
خەبات ــ چیادۆست ڕەسوڵ
دۆڵی شاورێ یەکێکە لە شوێنە گەشتیاریەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای ناوەندی قەزای ڕانیە، ئەم ناوچەیە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی لە سەوزایی و دارستان و چۆم و ڕووبار و کانی و سەرچاوە ئاویەکان هەیە، هەر ئەمەش وایکردووە کە خەڵکێکی زۆر لە دەوروبەری سنوورەکە و هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێڕاق و تەنانەت دەرەوەی عێڕاقیش بۆ گەشتیاری ڕووی تێبکەن.
ئەم دەڤەرە هەر بە سروشتە جوانەکەی ناوبانگی نەڕۆیشتووە، بەڵکوو (هەنار و سێوو ترێ و هەرمێ و گۆیژەکانیشی) لە بەناوبانگترین جۆری میوەکان لە سەرانسەری کوردستاندا ناسراون، بە جۆرێک لە ڕووی تام و جوانی و تایبەتمەندی و دواتریش نرخ و بەبازاڕکردنیشەوە جیاواز لە هەموو بەرهەمە نێوخۆییەکان دەناسرێتەوە.
لە ئێستادا دانیشتوانی دەڤەرەکە بە تەنها کار لەسەر جوانکردن و ڕازاندنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان ناکەن، بەڵکوو لە ڕێگەی بەبازاڕکردنی بەرهەمە دەستیەکانی وەک: (قەڕتاڵە و بەچنە و هێڵەک و تیرۆک و پنەو )…هتد، زۆر بەرهەمی دەستی دیکەش، هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران دەدەن، ئەمە جگە لەوەی لە وەرزی پێگەیشتنی میوە و تەماتە و بامێ و باینجان و بیبەر و دەلوجە، بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوە و بە گەشتیارانیان دەفرۆشنەوە.
ئاکار حەمەد مەولود، یەکێکە لە خاوەن کەپرەکانی سەیرانگای دۆڵی شاورێ، كە هاونیشتمانی گوندەکەیە، بە خەباتی ڕاگەیاند: ئێمە لە ساڵی 1992 وە ئەو ناوچەمان بەجێهێشتبوو و ڕوومان کردبووە ناوەندی شاری قەزای ڕانیە، بەڵام خۆشبەختانە لە 15 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری لە دۆڵی شاورێ، ئێمەش بە باشمان زانی بگەڕێینەوە زێدی خۆمان و گرنگی بە دامەزراندن و دروستکردنی شوێنی گەشتیاری بدەین و بتوانین لەو ڕێگەیەوە خزمەتی خۆمان و گوندەکەمان و گەشتیارانیش بکەین.
ئەگەرچی لە ڕووی ڕێگاوبان و کەرتەکانی ئاوەدانکردنەوە و شارەوانی و خزمەتگوزاریەوە، ئیدارەی ناوچەکە زۆر بە کەمتەرخەم دەزانین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵمان نایەت سەیرانگاکانمان فەرامۆش بکەین و ناچارین لە باخەڵی خۆمان خزمەتی ڕێگاوبان و جادەکان بکەین.
دەربارەی هەبوونی ئاو و ژیانەوەی سەرچاوە ئاویەکان و کانی و چۆم و ڕووبارەکان و کاریگەریان لەسەر زیادبوونی خواستی گەشتیاران ئاکار حەمەد بە خەباتی گوت: بێگومان کاریگەری زۆر باش و ئەرێنی هەبووە، بۆ نمونە ساڵی پار بەشێک لە سەیرانگاکانی دۆڵی شاورێ بەهۆی نەمانی سەرچاوەکانی ئاوەوە ناچار تووش بە داخستن هاتن، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەوساڵ شتەکە پێچەوانە بۆتەوە، چونکە ئەوساڵ ئاوی کانی و سەرچاوەکان بە تەواوی بووژاونەتەوە و دیمەنێکی جوانتری بە کەپرەکان بەخشیوە و سوودێکی باشیشی هەبووە بۆ نەمام و دارو دارستانەکانی دۆڵی شاورێ، ئەمە جگە لەوەی جوتیاران و هاوگوندیەکانمان توانیویانە بەرهەمەکانیان تێر ئاوبکەن و بەبازڕخستنێکی زۆرتر بە ڕووی گەشتیاراندا بكەن.
یەکێک لەو چالاکوان و کەسە دیارانەی کە لە دەڤەری بیتوێن و پشدەردا ناسراوە، مامۆستا عومەر ڕەزا قادرە، کە چەندین ساڵە ڕێکخراوەکەیان لە بوواری پاراستنی ژینگە و شوێنە گەشتیارییەکان کار دەکات، بۆ خەبات قسەی کردوو گوتی: ئەگەرچی دەسەڵاتی سنوورەکە زۆر کەمتەرخەم بووە لە ئاست خزمەت و داواکاری خەڵکی شاورێ، بەڵام خۆشبەختانە دانیشتووانی گوند خۆیان بەو ئەرکە هەڵساون و هەر خۆشیان خزمەتی ناوچە گەشتیاری و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی خۆیان کردووە.
جاران ئەم دەڤەرە تەنها بە میوە و بەرهەمە دەستییەکان بەناوبانگ بوو، بەڵام مادام لە ئێستادا بووەتە شوێنی گەشتیاری و خەڵکێکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانەوە ڕووی تێدەکەن، پێویستە ئیدارەی ڕاپەڕین زیاتر ئاوڕی لێبداتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەمە بەس خەون بووە و هیوادارم لە داهاتوودا دابینكردنی خزمەتگوزاری ببێتە ڕاستی.