خەبات – چیادۆست ڕەسووڵ
ئەگەرچی ساڵانی پێشوو شارۆچکەی سەروچاوە بە ناوچە دڵڕفێن و جوانەکە ناسرابوو، بەڵام چەندین ساڵە وا خەریکە ئەو نازناوە لە دەست دەدات؛ ئەویش بە هۆکاری گوێنەدان و گرنگی‌نەدان بە ژینگە و خاوێن ڕاگرتنی شەقام، کۆڵان، سەیرانگا و سروشتی ناوچەکە. هەرچەندە چەندین جارە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سەروچاوە دەیان و سەدان پۆستەر و نامەی هۆشیاریی داوەتە خەڵک، فەرمانگە، ڕێکخراو و تەنانەت مامۆستایانی ئاینییش، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیی شارەوانی و ستافی ژینگەپارێزانە ئەوەیە: هیچ ئاسۆیەکی گەشبین بەدی ناکەن لە خاوێن ڕاگرتن و جوان هێشتنەوەی دیمەنی شارۆچکەکەدا.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەکەمان لەسەر ژینگەی ناحیەی سەروچاوە سازی کردووە، لە ڕاستیدا تیمەکانی شارەوانی بەردەوام خەریکی خاوێنکردنەوە و فڕێدانی پاشماوەی زبڵ و خاشاک و پاشەڕۆی ئاژەڵەکانن، بەڵام ئەگەر هۆشیاریی هاووڵاتیان کەم‌وکوڕیی تێدا بێت، ئەوا دیسانەوە دوای چەند ڕۆژێکی کەم، سروشتەکە وەک جاران پیس دەکرێتەوە.
ڕۆژنامەی (خەبات) چەندین جار هەوڵی دا لێدوان لە بەرپرسانی حکومی شارۆچکەکە وەربگرێت، بەڵام ئەوان بە بیانووی ئامادەنەبوون لێدوان بدەن، یاخود لە لایەکی ترەوە بەهۆی داخرانی مۆبایلی بەرپرسانی شارەوانییەوە، ناچار پەیوەندیمان کرد بە مامۆستا (ئاسۆ عەلی قادر) لە ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ڕاپەڕین. ناوبراو بە ڕۆژنامەکەمانی ڕاگەیاند: «گەورەترین گرفتی ئەو دەڤەرە لە ڕووی خاوێنی و پاراستنی ژینگەوە نە خەڵکە و نە کارمەندانی حکومی و شارەوانین؛ ئەگەر ڕاستگۆ بین، شارەوانیی سەروچاوە تا بڵێی دڵسۆز و ماندووە لە ڕووی ئەرک‌ڕاپەڕاندنی خۆیەوە، بەڵام کێشەی گەورە لە بڕیاربەدەستانی بەشی سەربازی و ئەمنییە؛ چونکە تا ئێستاش بەپێی پێویست لە ڕێگەی هێزەکانیانەوە نەیانتوانیوە کەسانی سەرپێچیکار و ژینگەشێوێن دەستگیر بکەن و بە سزای خۆیانیان بگەیەنن. هەرچەندە برایانی ئاسایش و پۆلیس چەندین جار ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە لە ڕووی یاساییەوە ناتوانن هەڕەمەکی و لە خۆمانەوە خەڵک دەستگیر بکەین، چونکە دەبێت نووسراوی دادگا یان فەرمانگە حکومییەکانمان پێبێت.»
بەڵام مامۆستا ئاسۆ وەک خۆی گوتی: «کاتێک هاووڵاتیانی خەمخۆر و دڵسۆزی ژینگە تەلەفۆن بۆ بنکەکانیان دەکەن لە کاتی ئاگادارکردنەوەیان لە فڕێدانی زبڵ و خاشاک، پێویستە دەستبەجێ برایانی هێزەکانی ناوخۆ بچن بەدەم داواکارییەکانی سکاڵاچییەکانەوە، و هیچ پێویست بە بڕیار و ئاگادارکردنەوەی دادگا، بەڕێوەبەرایەتیی ناحیە و سەرۆکایەتیی شارەوانی ناکات.»
سەبارەت بە ئاگاداری و بڵاوکردنەوەی پۆستەری هۆشیاری و ڕێنمایی پاراستنی سروشتی ژینگەکە، مامۆستا ئاسۆ گوتی: «وەکو ئاگادارم، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سەروچاوە تەنانەت نامەی ئاراستەی مامۆستایانی ئاینی و مزگەوتەکانیش کردووە، ئەوانیش لە ڕێگەی بڵندگۆی مینبەرەکانیانەوە چەندین جار قسەیان بۆ موسوڵمانان و نوێژخوێنان کردووە، بەس وەک گوتم: تاکە چارەسەر بۆ ئەو گرفتە یاسا و سزایە، چونکە ئەمە یەکەم جار و کۆتا جار نییە، بەڵکو بووەتە دیاردە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش خراپتر دەبێت.»
زیاتر گوتی: «بە ویژدانەوە بڵێم: من ڕۆژانە ئاگادارم تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی بە تەواوی ئامێرەکانیانەوە خەریکی کارکردنن و ماندوونەناسانە سەرجەم ئامێرەکانی وەک (شۆفڵ، حەفارە، گەڵابە، گرێدەر، بلدۆزەر) و سەرجەم کرێکار و کارمەندەکانیش لە خزمەت پاراستنی ژینگەدان، بەڵام ئەمەشیان بە تەنها دادی ئەم ئەرکە نادات، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی کامێراوە کار بکرێت؛ بۆ تۆمارکردن و ناسینەوەی ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانەی کە زبڵ، خاشاک، پاشماوەی ئاژەڵ، پلاستیکی کارگەکان و کەرەستە خاوە ژەهراوییەکان فڕێ دەدەن. ئەگەر ئەمە بکرێت، تاوانبارانیش ناتوانن درۆ و بیانوو بۆ سەرپێچییەکانیان بهێننەوە و بە ئاسانی ڕادەستی یاسا دەکرێن، بەمەش ئومێدێک دەبێت کە بەرەبەرە ئەو دیاردە ناشیرینە بەرەو نەمان یان کەمبوونەوە بچێت.