سەرۆک مسعود بارزانی بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد. سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی هەرێم و داوای لەو لایەنانەش کرد کە بەشدار نەبوون، بێنە ناو پڕۆسەکەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم.

دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە توانرا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە. لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە هەڵوێستیان هەبوو و بە ئەرکی یاسایی و نیشتیمانی خۆیان هەستان و ئەم دامەزراوە دەستوورییەی هەرێمیان کارا کردەوە.

کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لەدژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت.

ئێستا کە پەرلەمان دەستی بەکارەکانی کردووە، داوا لە هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانە دەکەم کە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون، ئەوانیش بەشداریی بکەن و پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و هەنگاوەکانی تر هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن.

مسعود بارزانی

4ی تشرینی دووەمی 2026