شاندێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عێراق کۆ بووەوە و داوایان لێی كرد، كە پێداویستییەکانی خوێندنی کوردی بۆ ناوچە کوردستانییەکان دابین بکەن. 

ڕۆژی شەممە 11ـی 7ـی 2026، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: “شاندێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، سەردانی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی فیدراڵییان کرد و لەگەڵیدا كۆبوونەوە.”

ئەوەشی خستە ڕوو، كە لە دیدارەکەدا، بە وردی تاوتوێی ڕەوشی کەرتی پەروەردە و فێرکردن و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەکان لە عێراق کرا.

فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو، كە تەوەرێکی سەرەکی و بنچینەیی کۆبوونەوەکەشدا، كە تایبەت بوو بە پرسی پاڵپشتیکردنی پرۆسەی خوێندنی کوردی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، نەینەوا (مووسڵ) و قەزای خورماتوو. لەو چوارچێوەیەشدا جەخت “لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی سەرجەم گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندنی کوردی و دابینکردنی تەواوی شایستە و پێداویستییە لۆجستییەکان کرایەوە، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتر و زامنکردنی مافی خوێندنی سەرجەم قوتابییانی ئەو ناوچانە.”