خەبات: ساسان دەروێش:- بە هاوکاری سێ لایەنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، چالاکییەکی کولتووری و هونەری لە ناو دەریای شاری ئەمستردام ئەنجامدرا، کە ئامانجی سەرەکیی بریتی بوو لە کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ منداڵانی کوردستان لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییهوه.
ئەم چالاکییە لەلایەن سۆزان جەمال ئیبراهیم بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-ڤینلۆ، بە هاوبەشیی ڕێکخراوی چەپک شاخەوان دووکانی بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی ڕۆزە حەمە کەریم ، کە هەردووکیان ئەندامی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندان، ڕێکخرابوو.
لە وێستگەی کەشتیی شاری ئەمستەردام، بەشداربووان چاوەڕوانی دەستپێکردنی گەشتەکە بوون. ئافرەتان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی خۆیان ڕازاندبووە لەژێر شكاندنهوهی ئاڵای کوردستان ، لە دوورەوە دیمەنێکی وەک فێستیڤاڵێکی کولتووری خوڵقاندبوو و سەرنجی گەشتیاران و دانیشتووانی شارەکەی بۆ خۆی ڕاکێشابوو.
ژمارەیەکی بەرچاو لە خێزانە کوردەکانی هۆڵەندا، هەروەها میوانانێک لە ئەڵمانیا و کەسایەتییەکانی هۆڵەندا و وڵاتانی ئەورووپا بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد. بەشداربووانی بیانی سەرسام بوون بە کەلتوور، میوانداری و خواردنی کوردی کە لە ماوەی گەشتەکەدا پێشکەش کرابوو. ئەم چالاکییە هەلومەرجێکی گونجاوی بۆ ناساندنی ناسنامە و کەلتووری کوردی بە شێوەیەکی جوان و کاریگەر ڕەخساند.لە بەشی هونەریدا، هونەرمەندەکان خاتوو دەشنێ بابان و حەمید عوسمان بە گۆرانی و ئاوازە ڕەسەنە کوردییەکان کەشی گەشتەکەیان گەرمتر کرد. هەڵپەڕکێ و جلوبەرگی کوردیی ڕەنگاوڕەنگی ئافرەتان و پیاوانیش ڕەنگ و ڕووخسارێکی تایبەتیان بە چالاکییەکە بەخشی و کەشێکی دڵخۆش و ئارامیان دروست کرد.
سۆزان جەمال ئیبراهیم، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-ڤینلۆ، بە خەباتی ڕاگەیاند و گوتی: ئەم چالاکییە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی چەپک و فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی ئەنجامدرا. ئامانجی سەرەکی نزیککردنەوەی کوردانی هۆڵەندا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی ڕەوەندی کوردستانی بوو. هەروەها ویستمان دەرفەتێک بڕەخسێنین تاکوو خێزان و منداڵەکان زیاتر یەکتری بناسن.
سۆزان ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم چالاکییە، جگە لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، ڕۆحێکی خێرخوازانەشی هەبوو، چونکە هەموو داهاتەکانی بۆ پشتگیریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تەرخان کراون، بۆ یارمەتیدانی منداڵانی هەژاری کوردستان. بەپێی وتەکانی سۆزان جەمال ئیبراهیم، ڕێکخستنی ئەم جۆرە چالاکییانە نیشانەی هاوبەشی و یەکگرتوویی کوردانی دیاسپۆرایە و هیوادارن بەردەوام بتوانن لە ڕێگەی ئەم هەوڵانەوە پشتگیریی کوردستان و خزمەتکردنی توێژە پێویستەکان بکەن.