کێشەى بودجەى هەرێمى کوردستان

161

د. ئاگرین عه‌بدوڵڵا عه‌زیز
هەروەکوو لاى هەمووان ئاشکرایە، کێشەى بووجەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵى عێراق سیاسییە و و ڕەگێکی قۆوڵى هەیە، بەداخەوە لەدواى ٢٠١٤ بەفراوانى ئەم کێشەیە بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتۆتەوە، دەسەلاتى سیاسى و هاووڵاتییانى هەرێمیش بەپلەى یەکەم زیانیان پێ گەیشتووە ئەزیەت دراون.
کێشەى بودجەى هەرێم کە لەناویدا بابەتى بودجەى پرۆژەکان و مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە، بابەتێکى دروست کراوە و ئەگەر دەسەڵاتدارانى سیاسیی عێراق مەبەستیان بێت چارەسەرکردنی گران نییە و گەڕانەوە بۆ بنەماکانى دەستوورى عێراق و جێبەجێکردنى بەسە بۆ چارەسەر و ڕاگرتنى ئەو گوشارە لەسەر هەرێمى کوردستان، چونکە بابەتەکە دووکەس لەسەرى ناکۆک نین، کە گەمە بەرێژەکانى بودجەى هەرێم لەیاسای موازنە کراوە، بۆ نموونە تاکوو ساڵى ٢٠١٤ رێژەکەى بریتى بوو لە ١٧% پاشان بێ بوونى هیچ پاساوێکى قایلکەر کرا بە ١٢,٦٧%، ئێستاش کە سەرژمێرى ساڵى ٢٠٢٤ کرا بەسەرپەرشتى دام و دەزگاکانى حکوومەتى فیدراڵى عێراق رێژەکەى ١٤,١٤,% دەرچوو، کەچى دەسەڵاتدارانى فیدراڵى هەر مامەڵە لەگەڵ ١٢,٦٧%دەکەن.
گریمان هەرێم بە ١٢,٦٧%ڕازى بوو، کەواتە بابگەرێنەوە بۆ بنەماى یاسای موازنەى ساڵى ٢٠٢٣ کەتیایدا پشکى ساڵانەى هەرێم دواى کەمکردنەوەى جۆراو جۆر بووە بە ١٦,٦٠ تریلۆن دینار کە مانگانە دەکاتە نزیکەى ١,٣ترلیۆن دینار کە مووچە و بودجە جۆراجۆرەکانى ئیشپێکردنى حکوومەت و پرۆژەکانیش لەخۆدەگرێت. بەڵام حکوومەتى فیدراڵى عێراق نەک هەر ئەو پشکە بە هەرێم ڕەوا نابینێت بەڵکوو جۆرەها داهێنانى ناگونجاوى دروست کردووە و لە پاڵ مەرجەکانى یاساى ئیدارەى دەوڵەت مەرج گەلێکى داناوە بۆ ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم، دیسانەوە دەلێن با ئەو گریمانە دابنێن کە هەرێم بەمەرجە سەمەرەکانى ناو یاسایى ئیدارەى دەوڵەت ڕازییە، دەکەواتە پێویستە حکومەتى فیدراڵى بێت تەماشاى داهاتى ناوخۆیى هەرێم بکات (کە بەڕوونى و شەفافى لە پەڕەکانى دێکۆمێنتى تەرازووى پێداچوونەوەى مانگانە دیارە چونکە ئێستا هەناردەکردنى نەوت و داهاتەکەى لاى وەزارەتى نەوتى عێراقە بە هەماهەنگى تەکنیکى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى هەرێمى کوردستان). ئەوکاتە بۆ نموونە ئەگەر داهاتى ناوخۆ ٢٥٠ملیار دینار بێت دەتوانێت نیوەى واتە ١٢٥ملیار دینار لەبەشى هەرێم ببڕێت (١,٣٠ – ٠,١٢٥ = ١,١٧٥) و ١,١٧٥ ترلیۆنیک و 175 ملیار دینار مانگانە بنێرێت، لەبەر ئەوەى بەپێى پرۆسەى هەژمارکردن بێت لەیاسایى موازنە پێویستە باقى مافە داراییەکان بنێرێت بۆ پرۆژەکانى ئاوەدانکردنەوە هەر وەک لە نموونەى لاى سەرەوە ڕوونمان کردۆتەوە. کەچى نەک ئەو مافە ڕه‌وایە بە تەواوى نانێرێت بەڵکوو داهێنانێکى ناگونجاوى بەسەر هەرێمدا سەپاندووە و تەنیا بڕى مووچە (٩٦٠ملیار دینار بەنزیکى) دەنێرێت و ئەوشى بەستۆتەوە بەناردنى نیوەى داهاتى نانەوتى ناوخۆى هەرێم، هیوادارم دەسەڵاتدارنى سیاسى عێراق چاو بەو بابەتەوە بخشێنیتەوە و پەى بە بنەما دەستووریەکانى عێراق ببەن لانى کەم بە پێى ناوەڕۆکى ماددەى ١٢١ و رێگر نەبن لە پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەى هەرێم و خۆشگوزەرانى خەڵک و دانیشتوانەکەى .