خەبات: تریفە ئازاد:- لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە قۆناغێکی پڕ لە ئاستەنگی ئابووری، دارایی و سیاسیی نێوخۆیی و دەرەکیدا تێپەڕی، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، توانی کارنامەکەی لە دروشمەوە بگۆڕێت بۆ نەخشەڕێگایەکی کرداریی پڕ لە دەستکەوت. لە ڕێگەی گوتاری پسپۆڕان و هاووڵاتییانەوە، ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم کابینەیە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ژێرخانی کوردستاندا دەخرێنەڕوو.

دیجیتاڵیکردن و ڕێگاوبان و هێماکانی مۆدێرنیزەبوونی دەوڵەتداری
چاکسازی کارگێڕی و کەمکردنەوەی ڕۆتین یەکێک بوو لە پێشەنگییەکانی کابینەی نۆیەم کە بووە هۆی شەفافییەت و خێراکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتییان. سامان عەبدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ، تیشک دەخاتە سەر ئەم سەرکەوتنە و گۆڕانکاری لە سێکتەرە گرنگەکاندا دەستنیشان دەکات کە چۆن پڕۆژەی هەژماری من، گۆڕینی سیسته‌می کارەبا و پەرەپێدانی تۆڕی ڕێگاوبانەکان و پردە تازەکان لەگەڵ جێبەجێکردنی سیسته‌می ته‌کنەلۆژیای هاتوچۆ، ئامانجەکانیان سەد لە سەد پێکاوە و ئاسانکاریی گەورەیان بۆ شۆفێران و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان فەراهەم کردووە.

پێداگری لەسەر ئاسایشی ئاو و ئابووریی فرەڕەهەند
سەرەڕای کۆسپەکانی بەردەم شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، حکوومەت ستراتیژییەتی خۆی لە سێکتەرە بنەڕەتییەکاندا پەک نەخست. هەڵوێست میرانی ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەم تەوەرە دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە بنیادنانی بەنداو و پۆندەکان تەنیا بۆ گڵدانەوەی ئاوی سەر زەوی نەبوو، بەڵکوو هەنگاوێکی ستراتیژی بوو بۆ پاراستنی حەوزەکانی ئاوی ژێرزەوی و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی. هاوکات پڕۆژەی نیشتمانی ڕووناکی، وەک شۆڕشێکی ڕاستەقینە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و سیسته‌مە داراییە نوێکان دەبینێت کە ڕێگرن لە سپیکردنەوەی پارە و دەرچوونی نایاسایی دراو.

ئیرادەی لاوان و جووتیاران و پاراستنی ئاسایشی خۆراک
سەفین کاوێس، وەک نوێنەری دەنگی لاوان، کابینەی نۆیەم بە کابینەی ڕووبەڕووبوونەوە و بونیاتنان ناو دەبات. ئەو پێیوایە لە سەردەمی قەیرانی کۆرۆنا و گەمارۆ ئابوورییەکاندا، ئیرادەی چاکسازی نەک هەر سست نەبوو، بەڵکوو به‌بازاڕکردن بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و پاڵپشتیکردنی جووتیاران و هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ دەرەوەی وڵات، بووە هۆی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ ئاییندەی کوردستان.

مێژوو بە کردار دەنووسرێتەوە
تەوەرێکی تری ئەم ڕاپۆرتە تایبەتە بە تێڕوانینی ئافرەتان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. ئەمیرە ئەنوەر، وەک ئافرەتێک، پێیوایە حەوت ساڵ کارکردنی بەردەوامی سەرۆکوەزیران وەڵامێکی کرداری بوو بۆ سەرجەم ئەو دەنگانەی کە دەیانویست هیوای کۆمەڵگە بشکێنن. ئەو جەخت دەکاتەوە کە سەرکەوتنی ڕاستەقینە بە ئیرادە و خزمەت دێتەدی، و مێژووش تەنها لاپەڕەی ئەو سەرکردانە دەپارێزێت کە بە کردار و پڕۆژە خزمەتی گەلەکەیان دەکەن. ئەمیرە ئەنوەر دەڵێت: سەرۆكی حكوومەت لە هەوڵە جدییەكانی بەردەوام بوو، هەر دەنگێک دەبووە بناغەی سەرکەوتنێکی نوێ. خۆڕاگری و ئاوەدانی و ئارامی كرد بە کردار، ناوی لە مێژوودا دەمێنێتەوە و جەنابی مەسرور بارزانی بە کردار و هەنگاوە بنیاتنەرەکانی، سەلماندوویەتی کە سەرکەوتن بە قسە ناکریت، بەڵکوو بە ئیرادە، کار و خزمەتکردنی ڕاستەقینە دێتەدی. ئەو لە هەر قۆناغێکدا بە کرداری خۆی وەڵامی هەموو ئەو دەنگانەی داوەتەوە کە دژی گەشەکردن، ئارامی و پێشکەوتنی کوردستانن.

هەر دەستکەوتێکی نوێ، هەر پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری و هەر هەنگاوێک بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر، خەونی ناحەزانی کوردستان دەخاتە گۆڕ و هیوای گەل بەهێزتر دەکات. مێژوو هەرگیز قسەکان نانووسێت؛ بەڵکوو کردار، دەستکەوت و خزمەت بە گەل و نیشتمان لە لاپەڕەکانی خۆیدا تۆمار دەکات. ئەوەی گوتمان، کردمان، بۆیە کردارەکانمان بوونە ناسنامەی سەرکەوتنمان.