سهرهتا وتار سەبارەت بە هەندێک لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی ههڵه لە دهستنیشانكردندا
فازڵ میرانی
بهرپرسی دهستهی كارگێڕیی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
سیاسەت و ڕەفتاری کۆمەڵگە و ئەو مەعریفەیەی کۆمەڵگە و سیاسەت خۆراکی لێوە وەردەگرن، پێوەندییەکیان لەنێوان دوو دۆخدا هەیە: حوکمڕانی و کارکردن بۆ گەیشتن بە حوکمڕانی. لە هەردوو دۆخەکەدا، جەوهەری ڕەفتاری لە ڕاستگۆیانەترین گوزارشت و پێناسەی خۆیدا بۆ کولتوور دەردەکەوێت، ئەمەش پێناسەیەکی ڕاستە و جیاوازە لەو پێناسە باوەی کە کولتوور تەنیا بە مەرەکهب و کاغەزی نووسراو یان لەبەرکراوە زارەکییەکان دەبینێت کە دژایەتیی نەزانی دەکەن؛ نەخێر، ئەم قسەیە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە، چونکە کولتوور بریتییە لە ڕەفتاری ڕاستگۆیانە و دوور لە خۆنواندن. ئەگەر کەسێک بۆ یەکلاکردنەوەی هەر ناکۆکییەک پەنا بباتە بەر چەک، ئەوا ئەو کەسە ڕۆشنبیریی توندوتیژیی هەیە، ئیتر با جلی مۆدێرنیشی لەبەردا بێت و با هەرچەندەش بانگەشەی خوێندەواریی خۆی بکات.
هەر کەسێکیش شایەتیی درۆ بدات یان حەقێک بشارێتەوە، ئەوا کولتووری ئەو درۆ و چەواشەکارییە، ئیتر هەرچییەک بێت و هەر بانگەشەیەک بکات، ئەو شایەتحاڵێکی درۆزنە لەو ئەزموونانەی کە بە مافەکان و بەدەستهێنانیانەوە بەستراونەتەوە.
پێوەندیی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات، دوور لە قسەی زیادە و دوور لە پۆشینی جلی بریقەدار، پێوەندییەکی کارلێککارانەیە، کە تێیدا کەم جار ڕوودەدات هەموو بەشێکی حوکمڕان یان بەشێکی لێی جیاواز بێت لە بەشێکی کۆمەڵگەکە. کەواتە عەقڵانی نییە، کە دەسەڵاتێکی خراپ حوکمی هەموو کۆمەڵگەیەکی باش بکات، تەنانەت ئەگەر بە هێزیش گەیشتبێتە سەر حوکم.
هەروەها زۆر دەگمەن و نزیکە لە مەحاڵیش کە دەسەڵات باش بێت و کۆمەڵگە خراپ بێت.
گەلانی عێراق، بەهۆی هۆکاری خۆیی و بابەتییەوە، خۆیان و دەسەڵاتیش نەیانتوانیوە دۆخێک بخوڵقێنن بۆ گەشەپێدانی ئاڕاستەیەکی هاوبەش بە مەبەستی بەرهەمهێنانی حوکمڕانییەکی سەقامگیر کە لەسەر دانایی و کاری بەسوود دامەزرابێت؛ ئەمەش بەهۆی هۆکارێکی کۆن و نوێبووەوەیە، کە دەسەڵات وەک تەماحێکی کەسی دەبینێت، ئەمەش لە نێو زۆرینەیەکی کۆمەڵگەدا، کە جیاواز نییە لە تەماحی ئەوانەی ئارەزووی دەسەڵات دەکەن.
کۆمەڵگە لەگەڵ زۆربەی سەرکردەکانیدا، بە ڕێژەی جیاواز بەرپرسیارن لە ئەنجامی کارەکان، چ بە ئەرێنی یان بە نەرێنی، چونکە کاتێک سنوورەکانی نێوان کاری دەسەڵاتەکان پشتگوێ دەخرێن و یاساکانی کارکردن لێکۆڵینەوەیان بۆ ناکرێت، بەڵکوو سەرقاڵ دەبن بە گەڕان بەدوای کەلێنە یاساییەکاندا بۆ فێڵکردن، مومارەسەی لەم شێوەیەش لەپڕ ڕوونادات، بەڵکوو کەڵەکەبوون و ئامادەییەکە، کە لە ڕێگەی ئەو هۆکارانەوە خۆراک دەدرێت، کە پەیوەستن بە واقیعی کۆمەڵگەوە (لە ڕێگەی کەسەکان و ئامرازەکانەوە) و لە ڕێگەی لاوازیی هەردوو ڕێگری عەقڵی و ڕەوشتییەوە. کردەوەی لەم شێوەیەش تەنیا لە تاقمێکی دیاریکراو سەرچاوە دەگرێت، کە لە ناوەوەیاندا هەموو هەڵگرانی ئەم ئامادەییە کۆدەبنەوە بۆ بردنی ئەوەی، کە بۆیان دروست نییە، ئیتر نەزان بن یان خوێندەوار، ئەمەش هیچ پێوەندییەکی بە ڕەگەز، مەزهەب و نەژادەوە نییە، ئەوان خۆیان پارتێکن بە تەنیا و گردبوونەوەیەکی بەرژەوەندخوازی ئینتهازی)، کە توانای دزەکردنیان بۆ هەر شوێنێک هەیە.
