خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کێشەی بێ‌ئاوی لە وەرزی هاویندا لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری هەولێر سەری هەڵدەدا و هاووڵاتیانی هەراسان کردبوو؛ چ بەهۆی کەمیی تەزووی کارەبا یاخود بەهۆی کەمبوونەوە و وشکبوونی ئاوی بیرەکان و دابەزینی ئاوی ژێر زەوی. هەموو ئەو هۆکارانە کاریگەرییان بۆ سەر کێشەی کەمئاویی هەبوو. ئەوەبوو بە هەوڵ و کۆششی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر – کە پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژییە – بە کەمترین کات کەوتە خزمەت هاووڵاتیانی ئەو شارە. لە هاوینی ئەمساڵدا و دوای کەوتنەکاری پڕۆژەکە، کێشەی کەم‌ئاوی شاری هەولێر چارەسەر کرا، هاووڵاتیان بە کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەر بوون. دواتر دەربارەی گرنگی و بایەخی ئەو پڕۆژەیە، وەک ڕۆژنامەی (خەبات) ئەم ڕاپۆرتەمان ئامادەکرد:
ئەندازیار ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بۆ ڕۆژنامەی (خەبات) ڕوونی کردەوە: پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر بەیەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگ و پڕبایەخەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەژمێردرێت و گەورەترین پڕۆژەیە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. لە ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٤دا لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەردی بناغەی بۆ دانرا. بە خێراییەکی زۆر و ماندوونەناسانە کار لەو پڕۆژە گەورەیەدا کرا؛ شەو و ڕۆژ ئەندازیاران و تەکنیکارانی پڕۆژەکە بەبێ وەستان کاریان تێدا دەکرد. هەر لەسەر بڕیاری جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ دانان و ڕێکخستنەوەی تۆڕەکانی ئاوی گەڕەکەکانی شاری هەولێر، تاوەکو بە کارکردنی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر، هەموو گەڕەکەکانی هەولێر سوودی لێ وەرگرن.
زیاتریش گوتی: «گوژمەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە بریتییە لە ٤٨٠ ملیۆن دۆلار و لەلایەن کۆمپانیای (هێمن گروپ)ـەوە جێبەجێ کراوە. سوپاس بۆ خودا پڕۆژەکە لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا یەکەمی کەوتە کارکردن و ئێستا پڕۆژەکە لەسەرووی توانای خۆیەوە کار دەکات. هەروەها ئەو پڕۆژەیەی کە لەلایەن کۆمپانیای (کەیوەن)ـەوە ڕێکخستنەوەی تۆڕەکانی بۆ دەکرێت، لە سەدا ٩٨ـی کارەکانی تەواو بووە و چەند کارێکی سادەی ماوە تەواو بێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەویش تەواو دەبێت. لە پارساڵەوە هاووڵاتیانی شاری هەولێر سوودیان لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر وەرگرتووە. لەوەتەی ئەو پڕۆژەیە کەوتووەتە کار، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر توانیویەتی نزیکەی هەزار بیری ئاو بکوژێنێتەوە؛ کوژاندنەوەی ئەو بیرە ئاوانەش کارەباکەیان دەگەڕێنێتەوە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی و هاووڵاتیانی شاری هەولێریش لەدەست کەم‌ئاوی ڕزگاریان بووە.
لە ئەندازیار ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێرمان پرسی: دانیشتووانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن؟ لەوەڵامدا گوتی: «هاووڵاتیانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەتوانن سوودمەند بن لەم پڕۆژەیە، مامەڵەکانیان لەڕێگەی خزمەتگوزاری ئەو شارانەوە دەگاتە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، بەو نرخەی کە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر دیاری دەکات، بەو مەرجەی دەبێت پێوەر و هاوبەشەکانیان تەواو بکەن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئاویان پێ بدەین.
ئیمە دەپرسین: ئەی لە ئاوی ئیفراز سێ هیچ کێشە و گرفتێکتان هەیە؟ رابەر حوسێن دەڵێت: «زۆربەی زۆری ئەو کێشە و گرفتانەی کە هەمانبوو لە ئیفراز، سوپاس بۆ خوا هەتا ئێستا زۆر باشە و ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ پڕۆژەکە. پڕۆژەیەکی زۆر سەرکەوتووە و هاووڵاتیان زۆر لە پڕۆژەکە ڕازین و بەختەوەرن بە دەستبەکاربوون و کارکردنی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر. ساڵانی پێشتر هاووڵاتییەکی زۆری هەولێر لەدەست کەم‌ئاوی سەردانی ئێمەیان دەکرد، سوپاس بۆ خوا لە دوای کارکردنی پڕۆژەکە، ئێستا سەردانمان ناکەن و ئاویان دێت و کێشەیان نەماوە.
