ڕاپۆرت- مسلم دۆلەمەری
پەرەسەندنی بازاڕی ئۆنلاین بە تایبەت لە بواری كەلوپەلی ئافرەتان لەم چەند ساڵەی دوایدا بەرفراوانییەكی باشی بە خۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین بە هۆی ئەم كڕین و فرۆشتنی ئۆنلاینەوە گرفتە كۆمەڵایەتی و بە تایبەت تێكچوونی شیرازەی خێزان و بگرە هەڵوەشاندنەوەی چەندان خێزانیشی لێكەوتۆتەوە بە هۆی ئەوەی ئافرەتان لەو ڕێگەیەوە هەڵخەڵەتێنراون. لەم ڕاپۆرتەدا بیر و بۆچوونی ژمارەیەك هاووڵاتیمان وەرگرت.
مامۆستا نازەنین عەزیز موراد گوتی: لە سایەی شۆڕشی تەكنۆلۆژیا و سۆشیاڵ میدیادا، شێوازی ژیانی ڕۆژانەی ئێمە گۆڕانكاریی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە. یەكێك لەو دیاردە بەرچاوانەی كە لەم ساڵانەی دواییدا كۆمەڵگەی كوردی گرتووەتەوە، دیاردەی، بازاڕكردنی ئۆنلاینە بە تایبەت لە لایەن ئافرەتانەوە بۆ كڕینی پێداویستییە تایبەتەكانیان.
ئەگەرچی ئەم تەكنۆلۆژیایە ئاسانكارییەكی گەورەیە، بەڵام پرسیارێكی ڕوون لە ناوەندە ئەكادیمی و كۆمەڵایەتییەكاندا دروستكردووە كە ئایا ئەم جۆرە كڕینە هۆكارێكە بۆ نەمانی متمانە و تێكدانی شیرازەی خێزان؟ پێویستە لە دوو تێڕوانینی جیاواز سەیری ئەم دیاردەیە بكەین. یەكەم: لایەنی نەرێنی، كاتێك تەكنۆلۆژیا دەبێتە هۆی «خیانەتی دارایی»: توێژینەوە كۆمەڵایەتییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە كێشەكە لە خودی «كڕینی ئۆنلاین»دا نییە، بەڵكوو لەو دیاردەیە كە هاوشانی ئەم پرۆسەیە.كڕینی كەلوپەلی ئۆنلاین بە هۆی ئاسانییەوە، زۆر جار مرۆڤ تووشی كڕینی پێداویستی نا سەرەتایی و نا پێویست دەكات، كە بە هۆی كاریگەریی بلۆگەر و ڕێكلامە بەردەوامەكانەوە دروستدەبێت.
لێرەوە كێشە خێزانییەكان لە چەند خاڵێكدا سەر هەڵدەدەن:
یه‌كەم: شاردنەوە و درۆكردن: كاتێك هاوسەران (بە تایبەت لەو خێزانانەی داهاتیان سنووردارە) بڕی كڕینەكان یان نرخەكانیان لە هاوسەرەكانیان دەشارنەوە، دیاردەیەك دروستدەبێت كە لە دەروونناسیی خێزانیدا پێی دەوترێت «خیانەتی دارایی بچووك». ئەم شاردنەوەیە وردە وردە بنەمای متمانەی نێوانیان لاواز دەكات. گوشاری ئابووری لە سەر پیاو: لە كۆمەڵگەی ئێمەدا كە بژێوی سەرەكی لە سەر شانی پیاوانە، كڕینی بەردەوامی كەلوپەلی جوانكاری و جل و بەرگ بە بێ پلان، بارگرانییەكی قورس دەخاتە سەر دارایی ماڵەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی و ناكۆكی بەردەوام.
