لە ساڵیادی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا

241

عارف ڕوشدی
حەوت ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، قۆناغێکی نوێ لە مێژووی حوکمڕانی و کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کاتێک کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، دوای متمانەبەخشینی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، بە فەرمی دەستبەکار بوو. لەو ساتەوەختە مێژووییەدا، سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند کە خۆی و تەواوی تیمی کابینەکەی پابەند و بەرپرسیار دەبن بەرانبەر بە گەلی کوردستان، بەوەی بە هەموو توانا و دڵسۆزییەکەوە کار دەکەن لەپێناوی جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی کارنامە چاکسازیخوازییەکەیان.

لەڕاستیدا، سەرەڕای بوونی چەندین ئاڵنگاریی گەورە و ڕێگریی هەمەلایەنە، سەرۆکی حکوومەت دوای دابەشکردنی وردی ئەرکەکان بەسەر وەزارەتەکاندا، ڕاستگۆیانە و ماندوونەناسانە سەرکردایەتیی پرۆسەی حوکمڕانییەکی پاک و بێگەردی کرد. پێش هەموو شتێک، وەک لە کارنامەکەدا جەختی لێکرابووەوە، بە پلانێکی تۆکمە ڕووبەڕووی دیاردەی قێزەونی گەندەڵی بووەوە.

ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە سەرۆکی حکوومەت باش دەیزانی و چەندین جاریش ئاماژەی پێکردبوو، کە لە ئەنجامی ئەم پرۆسە چاکسازییەدا ڕووبەڕووی تەنگژە و دژایەتی توند دەبێتەوە لەلایەن ئەو کەس و لایەنانەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە. هەر بۆیە، لایەنە زیانمەندەکان دەستەوەستان نەوەستان و بە هەموو شێوازێک دەستیان کرد بە داڕشتنی پلان و پیلان بەمەبەستی دروستکردنی کۆسپ و ڕاگرتنی تەوژمی کارکردنی وڵاتپارێزانەی سەرۆکی حکوومەت و کابینەکەی. ئەم پیلانانە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ئاستی حکوومەتی فیدراڵی عێراق داڕێژران.

لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: ڕێگریی جۆراوجۆر کرا لە جێبەجێکردنی یاسا، فەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت لە هەندێک ناوچەدا، بە ئامانجی پەکخستنی کاروانی گەشەپێدان و دروستکردنی بۆشایی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان.

لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵیش، ئەم لایەنانە نەک هەر هاوکار نەبوون لە چارەسەرکردنی کێشە دارایی، ئابووری و دەستوورییەکان دژی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان، بەڵکوو لە بەرانبەر نادادپەروەری و ستەمکارییەکانی دامودەزگاکانی بەغدا و بڕینی شایستە داراییەکانی هەرێم، هەمیشە لایەنگیرییان دەکرد یان بێدەنگییان هەڵدەبژارد.

بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، بە پشتیوانیی دڵسۆزانەی زۆربەی هەره زۆری خەڵکی کوردستان و بە ڕێنمایی جەنابی سەرۆك بارزانی و بە هاوکاری و هاوئاهه‌نگیی هێژا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، توانی بەسەر تەواوی ئاڵنگاری و قەیرانە سەختەکاندا زاڵ بێت. حکوومەت بە خوڕاگرییەوە پەرەی بە کاروانی ئاوەدانی، چاکسازی، هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و پاراستنی خواست و مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دا و نەیهێشت نەیاران بگەن بە ئامانجە گڵاوەکانیان.

ئەمڕۆ لە ساڵیادی ئەم کابینەیەدا، بەرهەمەکانی ئەو خۆڕاگری و ڕاستگۆییە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشەپێدانی دیپلۆماسی و سەقامگیریی هەرێمدا بە ڕوونی دەبینرێن کە ئەمەش بناغەیەکی بەهێز بۆ قۆناغەکانی داهاتووی گەلەکەمان پێکدەهێنێت.