ئەوەی ڕووی دا و ڕوودەدات مایەی دڵتەنگی و شەرمەزارییە، دڵتەنگتریش ئەوەیە کە کردەوە خراپەکان لە لایەن کۆمەڵگەوە گشتگیر دەکرێن، چونکە کەم جار حوکمی کۆمەڵگە لەسەر تاوانەکە ئەوەیە کە تاوانەکە کەسییە.
ئەوانەی خراپەکارییان دروست کردووە لەوانهی خۆیان به سیاسەت خهریكدهكهن، ئازاری ئەو کەسانەیان دا، کە لە سیاسەتدا کار دەکەن و ناوبانگیان بەوە گڵاو نەبووە کە ئەوانی دیکە پێی گڵاو بوون. ئەمەش شتێکە کە ڕەنگدانەوەی دەبێت و لە داهاتوودا گۆڕانکاری لە ئەدا و قبووڵکردنی لە لایەن خەڵکەوە دەکات، چونکە بۆ جەماوەر سەخت دەبێت بڕوا بە قسەی زۆر کەس بکەن کە باسی ماف و ئەرک دەکەن؛ ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو ڕایەی کە بەهۆی تاوانەکانی دەستدرێژیکردنە سەر ماڵی گشتییەوە دروست بووە، ڕایەکە کە گومان و بەڵکوو تۆمەتباریش بۆ تەواوی کاری سیاسی درێژ دەکاتەوە.
ئەم بابەتە نوێ نییە، بەڵام ئەوەی تێیدا نوێیە ئەوەیە کە بیست ساڵی ڕابردوو نەریتێکی کاری خوڵقاندووە، کە ڕەنگدانەوەی دەستەوەستانیی زۆر کەس بووە لە پێشکەشکردنی نوێنەری لێهاتوو بۆ کارکردن و کەوتووەتە گەڕان و پێشکەشکردنی ئەوانەی کە ئەداکەیان نەک تەنیا خراپیی هەڵبژاردنیان لە لایەن سەرکردەکانیانەوە نیشان دەدات، بەڵکوو بڵاوبوونەوەی ئەو بیرۆکەیەش نیشان دەدات کە هەڵبژێردراو و ئەوەی هەڵیبژاردووە شەریکن لە دابەشکردنی ماڵی گشتیدا. بۆ زیادکردنی بێڕێزیکردن بە خەڵکیش، ئاستی لێپرسینەوە نزم و بژاردەیییە (ئینتیقائی)، ئەم دوو شتەش دەبنە هۆی دروستبوونی پەتا بۆ نەوەیەک کە ئێستا پۆست و پێگە وەک دەستکەوت و غەنیمەت دەبینێت، لە تێگەیشتنێکی شێوێندراودا بۆ حوکمڕانی و ئەمانەتی کارکردن.
من چاوەڕێم بزانم زمان و دەستەواژەی ئەوانەی بانگەشەی مەعریفەی سیاسی دەکەن چۆن دەبێت، نەک بۆ ئەوەی قسە بکەن، بەڵکوو بۆ ئەوەی خەڵک بە ڕاستگۆیی ئاڕاستەکانیان لە حوکمڕانیدا قایل بکەن، چ لە کاتی بەڕێوەبردنی پۆستەکانیاندا بێت یان وەک ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەبردنیان لە داهاتوودا.
هەروەها بە مانەوەی بژاردەیی لە جێبەجێکردنی لێپرسینەوەدا سهرم سوڕماوه، کە بەسەر کێدا جێبەجێ دەکرێت و کێ لێی دەبەخشرێت.
تاوەکوو ئێستا جیاکاری نەکراوە لەنێوان وەزیفەی حکومیدا –کە لە سادەترین شێوەی تێگەیشتنیدا ئەوەیە کە مافی مووچە، مۆڵەت، پلەبەرزکردنەوە، سزا، ئامادەبوون، ڕۆیشتن، لێپرسینەوە و بەدواداچوونی هەیە– و لەنێوان ڕۆڵی حزبی و سیاسیدا، ئەمەش ئەگەر بەڕاستی حزب و سیاسەت ڕۆڵێکی ئەرێنییان هەبێت؛ چونکە هەڵاوسانی حزبی هاوتای لاوازیی ئەدای کارگێڕییە.
ئەندامێتی لە ئەنجومەنە پەرلەمانییەکاندا، کایەی منداڵان نییە و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتێکیش گەشت و کات بەسەربردن نییە.
وڵاتێک کە مێژوویەکی قووڵی هەبێت، شایەنی ئەوە نییە ناوبانگی لەژێر هیچ ناو وبیانوویەکدا سووکایەتیی پێبکرێت، و گەلەکانیشی شایەنی ئەوە نین ناپاکییان لێ بکرێت لە لایەن کەسێکەوە کە بانگەشەی داواکردنی ماف بۆ ئەوان دەکات.
پێوەرەکان ئاڕاستەکە ئاشکرا دەکەن، و ئەوەش ڕووی دا، ئایا کەسێک هەیە پێداچوونەوە بە ئاڕاستەکەدا بکاتەوە و پێوەرەکانی ئەوانە سەرلەنوێ بنووسێتەوە کە هەڵیان دەبژێرێت بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی بکەن؟