خهبات: هاژە بەرزنجی – سلێمانی:- کەمن ئەو کەسانەی لە تەمەنێکی هەڵکشاودا دەچنە بوارێکی کارکردنەوە و دڵسۆزیی و خەمخۆرییان بۆ کارەکەیان وایانلێدەکات لێبڕاوانە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و تەنیا بەوە نەوەستن کە خۆیان بەباشی ئەرکی سەرشانیان جێبەجێ بکەن، بەڵکو خۆشەویستی و دڵسۆزییان بۆ کارەکەیان هانیان بدات لەو فێربوونەیان خەسڵەتی ئیرەییبردن تێپەڕێنن و هانی خەڵکی دیکەش بدەن بۆ دڵسۆزی و لێبڕاوی لەو ئەرک و فەرمانەی لە ئەستۆیاندایە.
سەرکەوت عەلی حەبیب، نووسەر و لێکۆڵەر و فۆلکلۆریست و ڕاگەیاندکار، لە ساڵی 1960 لەگەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە و بڕوانامەی بەکالورێوسی لە ڕاگەیاندن هەیە. یەکێکە لەو کەسانەی ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ هونەری خۆشنووسیی، هاوکات لە بواری ڕاگەیاندنیش خزمەتی گەورەی کردووە لەماوەی کارکردنیدا. ئەندامێکی کاریگەری دەستەی کارگێڕیی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان و سکرتێری کۆمەڵەی کەلەپووری کورد و ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی و دەستەی ڕاوێژکاری گۆڤاری بابانە و ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردە. شوێن قەڵەمی لە فەرهەنگی کوردی بەدی دەکرێت. لەڕووی میدیایشەوە توانایەکی بەرچاوی هەیە.
لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا سەبارەت بواری نووسین و کاری هونەری خۆشنووسی بۆ خەبات گوتی: لە ساڵی ١٩٨٨ یەکەم نووسینم لە پاشکۆی عێراق لهبارەی نەمرانی شار؛ بڵاو کراوەتەوە.
واتە من لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاوە دەستم بە نووسینی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و بابەتی مێژوویی و فۆلکلۆری و کەلەپووری کردووە، هەڵبەت نووسینەکانیشم زیاتر له بارەی کەلەپوور و زمانەوانی و مێژووە.
سەرکەوت عەلی، لە وەڵامی پرسیارێکی دیكهدا سەبارەت بەوەی ئایا لە نووسینەکانتدا گەیشتوویتە ئەو ئامانجەی کە دەتەوێ بیگەیتێ؟ گوتی: ئەگەر کەسێک خاوەنی کەشتییەکی گەورەش بێ بەڵام نەزانێت بۆچ شوێنێک دەچێت بێ سوود لەناو دەریا بجوڵێت هیچ بەئامانج ناگات، بەڵام سوپاس بۆخوا توانیومە کەمێک لە ئامانجەکانم بپێکم و خەونی گەورەتریشم هەیە بۆ کورد ئەگەر تەندروست باش بم ئومێدی زۆریشم هەیە بۆ نەوەکانی دواڕۆژ.
ئەگەر ئێمەش دەرفەتمان بۆ نەڕەخسا ئامانج بهێنینەدی و بەنووکی قەڵەمەکانمان بیانگەینێ، داوامان ئەوەیە ئەوان لەڕێگەی ئامێرە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد و تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە بەجیهانی بگەیەنن.
پاشان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە باشترین کاری ئەدەبی و هونەری کە ئەنجامت دابێت گوتی: لەوەتی چاوەکانم کردۆتەوە ئەوەی باوەڕم پێی هەبووە، چ کاری گەورەبێ یان بچووک کە لە خەیاڵمدابووە بەئەنجامم گەیاندووە، لە هیچ کارێکیش نەترساوم و پەشیمانیش نەبووم، لەو کارانەی کردوومن، ئەو کارە ئەدەبی و هونەرییانەش کە دوای ماندووبوونێکی زۆر بەدەستمهێناوە، بۆیە دڵخۆشم کە هەر ڕۆژێک له تەمەنم دەڕوات لە ئامانجەکەم نزیک بوومەتەوە بەگوێرەی توانای خۆم.
له بارەی ئاشنایەتی لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەشدا، سەرکەوت پێیگوتین: خوێندنەوەم زۆرە و بەردەوام دەخوێنمەوە، زۆربەی کاتی بێکاریم لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا بەسەردەبەم، خاوەنی کتێبخانەیەکی باشم لە ماڵەوە، ناشتوانم بێ کتێب و خوێندنەوە بژیم، هەڵبەته کتێب پیرۆزیی خۆی هەیە، هەروەها کتێب و خوێندنەوە ئیلهام و سەرچاوەی زانیاری و کەرەستەی نووسینە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و سایتەکان نەبوونە ڕێگر لەبەردەم کتێب و خوێندنەوەی تۆدا؟ گوتی: نەخێر، بەهیچ جۆرێک، چونکە پیرۆزیی و گەورەیی کتێب زۆر جیاوازە لە سایتەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کتێب تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیه، ئەو تام و چێژەی لە کتێب و خوێندنەوە هەیە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەنتەرنێت نییە؟
سەبارەت بە شارەزاییشی لە کاری خۆشنووسیدا گوتی؟
-بەڵێ کەمێک شارەزاییم هەیە.
سەبارەت بە پڕۆژەی داهاتووشی گوتی: کتێبێکم ئامادەی چاپە بەناوی(فەرهەنگی گەوهەرێ) هونەرمەند حەسەن زیرەک.
سەبارەت بە بەرهەمە چاپکراوەکانیشی گوتی: بەرهەمە چاپکراوەکانم بریتین لە:
-کتێبی بەدەم پیاڵە چایەکەوە ٢٠٠٣.
-چەند سەرنجێک لە ڕێنووسی کوردی ٢٠٠٧.
– چەند سەرنجێک لە ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی. ٢٠١٠.
– تەلەڤزیۆنی کوردی و چەند سەرنجێک، چاپی یەکەم- ٢٠٢٢.
– تەلەڤزیۆنی کوردی، چاپی دووەم- ٢٠٢٢.











