محەمەد زەنگەنە
لەسەردەمی بەعسی ئەسەد، حزبوڵلا وەكو نوێنەری ئەو رژێمە لە لوبنان سەیر دەكرا،بەتایبەتی دوای كشانەوەی سوپای سووریا لە لوبنان لە 26ی نیسانی 2005،دوای 29 ساڵ لە مانەوە لەنێو خاكی لوبنان و دوای گوشارێكی زۆری وڵاتانی عەرەبی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاودژانی حزبوڵلا، دوای تیرۆركردنی رەفیق حەریریی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری لوبنان لە 14ی شوباتی 2005.
سوپای سووریا،لەسەر داوای سولەیمان فڕەنجییەی سەرۆكی لوبنان و بە پاڵپشتییەكی فەرمی و تەواوی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لەساڵی 1976 لەنێو خاكی لوبنان گیرسایەوە بە بیانووی دروستكردنی هاوسەنگی لەنێوان هێزە مەسیحییەكانی لوبنان و هاوپەیمانیی بزووتنەوەی نیشتیمانیی لوبنان و لایەنە چەكدارییەكانی فەلەستین، دوای شەڕێكی سەختی ناوخۆ.
سوپای ئەسەد، بوو بە جێبەجێكاری پلان و خواست و ویستەكانی حزبوڵلا و لە ئامانج و پلانی تایبەت بە ئەركی فەرمی لایدا و دوای كشانەوەشیان لە لوبنان،حزبوڵلا بوو بە چاو و دەستی راستی سوپای ئەسەد و جێبەجێكاری فەرمیی هەموو سیاسەتەكانی بەعسی سووریا لە لوبنان، تەنانەت لە دانان و لادانی وەزیر و سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و دروستكردنی بۆشایی تەشریعی و جێبەجێكاریش دەستی باڵایان هەبوو. بە نەمانی رژێمی ئەسەدیش، حزبوڵلا پاڵپشتییەكی زۆر گەورە و گرنگی لەدەست دا و ئێران بە تەنیا بەبێ بریكار، ناتوانێت هەموو پلانەكانی خۆی پێ جێبەجێ بكات.
بە قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە و بە بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵلاش،ئەمەریكا دەیەوێت باڵا دەستیی خۆی لەسەر دۆخی لوبنان بسەپێنێت و ئەمجارە، خۆی سووریا وەكو بریكاری خۆی لەو وڵاتەدا دیاری بكات و بیكاتە بەشێك لەو شەڕەی لە تارانەوە تا باشووری بەیرووت بە هەر شێوەیەك بێت بەردەوامە.
هەر بۆ ئەم مەبەستەش، دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لە دیداری دا لەگەڵ ئەحمەد شەڕعی سەرۆكی كاتیی سووریا لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ناتۆ لە ئەنقەڕەی پایتەختی توركیا، دووپاتی لەسەر ئەو خواستە كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، سووریا دەتوانێت رۆڵ لە شەڕی حزبوڵلا ببینێت.
شەڕع چەندین جار ئەو داوایەی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ رەت كردۆتەوە، ئەو نایەوێت بچێتە نێو گێژاوێك كە زۆر زەحمەت بێت بە سەلامەتی لێی دەربچێت، توركیاش كە سووریای ئێستا بە بەشێك لە ستراتیژی نەتەوەیی خۆی دەبینێت،ئەو بژاردەیە بەباش نازانێت.
وادیارە تڕەمپ دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بێت سووریا بهێنێتە نێو ئەو شەڕە و بیكات بە بەشێك لەو هاوكێشەیەی كە بەدڵی ئەوە،بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە:سووریا دەبێتە بەشێك لەم هاوكێشەیە؟ئایا دەتوانێت لەدژی ئەمەریكا بوەستێت؟