پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی لە ڕاییکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمدا؛ هەوڵێکه‌ بۆ ناشیرینکردنی ڕووی گەشی کوردستان

166

کاروان محەمەد سینۆ
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ٢٣ مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا، پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە (تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤) کەوتووەتە ناو قۆناغێکی چەقبەستووی دژوارەوە، کە پێویست دەکات هەموو لایەن و حزبە سیاسییەکانی کوردستان بە (بافڵ و شاسوار)یشەوە؛ لە ژێر چەتری پەرلەمانی کوردستاندا کە ماڵی هەموو حزبێک و خەڵکی کوردستانە، لە بەرژەوەندی میللەت و سەرجەم خەڵکی کوردستاندا بەرپرسانە ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە چەقبەستووەی پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئاماژە بە دەسپێشخەریی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ سازانی نیشتمانی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە چەقبەستووەی ئێستای پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و هەروەها پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەموکراتی کوردستان لە 27ی حوزەیرانی 2026 لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە دوای هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان (تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤) بەرۆکی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی گرتووە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی مەکتەبی سیاسییەوە لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، هەڵویستی فەرمیی خۆی وەکوو هێزی یەکەم خستووەتە ڕوو.
لەم پەیامەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر گرتنەبەری تەواوی ڕێگا شەرعییەکان و جێبەجێکردنی نەخشەڕێگاکانی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکاتەوە لە پێناو ئاساییبوونەوەی دۆخەکە. ستراتیژیی پارتی لەم قۆناغەدا، بەپێی دەقی ڕاگەیەندراوەکە، لەسەر بنەمای گواستنەوەی ململانێکان لە شەقام و میدیاوە بۆ ناو دامەزراوە نیشتمانییەکان بنیات نراوە؛ بەتایبەت لە ڕێگەی کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمان، پێکهێنانی کابینەی دەیەم، و یەکلاکردنەوەی جیاوازییەکان لە ڕێگەی دەنگی پەرلەمانتارانەوە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا، کە تێیدا داوا لە سەرجەم لایەنە براوەکان کراوە پابەندی بڕیارە یاسایی و دامەزراوەییەکان بن.
بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراو، لێدوان و هاژوهۆژی مایکەکانی (بافڵ و شاسوار)، پێدەچێت وەکوو ئەوەی لە ئەشکەوتێکی تاریکدابن و تەنها گوێیان لە دەنگی خۆیان بێت.
لێرەدا و لە چەند ڕەهەندێکدا؛ تیشک دەخەینە سەر ڕۆڵی نەرێنیی (بافڵ و شاسوار) کە چۆن کوسپ، تەگەرە، ئاستەنگ و لەمپەر دەخەنە بەردەم کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بە پێشکەشکردنی داواکاریی “تەعجیزی” کە لەگەڵ قەبارەی ڕاستەقینەی کورسییەکانی خۆیاندا نابەرامبەرە، بە مەبەستی کارانەبوونی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ کە ئەمەش تەنها خزمەت بە ناحەز و ئەجندایەکی هەرێمی دەکات کە لای هەموو خەڵکی کوردستان ئاشکرایە.
یەکەم: هاوسەنگیی هێز بەپێی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردن
بۆ تێگەیشتن لە ناڕەوایی داواکارییە “تەعجیزییەکانی” هەریەکە لە (بافڵ و شاسوار)، پێویستە سەرەتا سەیری کێش و قورسایی ئەوان و کورسیی لایەنەکان بکەین بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە ڕاگەیەندرا، بۆ ئەوەی ڕای گشتیی شەقامی کوردستان بزانێت (کێ؛ چۆن) داوای خواست و پۆست دەکات و پۆستەکان شایستەی کێن؟:
1- پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
2- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
3- نەوەی نوێ: 15 کورسی
4-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: 7 کورسی
5- ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
6- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
7- بەرەی گەل: 2 کورسی
8-هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
9-بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
پەکخستنی پەرلەمان و حکوومەت؛ باجێکی قورسە لە سەر شانی هاووڵاتییان
دەرهاویشتەی ئەم چەقبەستووییە تەنها ململانێیەکی سیاسی نییە لەسەر کورسی و پۆستەکان، بەڵکوو باجە ڕاستەوخۆکەی لەسەر بژێوی، مووچە و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی کوردستانە. پەکخستنی پەرلەمان و دواخستنی پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بووەتە هۆی پەککەوتنی چەندین یاسای گرنگی پێوەست بە چاکسازیی ئابووری، وەبەرهێنان و ڕێکخستنی دارایی.
