
خەبات- چین – سەیران سەڵاح
لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بەدوای ڕێگاکانی باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەگەڕێن، کۆماری چین بووەتە یەکێک لە نموونە سەرکەوتووەکانی گەشەپێدان لە بواری تەندروستی، تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
بۆ ناساندنی ئەم ئەزموونە بە وڵاتانی گەشەسەندوو، حکوومەتی چین بەردەوام خولی نێودەوڵەتی و بەرنامەی ڕاهێنان ڕێکدەخات، کە پسپۆڕ و بەرپرسانی بواری تەندروستی لە جیهانی جیاواز تێیدا بەشدار دەبن لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەدا، ئێمەش وەكوو ڕێكخراوی ئەستێرەی منداڵان و شەش نوێنەری هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بەشداری خولی نێودەوڵەتی Primary Healthcare System for Developing Countries مان کرد. ئەم خولە بە بەشداری ٢٨ نوێنەر لە ژمارەیەک وڵاتانی جیهان کە پێکهاتبون لە (هەرێمی کوردستان -عێراق، كۆستاریكا، غانا، غویانا، كینیا، نیپاڵ، ساوتۆمی و برینسیبی سیرالیۆن، تونجا) لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە شارەکانی چێنگدو، هانگژۆ و نیجیانگ بەڕێوەچوو و ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە ئاڵوگۆڕی ئەزموون و، گواستنەوەی زانیاری و ناساندنی سیستەمی تەندروستی و گەشەی تەکنەلۆژیای چین.
لە ڕۆژەکانی یەكەمی خولەکەوە، دیار بوو ئەم بەرنامەیە تەنیا کۆمەڵێک وانەی زانستی نییە، بەڵکوو پرۆگرامێکی تەواوە کە تیایدا سەردانی مەیدانی، ناسینی کولتوور و دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی بە یەکەوە کۆکراونەتەوە. وانەکان لەلایەن مامۆستای زانکۆکان، پسپۆڕانی تەندروستی، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی چین و شارەزایانی تەکنەلۆژیا پێشکەش دەکران، کە هەر یەکەیان باسی لە ئەزموونێکی سەرکەوتووی چین دەکرد.
بابەتە زانستییەکان هەموو لە دەوری باشترکردنی سیستەمی تەندروستی سەرەتایی دەسوڕانەوە. باس لە چۆنیەتی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هەموو هاووڵاتیان، سیستەمی دڵنیایی تەندروستی، چاودێری نەخۆشییە گەورەکان، بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان، تەندروستی گوندەکان، تەندروستی دیجیتاڵ، بەکارهێنانی داتا، هوشی دەستکرد و توێژینەوەی زانستی کرا. ئەوەی سەرنجی زۆربەی بەشداربووانی ڕاکێشا، ئەوە بوو کە چین تەکنەلۆژیای نوێ و زانستی نوێ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کردووەتە بەشێک لە خزمەتگوزاری ڕۆژانەی تەندروستی. لە هەمان کاتدا، ئەم خولە دەرفەتێکی باشی بۆ ناسینی نوێنەرانی وڵاتانی جیاوازیش ڕەخساند. ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەگەڵ پسپۆڕانی وڵاتانی تر، گفتوگۆی لەسەر کێشە هاوبەشەکانی سیستەمی تەندروستی و ناساندنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، بەشێکی گرنگی ئەم خولە بوو. هەروەها، نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە پێشکەشکردنی ناسنامەی هەرێم، سیستەمی تەندروستی و کار و چالاکییەکانی وەزارەتی تەندروستیدا بە شێوەیەکی شایستە بەشدارییان کرد و سەرنجی زۆرێک لە بەشداربووانیان بۆ ئەزموونی هەرێم ڕاکێشا.
ئەوەی لەم خولە سەرنجڕاكێش بوو لە سەرەتاوە ئەوە بوو کە گەشەی سیستەمی تەندروستی تەنیا بە دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ نییە، بەڵکوو بە هاوکاری نێوان زانست، تەکنەلۆژیا، بەڕێوەبردنی دروست و گەشەپێدانی مرۆیی دەکرێت. ئەم بیرۆکەیە بە درێژایی خولەکە لە هەموو وانە و سەردانەکاندا دووبارە جەختی لەسەر کرایەوە و بووە بنەمای ئەزموونی چین لە گەشەپێدانی تەندروستی.
ڕۆڵی ڕۆبۆت و ئەزموونی چین لە پەرەپێدانی سیستەمی تەندروستی
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم خولە، تەنیا گوێگرتن لە وانە زانستییەکان نەبوو، بەڵکوو دەرفەتی سەردانی مەیدانی بوو بۆ ئەو دامەزراوانەی کە ئەو بیرۆکانەیان لە پراکتیکدا جێبەجێ کردبوو. بۆیە بەشداربووان، لەنێویاندا شەش نوێنەری هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، لە نزیکەوە ئەزموونی چینیان بینی . لە گرنگترین سەردانەکان، سەردانی کۆمپانیای Buffalo Robotics Technology بوو. لێرەدا ڕۆبۆتە تەندروستییەکان پیشان دران کە بۆ چاودێری نەخۆش، چاکسازی، ڕاهێنانی جووڵە و هاوکاری کەسانی پێویست بە چاکسازی بەکاردەهێندرێن. ئەم ڕۆبۆتانە بە بەکارهێنانی هوشی دەستکرد، دەتوانن بڕیارە سەرەتاییەکان بدەن، زانیاری کۆبکەنەوە و یارمەتی تیمی پزیشکی بدەن. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە داهاتووی تەندروستی تەنها پشت بە کاری مرۆڤ نابەستێت، بەڵکوو هاوکاری نێوان مرۆڤ و تەکنەلۆژیا بنەمای سەرەکی دەبێت.
