گەندەڵی.. نەخۆشیی سەردەم

39

شۆڕش عەزیز سورمێ
رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، وشەی گەندەڵی بە “بەكارهێنانی پلە و پایەی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی تایبەت” پێناسە دەكات، هەروەها بانكی نێودەوڵەتیش گەندەڵی بە “خراپ بەكارهێنانی سەروەت و سامانی گشتی بۆ دەستكەوتی تایبەتی” پێناسە دەكات.گەندەڵی یەكێكە لە نەخۆشییە هەرە قووڵەكانی ناو كۆمەڵگە. تا دێت زیاتر دەبێت، بەتایبەتیش لە نێو دەزگا ئیدارییەكان، ئەویش بەهۆی لاوازی دامەزراوەكانی حكومەت. ئەوەشمان لە یاد نەچێت گەندەڵی بە شێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەرییەكی نەرێنی هەیە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەربەستێكی گەورەیە لەبەردەم پێشكەوتنی ئابووری هەر وڵاتێك. هەروەها دەبێتە هۆی لەناوبردنی متمانەی كۆمەڵایەتی بەرامبەر بە دامەزراوە گشتیی و حكومییەكانی وڵات.لەم چەند ساڵانەی دواییدا، سەرەڕای دروستبوونی چەند لێژنەیەك دژ بە گەندەڵی لە نێو دامەزراوە حكومییەكان، بەمەبەستی نەهێشتن و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، كەچی تا ئێستا ئەو دیاردەیە هەر ماوە.بێگومان گەندەڵی تێچوونێكی زۆری كۆمەڵایەتی و ئابووری هەیە، چونكە كار دەكاتە سەر رێڕەوی گەشەسەندنی دیموكراسییەت لە وڵات.بۆیە شەڕی دژ بە گەندەڵی پێویستی بەهەماهەنگی هەیە لە نێوان دەوڵەت و رێكخراوە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان، بەئامانجی گەمارۆدان و ئاشكراكردن و بڕینی هێڵەكانی هەماهەنگی لەنێوان گەندەڵكاراندا. بێگومان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەش دەبێت ستراتیژیەتێك بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دابڕێژرێت لەسەر بنەمای هاریكارییەكی پتەو لە نیوان دەسەڵاتدارانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی، ئەمە جگە لە بوونی هاریكارییەكی گشتی لە نێو وڵاتەكەدا لەگەڵ هاووڵاتیان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.گەندەڵی سیاسەت خۆی لە خۆیدا لادانێكە لە بنەما دیاریكراوەكانی پەیڕەو و پرۆگرامەكانی كوتلە و پارت و رێكخراوە سیاسییەكان. یاخود فرۆشتنی بنەمای رێكخراوێك یان پارتێك بۆ كوتلە نەتەوەییە نێودەوڵەتی، ئەمەش دەچیتە قاڵبی خیانەتكاری. هەرچی گەندەڵی بەڕێوبەرایەتیە ئەوە پەیوەستە بە دیاردەی گەندەڵی و لادانی ئیداری لە رێگەی رێكخراوەكان، كە لەلایەن كارمەندێكەوە دەكرێت لەكاتی بەڕێوەبردنی كارەكانی بە پێچەوانەی بنەما یاساییەكان كاركردن، واتە هەلقۆستنەوەی پلە و پایەی ئیداری بۆ قازانج كردن بە شیوەیەكی نا شەرعی.هەروەها گەندەڵی داراییش بەشێكی ترە لە دیاردەی گەندەڵی، ئەویش لادانە لە یاسا و رێسا داراییەكان كە پێویستە هەموو لایەك پێیەوە پابەند بن بە تایبەتی لە نێو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان. دواتریش گەندەڵی ئەخلاقی هەیە، كە بەستراوەتەوە بە لادانی ئەخلاقی و هەڵسوكەوتە نا جێگیرییەكانی تاكە كەس دوور لە بەها پەسندكراوەكانی ئایینی و كۆمەڵایەتی. بێگومان هەموو جۆرە گەندەڵییەكان كاردانەوەی نەرێنیان هەیە لەسەر باری ئابووری و كۆمەڵاتی وڵات و دەبنە رێگر لەبەردەم رێڕەوی گەشەسەندن و دیموكراسیەتی ناوچەكە، بۆیە پێویستە لەسەر حكوومەتەكان لە گشت وڵاتانی جیهان كار بكەن بۆ توندكردن و بەهێزكردنی بەهای شفافیەت لە پێناو بڵاوكردنەوەی كولتووری نەهێشتنی گەندەڵی. دوور نەچین ئیستا لە عراق حكومەت لە دوایین بەیاننامەیدا ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا 21 بەرپرسی دەستگیركردووە كە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دارایی و ئیداری، هاوكات ژمارەیەك داواكراوی دیكەش بە ئازادی ماونەتەوە، لە كاتێكدا ئۆپەراسیۆنەكانی بەدواداچوونی ئەمنی و دادوەری بەردەوامن. ئەوەش لە كاتێكدایە كە خاڵكانێكی زۆر بەدەست هەژاری و نەبوونی پژێویی ژیان دەناڵێنن لە ووڵاتێك كە مەلە لە سەر نەوت دەكات.