سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە نێوان شەرعیەتی سندووقەکانی دەنگدان و ئەجێندای کاتکوژیدا

142

شێخ ستار عەواڵانی
کۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، وەرچەرخانێکی دیمۆکراسیی ڕوون بوو کە تێیدا خەڵکی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ متمانەی خۆی بە ڕێبازی ڕاستەقینەی پاراستنی قەوارەی هەرێم بەخشییەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستانە. بەڵام ئەوەی لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە لە گۆڕەپانی سیاسییدا دەگوزەرێت، سەرەڕۆیی و هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکان و بە بارمتەگرتنی چارەنووسی میللەتێک لەپێناو بەرژەوەندیی تەسکی حیزبیدا.
ڕاگەیاندراوە فەرمییەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، دانانی خاڵ بوو لەسەر پیتەکان و ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییە تاڵە بوو کە هێشتا لایەنێک هەیە بڕوای بە دیموکراسیەت و سندوقەکانی دەنگدان نییە. کاتێک لایەنێکی خاوەن ٢٣ کورسی دەیەوێت ئیرادەی خۆی بەسەر براوەی یەکەم و زۆرینەی خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت و پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم دوابخات، ئەمە ناونیشانەکەی تەنیا یەک شتە: کاتکوژی و ڕاکردن لە واقیع.
شەرعیەتی سیاسی لە کۆمەڵگه‌ دیمۆکراسییەکاندا بە دروشمی بریقەدار و چەواشەکاریی میدیایی ناپێورێت، بەڵکوو بە ژمارەی دەنگ و ئەو متمانەیەیە کە هاووڵاتییان لە ڕۆژی دەنگداندا دەیدەنە لایەنێک. خەڵکی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارترن کە بە ڕیزکردنی چەند ڕستەیەکی چەواشەکارانە، مێژووی نزیک و ڕووداوە شەرمئامێزەکانی وەکوو سەرکوتکردنی دەنگە ئازادەکان و زیندانیکردنی کەسانێك و ڕێککەوتنی زۆرەملێی ناوزیندان نادیدە بگرن؛ ئەو ڕێککەوتنە نهێنییەی ناوزیندان کە لاوازیی ئەو کەسانە و نادیدەگرتنی ئەو دەنگانە دەردەخات کە بەناوی خەمخۆری و ئۆپۆزسیۆنبوونەوە پێیان درابوو. ئەم جۆرە مامەڵەیە ڕێک لە شاسوار و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ لایەنێکی نهێنیی ناو زینداندا بەدی دەکرێت.
بۆیە حەق وایە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی بە دەنگی خەڵکی هەژار و نەداری سلێمانی دەرچوون، بوار نەدەن شاسوار یاریی بە ئیرادە و بیروباوەڕی ئەوان بکات؛ لە کاتێکدا خۆی لە گێژاوی قەرزداری و لەسەر حیسابی خەڵک خۆدەوڵەمەندکردن و بەخشینەوەی پۆستەکان بۆ بنەماڵەکەی خۆیدایە، حەق نییە ئەوەیان لەبیر بچێتەوە.
ئەو لایەنەی کە خاوەنی یەک بڕیار و یەک ڕێبازی نەگۆڕە و هەمیشە وەک قەڵایەکی پتەو بەرامبەر بە پیلانەکان وەستاوە، پارتی دیموکراتی کوردستانە، نەک ئەو لایەنەی کە لەناو کێشە و باڵباڵێنی ناوخۆیی خۆیدا چەقیوە و دەیەوێت شکستەکانی بە لێدوانی توند پەردەپۆش بکات. سیاسەتی جیاکاری و پشێویی ئیداری لە زۆنێکی دیاریکراودا و ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی یاسا دارایی و کارگێڕییەکانی حکوومەت، گەورەترین گورزە کە لە یەکپارچەیی ئەم هەرێمە دەدرێت. چیتر قبووڵکراو نییە بەشێکی ئازیزی ئەم نیشتمانە بکرێتە بارمتەی مەرامی تایبەت، و دەرگای دەستوەردان بۆ نەیاران واڵا بکرێت.
ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی پێویست دەکات کە هەمووان بڕیاری گەل و ئەنجامی سندووقەکان بە هەند وەربگرن، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە سەلماندوویەتی کە سازش لەسەر مافە دەستوورییەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ناکات.