ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.

سەبارەت بە شایستەی مووچەخۆران، وەزارەتەکە روونیکردەوە، بڕی 4 ملیار و 476 ملیۆن و 540 هەزار دینار لە تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم نەنێردراوە، کە ئەو بڕەش بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

سەبارەت بە خەرجکردنی پارەکە، وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پارەکە لە کۆتایی کاتی دەوامی فەرمیی ئەمڕۆ گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەت، تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە سبەی پێنجشەممە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری جەختیکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بڵاو دەکرێتەوە. بەڵام بەهۆی پێویستیی رێکاری تەکنیکیی بانکی ناوەندی عێراق بە سیستەمی (ACH) و ئەوەی هەینی و شەممە لە بانکی ناوەندیدا پشووی فەرمییە، تەواوکردنی رێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانکیی مووچەخۆران دەکەوێتە یەکشەممە.