د. ئیسماعیل شاهۆ، بەڕێوەبەری بەشی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک
خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- لە شارێکی گەورەی وەکوو هەولێردا، کەرتی چاودێری تەندروستی ئەرکێکی فراوان و گرنگی لەسەر شانە. ئێستا ١٢ تیمی گەڕۆک چاودێریی بازاڕ، شوێنە گشتییەکان، خواردنگە، ڕێستۆرانت، ئارایشتگە، سوپەرمارکێت و مارکێتەکان دەکەن. ئەم لیژنانە پشکنینی ورد بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکەن و لە کەمکوڕی، پاکوخاوێنی و ئاستی پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکۆڵنەوە.
بەشی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێرە. سەبارەت بە چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی کارەکانیان، سەردانی ئەو بەشەمان کرد و دکتۆر ئیسماعیل شاهۆ، بەڕێوەبەری بەشی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک، لە دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ «خەبات» پێشهاتەکان و گرفتەکانی خستە ڕوو.
هەولێر پێویستی بە لیژنەی زیاترە
کاتێک سەردانی بەشی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک دەکەیت، جەنجاڵییەکی زۆری هاووڵاتیان بەرچاو دەکەوێت؛ ئەوانە ئەو کەسانەن کە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی دەرهێنان یان نوێکردنەوەی مۆڵەتی کارکردن هاتوون، د. ئیسماعیل شاهۆ لەسەر شێوازی کارکردنیان گوتی: «تیمەکانی ئێمە دابەش بوون بەسەر دوو دەوامدا (بەیانیان و ئێواران). لە شەفتی بەیانیاندا ١٢ تیممان هەیە، بەڵام شارێکی گەورەی وەکوو هەولێر پێویستی بە تیمی زۆر زیاتر هەیە. ئەگەر شاری هەولێر دابەشی سەر چوار زۆن بکەین (باکور، باشور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا)، ئەم ژمارەی تیمە بۆ شارەکە زۆر کەمە. هەر تیمێک لە ٢ بۆ ٣ کەس پێکدێت؛ تیمێک لە گەڕەکێکی گەورەدا چۆن دەتوانێت لە یەک کاتدا بەدواداچوون بۆ هەموو بازاڕەکان بکات؟ بێگومان کاتێکی زۆری دەوێت.
زیاتر گوتی: کاری تیمەکان قورسە؛ ئەوان جیا لە پشکنینی کواڵیتی خواردن و ماوەی بەسەرچوونی، سەیری شوێنی کۆگا و چۆنیەتی هەڵگرتنی خۆراکەکانیش دەکەن. پێویستە خۆراک لە شوێنێکی فێنکدا دابنرێت بۆ ئەوەی تێک نەچێت. لە هەر شوێن، مارکێت یان کۆگایەکدا خۆراک بە شێوازێکی زانستی و تەندروستی هەڵنەگیرێت، دەستبەجێ دادەخرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر. بۆ نموونە هێلکە خواردنێکی زۆر ناسکە و ماوەی بەسەرچوونی تەنیا یەک مانگە، پێویستە لە پلەی گەرمیی ٩ بۆ ١٣ پلەدا دابنرێت، ئەگەر لەو پلەیە زیاتر بێت تێکدەچێت.
پشکنینی کارگە، کۆگا و سەرچاوەکانی ئاو
سەبارەت بە بەدواداچوونی کارگەکان، بەڕێوەبەری بەشی چاودێری تەندروستی ڕوونی کردەوە: «بەڵێ، لە ڕێگەی هۆبەی کارگەکانەوە ڕۆژانە سەردانی کارگەکان دەکرێت. تیمێکی ٤ کەسی پشکنینی ورد بۆ سەرچاوەی ئاوی کارگەکان دەکەن و نموونەی ئاوەکە وەردەگرن، هەروەها لە پاکوخاوێنی، مۆڵەتی کارکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان دەپرسنەوە، د. ئیسماعیل ئاشکرای کرد: «لەو ڕۆژانەی دواییدا بەدواداچوونێکی مەیدانیمان بۆ کارگەکان کرد، بۆمان دەرکەوت ژمارەیەک کارگە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە مۆڵەتیان نوێ نەکردووەتەوە. یەکە بە یەکەیان ئاگادار کرانەوە کە پێویستە لە ماوەی ٥ ڕۆژدا سەردانمان بکەن بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان، بەپێچەوانەوە فەرمانی داخستنیان بۆ دەردەکەین.
سەبارەت بە هۆبەی پشکنینی ئاو، گوتی: «ئەم هۆبەیەشمان زۆر چالاکە؛ ڕۆژانە لەنێو گەڕەکەکان و پڕۆژەکانی ئاو نموونە وەردەگرن و پشکنینی بەکتریۆلۆجی بۆ دەکەن تا دڵنیا ببنەوە ئاوەکە بۆ خواردنەوە شیاوە. ئەگەر بەکتریا لە ئاوەکەدا گەشەی کردبێت، دەستبەجێ بەدوای هۆکارەکەیدا دەگەڕێن. پێویستە هاووڵاتیان بزانن نابێت سەرچاوەی ئاوی ماڵان یان بیرەکان نزیک بن لە بیری ئاودەست (سپتیک تانک)، چونکە ئاوی پیسی زێراب کار دەکاتە سەر ئاوی پاک و بەکەڵکی خواردنەوەی ناهێڵێت.
هێڵی گەرمی سکاڵا و مۆڵەتی تەندروستی کرێکاران
د. ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆبەی سکاڵا و کارگێڕییان هەیە و هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی ژمارە تەلەفۆنی (٠٧٥٠٢٣٥١٩٣٥) کە ٢٤ کاتژمێر کراوەیە، سکاڵاکانیان لەسەر هەر شوێنێکی گشتی تۆمار بکەن و دەستبەجێ بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: «ئێستا شاری هەولێر زۆر فراوان بووە، چەندین فەرمانبەرمان لێ خانەنشین بووە و پێویستیمان بە میلاکی نوێ و فەرمانبەری زیاترە. داوا لە شوێنە گشتییەکان و خواردنگەکان دەکەین ئەوانەی مۆڵەتیان بەسەرچووە سەردانمان بکەن. هەروەها پێویستە کرێکارانی خواردنگەکان هەر شەش مانگ جارێک کارتی تەندروستی خۆیان نوێ بکەنەوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە کە تووشی چەند نەخۆشییەک نەبوون؛ ئەگەر کرێکارێک نەخۆش بێت، ڕەوانەی تاقیگە و چارەسەر دەکرێت تا بە تەواوی چاک دەبێتەوە، ئەو سوپاسی لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر و هۆبەی ئابووری لە ئاسایشی هەولێری کرد کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانیان بوون لە کاتی پشکنینەکاندا. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا کارەکانیان بووەتە سیستمی ئەلیکترۆنی و خاوەن کارەکان دەتوانن لە ماڵەوە داواکاری پشکنین پڕ بکەنەوە، تەنیا چەند وردەکارییەکی کەمی وەک ڕسوومات و زەریبە ماوە کە ئەویش لە داهاتوودا تەواو دەبێت.
