داشۆرانی ئەخلاقی لە کایەی سیاسیدا

282

چیا هەرکی*
ململانێی سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەت و کۆمەڵگا پێگەیشتووەکاندا، هەمیشە بە یاسا و پرەنسیپە ئەخلاقی و نۆرمە دیپلۆماسییەکان بەڕێوەدەچێت.
سیاسەت لە جەوهەری خۆیدا هونەری بەڕێوەبردن و گفتوگۆیە، تەنانەت لە لووتکەی ناکۆکییەکانیشدا، پاراستنی ئەتەکێتی ململانێ؛ نیشانەی سەنگینی و پێگەیشتوویی هێزە سیاسییەکانە، بەڵام کاتێک سنوورەکانی ئەدەبیاتی سیاسی دەبەزێنرێن و زمانی بازاڕی دەبێتە ئامرازی دەربڕین، وەک ئەوەی (شاسوار عەبدولواحید) کردی، کایە سەرکەوتووەکە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە داشۆرانی ئەخلاقی کە زیان بە ته‌واوی پرۆسەی دیموکراسی دەگەیەنێت.
مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلان، سەرمایەیەکی نەتەوەییە و ناکرێت لەپێناو دەستکەوتی کاتی یان ڕێککەوتنی کورتمەودادا سووکایەتی پێ بکرێت. هێزە ڕەسەنەکان کە خاوەنی مێژوویەکی درێژخایەنی قوربانیدانن، هەمیشە لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە سەیری هاوکێشەکان دەکەن. لە بەرانبەردا، دەرکەوتنی هەندێک کارەکتەری لە ڕووخساردا سیاسی و لە ناوەڕۆکدا بازرگانی چڵێس بە شێوازێکی دوور لە پرەنسیپە سەرەتاییەکانی سیاسەت، دەری دەخات کە تێگەیشتنی ئەوان بۆ ململانێ، تەنها لە چوارچێوەی بازرگانیی سیاسی و بڕینی گیرفانی جەماوەر و فرۆشتنی دەنگ و کورسییەکانی دایە.
دیارە ئەم جۆرە ڕەفتارانە نەک هەر گوزارشت لە ستراتیژێکی سیاسی ناکەن، بەڵکوو نەزانین لە ئەلف و بێی دیپلۆماسی و پاراستنی پردەکان (وەک بنەمای مووه‌کەی موعاویە) نیشان دەدەن.
کاتێک بازرگانێکی سیاسی یان لایەنێک مۆڕاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی فەرامۆش دەکات، ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر میدیا و پلاتفۆڕمە سێبەرەکانیشی دەبێت. وەک چۆن لە پەندە عەرەبییەکەدا هاتووە کە دەڵێت: “إذا كان رب الدار بالدف ضارباً فشيمة أهل البيت كلهم الرقص”، کاتێک گوتاری سەرەکیی سەرۆکی بەناو جووڵانەوەیەکی سیاسی لادان بێت لە ئەتەکێت، سرووشتییە کە سوپای میدیایی و پەیجەکانیشی بە هەمان زمانی نزم و بازاڕی هێرش بکەنە سەر نەیارەکانیان.
سیاسەتی دروست پێویستی بە سەنگینی، ڕێزگرتن لە مێژووی هاوبەش و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی و حزبی هەیە. بازرگانیکردن بە دەنگ و کورسییەکان و بەکارهێنانی زمانی شەقام، ڕێگایەکی کورتخایەنە بۆ تەنیا سەرنجڕاکێشان، بەڵام لە کۆتاییدا لەبەردەم دادگای مێژوو و هۆشیاریی گەلدا، تەنها ئەوانە دەمێننەوە کە خاوەنی بنەمایەکی ئەخلاقی و نیشتمانیی پتەون.
* ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی