سەهەند كۆیی
دامەزراوە خێرخوازی و گشتییەكان لە كاروانی هاوچەرخی نەتەوەكاندا، هەمیشە وەكوو ئاوێنەی درەوشاوەی هۆشیاریی نیشتمانی و پەرۆشیی هاوبەشی نێوان دەسەڵات و گەل دادەنرێن. لەم سۆنگەیەوە، هێشتنەوەی وەچەی نوێ و لەخۆگرتنی ئەو جگەر گۆشانەی بەهۆی بارودۆخی هەمەجۆری گوزەرانەوە دووچاری پەرتبوون و بێدەرەتانی دەبن، لە پێشەنگی هەرە كارە گرنگەكانی پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتیدایە.
لەم پێناوەشدا، دەڤەری هەولێر خاوەنی ڕابردوویەكی پڕبایەخە لە خەبات و تێكۆشان لە پێناو دابینكردنی پەناگەیەكی هێمن بۆ ئەو كچ و كوڕانەی كە بێناز و بێسەرپەرشت مابوونەوە، كە لەم ڕێڕەوەدا چەندین مرۆڤی خەمخۆر و پێشڕەو، بە تایبەت خانمانی خاوەن زانست و ڕۆشنبیری، پێگەیەكی بێوێنەیان تەرخانكرد لە گۆڕینی دیدگای گشتی لە بەخشندەییەكی نەریتییەوە بەرەو دابینكردنی چاودێریی زانستی و ڕێكارە یاساییەكان. ئەم گۆڕانكارییە بنەڕەتییە پەرەی بە چەمكی مافی مرۆڤ دا و بنەمایەكی پتەوی دانا بۆ پاراستنی شكۆمەندیی ئەو منداڵانەی كە دواڕۆژی ئەم وڵاتە پێكدەهێنن.
لە پەنای خێزانەوە بۆ سایەی دەوڵەت
گۆڕانی سیستمی چاودێریی منداڵانی لێقەوماو لە نەریتە خێزانییە كۆنەكانەوە بۆ ژێر سایەی فەرمیی دەوڵەت، وەرچەرخانێكی مێژوویی و دەستپێكێكی شكۆدار بوو لە پێناو پاراستنی شكۆمەندیی مرۆیی. ئەم هەنگاوە یاسایی و فەرمییە لە ساڵی ١٩٦٥دا، كۆتایی بە پەرتەوازەیی ئەو منداڵانە هێنا كە بەهۆی كێشە كۆمەڵایەتییەكانەوە بێپەنا مابوونەوە، بەڵام پێش ئەم مێژووە، حەواندنەوەی منداڵانی لێقەوماو زیاتر لەسەر بنەمای خێرخوازی و ڕەوشتە بەرزەكانی نێو خێزانی كوردی بەڕێوەدەچوو. بەجۆرێك لەو قۆناغەدا كەسە نزیكەكانی وەكوو نەنك و باپیر، یان مام و خاڵ و پور، ئەركی بەخێوكردنیان دەگرتە ئەستۆ. هەرچەندە ئەم نەرێتە خێزانییە لە ڕووی هاوسۆزییەوە جێگەی پێزانین بوو، بەڵام زۆرجار منداڵەكە بە چاوی(هەتیو)، یان وەكوو میوانێكی نەویستراو سەیر دەكرا، ئەمەش برینێكی دەروونی قووڵی لای ئەوان دروست دەكرد، تا ئەو كاتەی سیستمی فەرمی جێگەی بەو نەریتە چاكەكارییە گرتەوە و دەوڵەت بە فەرمی ئەركەكەی گرتە ئەستۆ و لایەنی یاسایی و مافەكانی بۆ ڕێكخستن.
ڕێڕەوی دەستەبژێر، مێژوویەكی زیندووی بەخشین
لەنێو جەرگەی ئەم مێژووەدا، ناوی خاتوو (ڕزقیە عیزەت نومان ئامێدی)، وەكوو یەكەمین ئافرەتی پێشەنگی كورد لە بواری توێژینەوەی كۆمەڵایەتیدا دەدرەوشێتەوە. ناوبراو لە سەرەتای ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا، كورسی خوێندنی لە بەشی كۆمەڵناسیی زانكۆی بەغدا بەدەستهێنا و پاش دەرچوونی، ڕاستەوخۆ لە خانەی چاودێریی نەوجەوانانی هەولێر دەستی بە كاروانی پیشەیی خۆی كرد. ئەم خانمە دڵسۆزە بەهۆی لێهاتوویی و خەمخۆرییەكەیەوە، قۆناغ بە قۆناغ لە كارەكەیدا پێشكەوت، بە جۆرێك دواتر بەرپرسیارێتی بەشی كۆمەڵایەتیی هەولێری لە ئەمیندارێتی كاروباری كۆمەڵایەتی پێسپێردرا. لەگەڵ دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا، بەهۆی پاڵپشتیی ئەزموونە دەوڵەمەندەكەیەوە، بووە بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی كۆمەڵایەتی و پاشانیش وەك ڕاوێژكاری باڵا لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لاپەڕەیەكی پڕ لە شانازی لە مێژووی كاركردنیدا تۆمار كرد. ئەم لێكۆڵەرە دەستپێشخەرە، لە ئێستادا و لە پاش چەندین دەیە بەخشین، لە شاری دهۆك خانەنشینە و لە ماوەی كاركردنیدا نوێنەرایەتییەكی سەركەوتووانەی دۆسیە كۆمەڵایەتییەكانی كردووە لە چەندین كۆنگرە و كۆنفرانسی گرنگدا، كە تێیدا تێبینی و سەرنجە زانستییەكانی هەمیشە جێگەی بایەخی ناوەندە بڕیاربەدەستەكان بووە.
ئەرشیفی سۆز و ئاوازی داهێنان
كاروانی پیشەیی ئەم خانمە تەنها لە بیرەوەرییەكاندا نەماوەتەوە، بەڵكوو لە ساڵی ١٩٧٦دا گۆڤاری (حوكمی زاتی)، دیمانەیەكی تایبەت و هەمەلایەنی لەگەڵدا ئەنجامداوە، كە لە ئێستادا ئەم بەڵگەنامەیە هاوشان لەگەڵ وێنە دەگمەنەكانی ئەو سەردەمە، وەك سامانێكی مێژوویی هێژا لە ئەرشیفی نیشتمانی پارێزراون. كە خۆیان لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ژیانی نێوخۆی خانەكەن، كە تێیدا لە لایەكەوە خاتوو ڕزقیە لە ناوەڕاستی منداڵە بێسەرپەرشتەكاندا وەك دایكێكی خەمخۆر دەردەكەوێت و لە لایەكی دیكەشەوە چالاكییە كولتووری و هونەرییەكانی ئەو قۆناغە دەخەنە ڕوو. بە شێوازێك كە تێیدا، وانەی مۆسیقا و ژەنینی ئامێرەكان بە نەوجەوانان دەوترایەوە بە مەبەستی گەشەپێدانی بەهرە و تواناكانیان. هەر بۆیە، ئەم جۆرە خولە فێركارییانە گەواهیدەری تێڕوانینێكی زانستی و پێشكەوتووی ئەو كاتەی ناوەندەكەن بۆ سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی باری دەروونیی منداڵەكان، بەم پێیەش لە ڕێگەی ئەم شێوازە پەروەردەییە سەرنجڕاكێشانەوە هەوڵ دەدرا ژینگەیەكی پڕ لە ئارامی و داهێنان بۆ نەوەی نوێ دابین بكرێت تا لەم ڕێگەیەوە متمانەبەخۆبوون و سەقامگیریی دەروونی بۆ منداڵەكان بگەڕێتەوە. بێگومان پاراستنی ئەم تۆمارە مێژووییانە، سەرچاوەیەكی دەوڵەمەند و هاوكارێكی باشە بۆ توێژەرانی ئێستا تا لە نزیكەوە ئاشنای قۆناغە دێرینەكانی گەشەسەندنی بواری كۆمەڵایەتی بن لە ناوچەكەدا.
نژیاری میهرەبانی
شوێن و تەلارسازیی یەكەمین بینای خانەی چاودێریی نەوجەوانانی هەولێر، بەستراوەتەوە بە ناوی سەرمایەداری ناسراوی ئەرمەنی (گوڵەبەنگیان)، كە خاوەنی پێنج لەسەدی پشكی نەوتی عێراق بوو و ئەركی دروستكردنی ئەم ناوەندە خێرخوازییەی گرتبووە ئەستۆ. ئەم شوێنە بۆ چەندین دەیە وەك پێگەیەكی مرۆیی گرنگ مایەوە، تاوەكو دوای ساڵی ٢٠٠٠ بینا كۆنەكە ڕوخێنرا و لەسەر هەمان زەمینی دێرین، تەلارێكی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی كۆمەڵایەتیی هەولێر بنیاتنرا، كە تا ئێستاش بەردەوامە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی. لەم ڕوانگەیەوە، ناكرێت باسی مێژووی هاوكاری و كۆمەڵایەتیی شاری هەولێر بكرێت بەبێ بەرزنرخاندنی ناوی ئەو كەسایەتییانەی تەمەنی خۆیان لە پێناو خەندەی سەر لێوی مندڵانی بێپەنا بەخشیوە، بە جۆرێك كارامەیی و خەمخۆریی خاتوو (ڕزقیە ئامێدی)، دەبێتە نموونەیەكی باڵای ئافرەتی پێشەنگ و دەستەبژێری كورد، كە شایستەی یادكردنەوەی بەردەوام و ڕێزلێنانی نیشتمانییە. سڵاو و ڕێز بۆ تەمەنی پڕ لە بەخششی ئەم خانمە هێژایە و سەرجەم ئەو مرۆڤدۆستانەی كە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گشتی تەرخان كردووە.










