فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشكرای كرد، كە ئاستی وەبەرهێنانی كشتوكاڵ لە كوردستان لە 1.8%ـەوە بۆ لە 12% بەرز بووەتەوە و سەرەڕای دروستكردنی چەندان سایلۆی گەورە، حكوومەت لە پلانی دایە، سایلۆی دیكە لە دهۆک، زاخۆ، کفری، کۆیە و هەریر دروست بكات، دەشڵێ: “بەمەش ئاسایشی خۆراک و پاراستنی بەرهەمی دانەوێڵە، دەچێتە قۆناغێكی نوێ و سەقامگیرترەوە.”
ئەمڕۆ شەممە 11ـی 7ـی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە “لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورە و ستراتیژیی لە کەرتی کشتوکاڵدا ناوە، تەنیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 2% قەبارەی وەبەرهێنان گەشەی كردووە و بە تێكڕا لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، ئەم ڕیژەیە لە 1.8%ـەوە بۆ 12% بەرز بووەتەوە.
قۆناغی نوێ لە پەرەپێدانی سایلۆکان:
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێ: “بۆ پاراستنی گەنم و بەرهەمی ناوخۆیی، پڕۆژەی دروستکردنی 4 سایلۆی نوێ، كە هەریەكەیان توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمیان هەیە و تێكڕا دەكاتە 160 هەزار تۆن گەنم و بە گوژمەی 84 ملیار دینار جێبەجێ کراون، سایلۆی قوشتەپە لە هەولێر بە گوژمەی 21 ملیار، سایلۆی کەلار لە سلێمانی بە گوژمەى 20 ملیار، سایلۆی ڕۆڤیا لە دهۆک بە گوژمەى 17 ملیار و سایلۆی هەڵەبجە بە بەهاى 28 ملیار دینار دروست كراون.”
دەشڵێ: “لە پلانی حکوومەتدایە چەند سایلۆیەكی دیكە لە دهۆک، زاخۆ، کفری، کۆیە و هەریر دروست بكات و بەمەش ئاسایشی خۆراک و پاراستنی بەرهەمی دانەوێڵە، دەچێتە قۆناغێكی نوێ و سەقامگیرترەوە.”
گەشەی کەرتی پیشەسازی و بازرگانیی کشتوکاڵی:
ڕوونیشی كردەوە: “لە چوارچێوەی گەشە و پاراستنی ئاسایشی خۆراكدا 13 هەزار و 943 کۆمپانیا، هەزار و 341 کارگەی جۆراوجۆری پیشەسازی و 30 هەزار خانووی پلاستیکی بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی كشتوكاڵی لە وەرزە جیاوازەکاندا و 319 کۆگای ساردکەرەوە بۆ پاراستنی بەرهەمەکان دروست كراون.”
ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە “تێكڕای ئەم گەشەسەندنە وایان كردووە بەروبوومی جووتیاران و بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکانی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بنێردرێت، کە قەبارەکەی بە سەدان هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت، هەروەها بۆ یەکەمینجار بە دەیان هەزار تۆن بەروبوومی جووتیارانی کوردستان، هەناردەی بازاڕەکانی کەنداو و جیهان کرا.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە “هەرێمی کوردستان هەنگاوەكانی بەرەو خۆبژێوی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن خێراتر كردووە و ئەمەش داهاتوویەکی گەشتر بۆ جووتیاران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان مسۆگەرتر دەکات.”