دووەم: لایەنە ئەرێنییەكە، پاراستنی تایبەتمەندی و كات لە بەرامبەردا، ناتوانرێت نكوڵی لەوە بكرێت كە كڕینی ئۆنلاین خزمەتێكی گەورەی بە كۆمەڵێك لە ئافرەتان كردووە. لە كۆمەڵگەیەكی چاولێكەریدا، كڕینی هەندێك لە پێداویستییە زۆر تایبەتەكانی ئافرەتان لە بازاڕە گشتییەكاندا، هێشتا شەرم یان ناڕەحەتی بۆ زۆرێك لە ئافرەتان دروستدەكات.
بازاڕی دیجیتاڵی ژینگەیەكی ئارام و پڕ لە تایبەتمەندی بۆ دابین كردوون، جگە لەوەی بۆ ئەو ئافرەتانەی كە فەرمانبەرن یان دایكی منداڵی بچووكن، ئەم شێوازە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی كات و ئاسانكاری لە كڕین.
مامۆستا جەبار عەبدووڵڵا دەلێت: بازرگانی ئۆنلاین لەچەند ساڵی ڕابردوو بە خێرایی زۆر لە كۆمەڵگای كوردستان بەرفراوان بووە، بە تایبەتی لە بوارەكانی جل و بەرگ و كەل و پەلی ئافرەتان، ئەمجۆرە بازرگانییە كار ئاسانییەكی زۆری بۆ كڕیاران كردووە. لە هەمان كاتدا چەند كێشەی نوێی كۆمەڵایەتی و خێزانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە كە یەكێك لەوانە دەتوانرێت كاریگەری لە سەر متمانە و ئاسایشی نێوان هاوسەران بێت. بنەمای كێشەكە كڕینی شتومەكی تایبەت بە ئافرەتان بە شێوەی ئۆنلاین وەكوو جل و بەرگ، نێو ماڵ یان كەلوپەلی تایبەتی تر. دەتوانێت بە هۆی چەند هۆكارێكەوە ببێتە مایەی كێشە لە نێوان هاوسەراندا، گرفتی سەرهەڵدانی كێشەی نێوان هاوسەران نهێنی كارییە لە كڕیندا. كاتێك ئافرەتێك شتومەك دەكڕێت بێ ئەوەی هاوسەرەكەی هەواڵی هەبێت یان بە پێچەوانەوە پیاوێك شتومەك بۆ ئافرەتەكەی دەكڕێت بێ ئاگادار بوونی ئەو، خۆی گومانێك لای پیاوەكەی دروستدەبێت كاتێك پاكێجەكە دەگاتە ماڵەوە. زۆربەی پسپۆرانی كۆمەڵایەتی پێیانوایە كێشەكە لە كڕینەكەدا نییە، بەڵكوو لە نهێنی كارەكەدایە. كاتێك هاوسەرێك هەست بكات كە شتێكی لێ شاردراوەتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو شتە بێ زیانیش بێت. لەگەڵ بەردەوامی ئەو جۆرە بازرگانییە پەیوەندی هاوسەران ڕوو لە ئاڵۆزی دەكات، بۆیە باشتر وایە یاساكانی بازرگانی كڕین و فرۆشتنی كەل و پەل سنوورێكی بۆ دابنرێت و ڕێگا نەدرێت ئەو سنوورە ببەزێنرێت كە بنەماكانی كۆمەڵگه‌ی ئێمە بخاتە بەردەم هەرس هێنان .