پرسیمان: ئەی پڕۆژەی گۆڕینی تۆڕی ئاویش لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەیە؟ (بەستنەوەی بە تۆڕی گەڕەکەکان)؟ بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: «هەموو ئەو گەڕەکانە دەگرێتەوە کە دەکەونە نێوان شەقامی ١٢٠ مەتری و شەقامی ١٥٠ مەتری، هەندێک شوێنیش هەیە دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی شەقامی ١٥٠ مەتری، ئەوانیش دەگرێتەوە.
هەروەها سەبارەت بە گەڕەکە کۆنەکانیش، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: «هاووڵاتیانی ئەو گەڕەکانەش بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ سوودمەند بوون لەو پڕۆژەیە؛ لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانەی کەوا پێشووتر لە (ئیفراز سێ)ـوە (لەسەر مافی ئەو گەڕەکە کۆنانە) ئێمە ئاومان دابوویە ئەو شوێنانەی کە ئێستا پڕۆژەی فریاگوزاری گەیشتووەتێ، بێگومان ئێستا ئاوەکەمان لەسەر بڕیون و ئاوی ئیفراز سێ بە هەموو توانای خۆیەوە بۆ گەڕەکە کۆنەکان کار دەکات.»
دیسان پرسیمان: ئەگەر کارەبای نیشتمانی، واتا ٢٤ کاتژمێری ببڕێت، کێشە بۆ ئیفراز دروست دەکات؟ ئەو گوتی: «بەڵێ بێگومان کێشە دروست دەکات، لەبەر ئەوەی ئەو کارەبایە لە وێستگەکانی پاڵاوتن کێشە دروست دەکات ئەگەر هاتوو خوانەخواستە کێشەیەکی بۆ دروست بێت، بەڵام ئێمە دەتوانین بەگوێرەی ئەو کاتانەی کە کارەبا هەیە، ئاو بۆ شاری هەولێر بەرهەم بهێنین.
لە ئەندازیار ڕابەر حوسێن دەپرسین: ئەی تا ئێستا داشکانەکەی لەسەدا بیست ماوە؟ ئەو گوتی: «بەڵێ ماوە، دیارە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە خەمخۆر و پاڵپشتی تەواوی هاووڵاتیان دەکات و بارسوکی هاووڵاتیانی خۆی کردووە. یەکێک لەو دەستکەوتانەش داشکانی لەسەدا بیستی سەر ئاوە بۆ هاووڵاتیان، ئەویش بە فەامانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داشکانی لەسەدا بیست بۆ هاووڵاتیان کراوە و هاووڵاتیان دەتوانن سوودمەند بن لەو داشکانە.
لە كۆتایی دیدیارەكەدا دەپرسین: دڵنیایی بە هاووڵاتیان دەدەیت کە بەو هاوینە بێئاو نەبن؟ بەڕێوەبەری ئاو هەولێر دەڵێت: «کێشەی 10 ساڵ نەگەیشتنی ئاو بە هاووڵاتیان، لە هاوینی ئەمساڵی ٢٠٢٦دا زۆر باش دەبێت؛ مەگەر خوانەخواستە بە هۆکاری کێشەیەکی تەکنیکی یاخود کارەبایی بۆ ماوەیەک وێستگەیەک بوەستێت و ئەو کاتە بێ‌ئاوی دروست بێت، ئەگەر نا لە حاڵی ئێستادا هەم گەرمایە و هەم هاوڵاتیان ئامێری فێنککەرەوە بەکاردێنن کە پێویستیان بە ئاو هەیە و هیچ كێشەشمان نییە.
لەکۆتاییشدا بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر داوای لە هاوڵاتیان کرد کە پابەندی ڕێنماییەکان بن و ئاو بەفیڕۆ نەدەن، تەوافەی ئاو لەسەر تەنکی ماڵەکانیان دابنێن و چیتر ئاو بەفیڕۆ نەدەن. گوتیشی: «بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف ئەنجامی دا، بێگومان بەکارهێنانی ئاو لە شاری هەولێر لەسەرووی ستانداردەوەیە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە پابەند بن بە بەستانی پێوەری ئاو و تەوافە، و زیاد لە پێویست ئاو بەکار نەهێنن.