هەروەها، سەردانی کۆمپانیای WeDoctor مان كرد کە یەکێکە لە گەورەترین پلاتفۆرمەکانی تەندروستی دیجیتاڵ لە چین. لێرەدا ئەوەی تێبینی كرا ئەوەبوو چۆن نەخۆش دەتوانێت لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە نۆرە بگرێت، پزیشک هەڵبژێرێت، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ببینێت و تەنانەت ڕاوێژی پزیشکی لە دوورەوە وەربگرێت. ئەم جۆرە سیستەمە بارودۆخی نەخۆشخانەکان باشتر دەکات و کاتی چاوەڕوانی نەخۆشان کەم دەکاتەوە.
لە سەردانی كۆمپانیای Ustar Biotechnologiesبەشداربووان ئاشنا بوون بە نوێترین تەکنەلۆژی دۆزینەوەی نەخۆشی بە شێوەی مۆلیکولی. ئەم ناوەندە نیشانی دا کە چین چۆن لە بواری توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی تاقیکردنەوەی خێرا پێشڕەوە، بە تایبەت دوای ئەزموونی پەتای کۆرۆنا.
هەروەها، سەردانی چەند نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستی کرا، کە تێیدا بەڕێوەبردنی نەخۆشخانە، سیستەمی ئۆتۆماتیکی تۆمارکردنی نەخۆش، پەیوەندی نێوان بەشەکان و بەکارهێنانی داتای دیجیتاڵ لە بڕیارداندا پیشان درا. ئەوەی سەرنجی ڕادەکێشا ئەوە بوو کە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچوون و کەمتر پشت بە کاغەز دەبەسترا. لە بابەتی تەندروستی سەرەتاییش، پسپۆڕانی چین جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە باشترین سیستەمی تەندروستی ئەوەیە پێشگیری نەخۆش بکات، نەک تەنیا چارەسەری بکات. بۆیە گرنگییەکی زۆر بە فێرکاری، ڤاکسین، پشکنینی پێشوەخت، تەندروستی خێزان و چاودێریی گەنجان و پیران دەدرێت.
لە کۆی ئەم سەردانانەدا، دیار بوو کە سەرکەوتنی چین تەنیا لە کڕینی ئامێری نوێدا نییە، بەڵکوو لە پلاندانان، توێژینەوە، فێرکردنی کادرەکان و بەکارهێنانی زانست بۆ خزمەتکردنی مرۆڤدا خۆی دەبینێتەوە.ئەوەش وانەیەکی گرنگ بوو بۆ هەموو بەشداربووان، بە تایبەت نوێنەرانی هەرێمی کوردستان، کە ئەو ئەزموونانە لە داهاتوودا بۆ گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان سوودبەخش دەبن.
جگە لە بەرنامە زانستی و سەردانە مەیدانییەکان، خولەکە گرنگییەکی زۆری بە ئاڵوگۆڕی کولتوری نێوان وڵاتان دەدا. لەبەر ئەوە، بەرنامەیەکی تایبەت ڕێکخرابوو کە تێیدا لە هەر وڵاتێک یەک نوێنەر دەرفەتی ئەوەی پێدرابوو باس لە وڵاتەکەی بکات. لەو پێشکەشانانەدا، نوێنەران زانیارییان لەسەر مێژوو، کولتوور، ژیانی کۆمەڵایەتی،داب و نەریت، هەروەها سیستەمی تەندروستی و ئەزموونەکانی وڵاتەکانیان پێشکەش کرد. ئەم بەرنامەیە بوارێکی گونجاوی بۆ ناسینی زیاتر و دروستکردنی پەیوەندی نێوان بەشداربووان ڕەخساند.
نوێنەری هەرێمی کوردستانیش کە بەڕێز دکتۆر ئەفراسیاب لەم بەرنامەیەدا بە شێوەیەکی شایستە باسی هەرێمی کوردستانی بە نیشاندانی گرتەی ڤیدیۆی رەوشی ژیان و گوزەران، لە مێژوو، کولتور و جل بەرگ و خواردن و میوان دۆستی و ئاشتیخوازی خەڵکی کوردستان و سیستەمی تەندروستی هەرێمی كوردستان کرد. ئەم پێشکەشکردنە سەرنج و حەزی زۆرێک لە بەشداربووانی وڵاتانی تر بۆ ناسینی زیاتری هەرێمی کوردستان ڕاکێشا و بووە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان بەشداربووان.
لە کۆتایی خوولەکەدا، ئاهەنگێکی جوان بۆ تەواوبوونی بەرنامەکە بەڕێوەچوو. لەو ئاهەنگەدا، بەرپرسانی خولەکە بڕوانامەی تەواوکردنی خولیان بە هەموو بەشداربووان بەخشی. ئەو بۆنەیە تەنیا کۆتایی خولێک نەبوو، بەڵکوو دەرخەری پەیوەندی و دۆستایەتییەک بوو کە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەدا لەنێوان بەشداربووان و ڕێکخەران دروستبوو .