مامۆستا بەفرین مەحموود لەو بارەوە دەڵێت: من پێموایە كڕین بە شێوەی ئۆنلاین لەم چەند ساڵەی دواییدا زیادی كردووە و بووەتە بابەتێكی ئاسایی لای زۆرینەی خەڵك بەگشتی، خانمان زیاتر گرنگی بە كڕینی ئۆنلاین دەدەن كاتێك دێینە سەر بەرهەم و كاڵاكانی تایبەت بە ئافرەتان ئەوا دەبێ لە چەند لایەنێكەوە بڕوانینە باسەكە و لێی بكۆڵینەوە. جارێ دەبێ بزانین بازاڕكردن بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ ئافرەتان بە تەواوی نەگەیشتۆتە ئاستێكی تەواو متمانە پێكراو، چ بگات بە شێوەی ئۆنلاین، لەبەر ئەوە وا باشترە فرۆشیاری بابەتەكانی ئافرەتان زیاتر ئافرەت بێت و شارەزایی تەواوی هەبێت لە خواست و پێداویستی خانمان و كوالێتی كاڵاكان. لێرەدا دەیهێنینە بەر چاومان، چی دەبێت ئەگەر فرۆشیاری پشت شاشەی مۆبایل و كۆمپیوتەرەكان كەسانێك بن ڕەگەز و ناسنامەیان دیار نەبێت، كوالێتی ئەو شتانەی دەیدەن بە كڕیار لە ئاستێكی زۆر نزم بێت و بە فلتەرەكانی كوالێتی كۆنترۆڵدا تێنەپەڕیبێت، جگە لەمانەش دەكرێت بابەتەكە تەواو پشتی بەستبێت بە بازرگانییەكی بێ بنەما و سەرچاوەی داهاتیان تەنها ڕیكلام بێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش زۆر جار ئافرەت پەنا دەبات بۆ كڕینی بابەتە ئۆنلاینەكان بە نهێنی لەبەر ئەوەی هاوسەر و ئەندامانی ماڵەوەیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕێگە بە بازاڕكردنی بەردەوام نادەن، ئەمەش دووبارە كێشەی زۆری خێزانی دروستدەكات و بگرە شیرازەی خێزان تێكدەدات. بە بۆچوونی من كڕینی ئۆنلاین تەنها كاتێك ئاساییە كە خانمان لە دوكان و سەنتەر و ئەو شوێنانە بكڕن كە جێگایەكی ڕێگەپێدراوی باوەڕپێكراویان هەیە و هەر دوو شێوازی ڕاستەوخۆ و ئۆنلاین بەكاردێنن نەك تەنها ئۆنلاین.
مامۆستا هاژە تاهیر ڕای وایە: كڕینی شتومەك بە ڕێگەی ئۆنلاین، تەنانەت كڕینی كەلوپەلی تایبەت بە ئافرەتان، بە تەنیایی هۆكاری تێكدانی شیرازەی خێزان نییە، بەڵكوو ئەو شێوازەی مامەڵەی هاوسەران لە سەر پارە، ڕاشكاوی و متمانەیە كە بە یەكتری دەكەن كاریگەرییەكی گەورە تری هەیە لە هەندێك دۆخدا، بۆ نموونە: ئەگەر كڕین بە نهێنی بكرێت و هاوسەرەكە پێی نەزانێت پارەی خێزان بە بێ ڕێككەوتن خەرج بكرێت یان كڕین بگاتە ئاستی خوو یان پەیوەندیی نا تەندروست، ئەمانە دەتوانن ببنە هۆی كەمبوونەوەی متمانە و زیاد بوونی ناكۆكی و دابەزینی ڕەزامەندی ژیانی هاوسەری. كڕینی جل و بەرگ، كەلوپەلی جوانكاری، یان شت و مەكی تایبەتی ئافرەتان لە ڕێگەی ئۆنلاین، ئەگەر بە شێوەیەكی ئاسایی و بە ڕێككەوتنی بەشی دارایی خێزان بێت، هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە كە بڵێت خۆی ببێتە هۆی تێكدانی خێزان. لە ئەنجامی خودی ئەو بازاڕ كردنە دەڵێم، كڕینی ئۆنلاین بۆ خۆی هۆكاری تێكدانی خێزان نییە. نەبوونی متمانە، شاردنەوەی خەرجی، قەرز كردن و كڕینی بێ سنوور دەتوانن ببنە هۆكاری ناكۆكی، بۆیە گفتوگۆ، ڕاشكاوی و ڕێككەوتن لە سەر باری دارایی ئەو خێزانە گرنگترین هۆكاری پاراستنی متمانەن.