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنان و ئامادەکردنی جانتاکە بۆ تەقاندنەوە). هەروەها (باسل ئەلئەعرەجی) لە ڕێگەی دەزگای هەواڵگریی بەغداوە هەموو پێداویستی، پاراستن و گەیاندنی (ئیبراهیم)ی فەراهەم کردبوو کە چۆن بگاتە ناوچەی ژێردەسەڵاتی شۆڕش و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە هەمان ڕۆژدا، واتا لە ١٥ی تەمووزی ١٩٧٢، (ئیبراهیم) خۆی و جانتای بۆمبڕێژکراو دەگاتە خاڵی پشکنینی (بەرزێوە)، ئینجا لەوێوە بەرەو قەزای (چۆمان) و دواتر بۆ حاجی ئۆمەران و لەوێ چاوی کەوت بە سەرۆک مەسعود بارزانی و پێی ڕاگەیاند کە جانتا بۆمبڕێژکراوەکەی لەگەڵ خۆی هێناوە. لەوێ جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمان دەکات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بۆمبە و وێنەگرتن و بەدیکۆمێنتکردنی بۆمبەکە. ئینجا ڕۆژنامەی (ئەلتەئاخی) ئاگادار کرایەوە کە هەواڵی ئاشکرابوون و پووچەڵکردنی پیلانی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی بڵاو بکاتەوە، کە ئەو کاتە ڕۆژنامەی (ئەلتەئاخی) ڕۆژنامەی پارتی بوو و لە بەغدا بە زمانی عەرەبی دەردەچوو.
دەستبەجێ وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تێوەگلانی وەزیر، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و ئەفسەرەکانی دیکەی لەم هەوڵە تیرۆریستییەدا ڕەتکردەوە و لەسەر داوای (سەدام حوسێن) لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کارە تیرۆریستییەکە پێکهێنرا. سەرەڕای بەردەستبوونی هەموو بەڵگەکان و دانپێدانانی (ئیبراهیم گاباری) و قەناعەتی لیژنەی لێکۆڵینەوە بە بەرپرسیارێتیی هەواڵگریی عێراق لەم کارە تیرۆریستییە، بەڵام حکوومەتی عێراق هیچ ڕێکارێکی یاسایی و سزایەکی نەگرتەبەر بەرامبەر تاوانبارانی ئەم کردە تیرۆریستییە و تەنانەت دانیشی پێدانەنا تا ئەو کاتەی (نازم گزار) شکستی هێنا لە هەوڵی کودەتا بەسەر (ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حوسێن)دا و لەلایەن (سەدام)ەوە دەستگیرکرا، ئینجا ئەو کاتە حکوومەتی عێراق دانی نا بە بەرپرسیارێتیی خودی (نازم گزار) لە هەموو هەوڵەکانی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی.
خوێنەری بەڕێز، ئەم چەند دێرە؛ کورتەیەکی هەوڵێکە لە هەوڵە زۆرەکانی تیرۆرکردنی جەنابی مەلا مستەفای بارزانی لەلایەن ڕژێمی عێراقی بەعسی شۆڤێنی و دوژمن و داگیرکەرانی کوردستانەوە. ئەمڕۆ لە یادی ٥٤ ساڵەی ئەم کردە تیرۆریستییەدا، دەخوازین بە خەڵکی کوردستان ڕابگەیەنین کە ئەم دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەستهاتوون، ئەنجامی تێکۆشان، شەونخونی، خوێن و شەهیدبوونی پێشمەرگە و خەباتی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی و بنەماڵە سەربەرزەکەیانە. بۆیە پێویستە ئەمڕۆ هەموومان وەکو میللەتی کورد و لایەنەسیاسییەکان لە سایەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانیدا، بە یەک دڵ و یەک دەست و یەک هەڵوێست خزمەت و پاریزگاریی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەتی و پەرلەمانی کوردستان وەکو هۆڵی گەل ببێتە کۆکەروەی بیرو بۆچوونە جیاوازەکانمان و ببێتە سەکۆی چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفت و جیاوازییەکانمان. هەڵبەت هەر ڕەفتارێکی سیاسیی چارەنووسساز لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمانی کوردستان دوور لە ڕا و بۆچوونی حزب و لایەنە کوردستانییەکان؛ دەبێتە مایەی گومان و لێپرسینی نەوەکانی ئایندەمان.
وێنه‌كان: ئه‌رشیفی كاروان محه‌مه‌د سینۆ