کارزان حەیدەر
لەو ساتەوەختە هەستیار و دژوارەی کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە گەرمەی پەلامارەکانیاندا بوون بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، نامەیەکی بەپەلە و هاواری هۆشداریدەری رەوەندی کوردی لە فەرەنسا، وایکرد کۆشکی ئەلیزێ دەستبەجێ بێتە سەر هێل و بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.
سەرۆکایەتیی فەرەنسا نەک تەنها لە کاتی پێشڕەوییەکاندا هێرشی ئەو هێزانەی راگرت، بەڵکوو بووە ئەندازیاری واژۆکردنی رێککەوتنێکی مێژوویی و بەڵێنی تەواوەتیش دەدات کە مافە نەتەوەییەکانی کورد و ناسنامەکەیان لە دەستووری داهاتووی سووریادا بە یەکجاری جێگیر بکات.
دیپلۆماسییەتی رەوەندی کوردی سەلماندی کە دەتوانێت لە کاتی قەیرانە قووڵەکان و ساتەوەختە خوێناوییەکاندا رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت.
عەبدولجەبار شاهین، سەرۆکی فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە فەرەنسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی خەبات، تیشک دەخاتە سەر ئەو کاتە هەستیارەی کە نامەکانی تێدا گۆڕدرانەوە، ئەو روونی دەکاتەوە رێک لەو کاتەی کە هێرشی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردبوو و مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی کورد دروست بووبوو، ئەوان بە ناوی فیدراسیۆنەکەیانەوە نامەیەکی بەپەلە و هۆشداریدەریان ئاراستەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی کۆماری فەرەنسا کرد، بۆ ئەوەی دەستوەردانی خێرا بکەن و لەو گەرمەی جەنگەدا هێرشەکان بوەستێنن و پشتگیریی رۆژئاوای کوردستان بکەن.
لەو نامە فەرمییەدا کە بە ناونیشانی فریاکەوتنی خێرا و راگرتنی کۆمەڵکوژییە بەردەوامەکاندا ئاراستەی سەرۆکایەتیی فەرەنسا کرابوو، بە زمانێکی ڕژد هۆشداری درابوو لەو مەترسییە مرۆییەی کە لەو ساتەدا بەرۆکی ناوچەکەی گرتبووەوە.
نامەکە بە روونی وەبیری دەوڵەتی فەرەنسای هێنابووەوە کە گەلی کورد رۆڵی سەرەکی و بێهاوتای هەبووە لە تێکشکاندنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و پاراستنی ئاسایشی ئەورووپا، بۆیە جێهێشتنیان لەبەردەم پەلاماری چەکدارەکاندا بە هەڵەیەکی مۆڕاڵی گەورە لە قەڵەم درابوو، لە نامەکەدا داواکرابوو بەپەلە ئاگربەستێکی گشتگیر رابگەیەندرێت، میکانیزمی پاراستنی نێودەوڵەتی دابمەزرێت، هەروەها پەیوەندییەکانی داهاتووی فەرەنسا لەگەڵ سووریا ببەسترێتەوە بە رێزگرتن لە مافەکانی کورد لە دەستووری ئەو وڵاتەدا.
ئەم کەمپەینە دیپلۆماسییەی رەوەندی کوردی لە ناو جەرگەی قەیرانەکەدا بێ وەڵام نەما و کاردانەوەی خێرای کۆشکی ئەلیزێی لێ کەوتەوە.
لە وەڵامێکی فەرمیدا کە لە 26ی حوزەیرانی 2026 لەلایەن وەزارەتی ئەورووپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنساوە بۆ عەبدولجەبار شاهین نێردراوەتەوە، حکوومەتی پاریس وەڵامێکی ئەرێنی و مێژوویی دەداتەوە، لە پەیامەکەی حکوومەتی فەرەنسادا هاتووە کە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەوان جەختیان لە پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر کردووەتەوە کە رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرێت.
حکوومەتی فەرەنسا پشتڕاستی دەکاتەوە رێک لە کانوونی دووەمی 2026 و لە کاتی دەستپێکردنی هێرشی هێزەکانی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا بۆ سەر حەلەب و دواتر بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، فەرەنسا دەستبەجێ کەوتووەتە جووڵە. هەروەک عەبدولجەبار شاهین لە لێدوانەکەیدا باسی دەکات، سەرۆکی فەرەنسا پێی راگەیاندوون کە ئەوان راستەوخۆ رێگرییان لە بەردەوامبوونی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانە کردووە، ئەمەش بەوە بووە کە ئیمانوێل ماکرۆن لە بەرزترین ئاستدا پەیوەندی بە ئەحمەد شەرع، هاوتا سوورییەکەی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کردووە بۆ راگرتنی شەڕەکە.
بەرهەمی ئەم دەستوەردانە خێرایە لە کاتی هێرشەکاندا، واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و یەکگرتنەوە بوو لە 29ی کانوونی دووەمی 2026 لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە تێیدا بۆ یەکەمجار مافە مەدەنی و کولتوورییەکانی کوردی سووریا بە فەرمی ناسێنران، پاریس بەڵێنی داوە کە بە وردی چاودێری جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە دەکات، چونکە هێشتا کورد بە هاوبەشێکی سەرەکی خۆی دەزانێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە زیاتر لە دە دەیەیەکە پێکەوە کار دەکەن.
ئەم پێشهاتە وەک سەرکەوتنێکی گەورەی دیپلۆماسی بۆ کورد هەژمار دەکرێت، چونکە وەک سەرۆکی فیدراسیۆنەکە جەختی لێ دەکاتەوە، ماکرۆن بەڵێنی داوە کە پشتیوانییەکی بێسنووری مافەکانی کورد بکات و لەو باوەڕەدایە مافەکانی کورد و ناسنامە نەتەوەییەکەیان لە ناو دەستووری نوێی سووریادا بە شێوەیەکی فەرمی دەچەسپێت، تاوەکوو بۆ هەمیشە گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە هەڕەشەی چەکداری و سڕینەوە پارێزراو بێت، هاوکات فەرەنساش بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ناوچەکە، کە لە ئێستادا ژیانی زیاتر لە 35000 کەسی لە رێگەی پرۆژەی ئابووری و کشتوکاڵییەوە بوژاندووەتەوە.