لە کاتێکدا کە شەقامی کوردستان چاوەڕوانی چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی مووچە، بودجە و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکات، ئەم کاتکوشتن و پێداگرییە لەسەر داواکارییە تەعجیزییەکان، تەنها پرۆسەی دابینکردنی سەقامگیریی ئابووری دوا دەخات. هاووڵاتییانی کوردستان شایستەی ئەوە نین بژێوی و قوتەکەیان بکرێتە بارمتەی مەرامە حزبییەکانی (بافڵ و شاسوار) کە دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندیی بەرتەسکی خۆیان پشێوی لە بازاڕ و نائومێدی لە ناو دەروونی تاکەکەسدا دروست بکەن.
ئەم ئەنجامانە بە ڕوونی دەریدەخەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتیی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکات و جیاوازیی نێوان پارتی و یەکێتی (١٦ کورسی)یە، کەچی یەکێتی دەیەوێت بەبێ گوێدانە ئەم جیاوازییە گەورەیە و لە ڕێگەی (پەلکێشانی شاسوار)ەوە، سیاسەتی خۆسەپێنی و مۆدێلی کۆنی “پەنجا بە پەنجا” (50/50) زیندوو بکاتەوە.
دووەم: داواکارییە تەعجیزییەکان و پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسیەت و مافی لایەنە سیاسییەکان بەگشتی
پێداگریی (بافڵ) لەسەر وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازاتی زیادە و لە دەرەوەی ئیستحقاقی هەڵبژاردنەکەی، گەواهی ئەوەیە کە تەنها ئامانجی سەرەکیی ئەو، ڕێگریکردنە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندیی ئەو ئەجندا هەرێمییەی کە هەموو خەڵکی کوردستان دەیزانێت لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.
هەڵبەت گەوهەر و ئامانجی پرۆسەی دیموکراسی و دەنگدان، بۆ دیاریکردنی سەنگی حزب و لایەنە سیاسییەکانە. کاتێک حزبێک بەدەر لە قەبارەی کورسییەکانی خۆی، بە داواکاریی “تەعجیزی” بێتە ناو پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت؛ ئەوە نەک هەر پێشێلکردنی پڕۆسەی دیموکراسیەتە، بەڵکوو پێشێلکردنی مافی هەموو ئەو حزب و دەنگدەرانەیە کە بەشدار بوون لە پڕۆسەی دەنگداندا، کە هەر یەکەیان بەقەدەر دەنگ و پێگەی خۆیان زەرەرمەند دەبن و مافەکانیان پێشێل دەکرێت. هەروەها ئەمە جۆرێکە لە خۆسەپاندن و پێشێلکردنی ئاشکرای ویست و مافی ئەو هاووڵاتییانەی کە دەنگیان بە حزبە براوەکان داوە.
هاوپەیمانێتی لە بارودۆخی گوماناویدا بۆ قەرەبووکردنەوەی شکست:
(بافڵ) پێش هەڵبژاردنەکان بە تەنیا بەشداریی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا کردووە، بەڵام پاش دەرچوونی ئەنجامەکان و شکستهێنانی، بۆ شاردنەوەی شکستی خۆی؛ لە بارودۆخێکی گومانلێکراو و گوشارئامێزدا (کە هەموومان دەزانین چۆنە)؛ داوای لە (شاسوار) کردووە کە پاڵپشت و هاوبەندی بکات، تەنها بۆ سەپاندنی خواست و داواکانی خۆی یان لەباربردنی تەواوی پرۆسەکە (هەروەک ڕایانگەیاندووە)؛ ئەمەش بێجگە لە پێشێلکردنی مافی حزبەکانی دیکە و دەنگدەران، و ئیفلیجکردن و چەقبەستنی پڕۆسەی سیاسیی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی کوردستان و جێبەجێکردنی ئەجندایەکی هەرێمی، هیچ مەبەستێکی دیکە لە خۆ ناگرێت.
سێیەم: جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی لە دژی قەوارەی هەرێم
ئەم پێداگرییەی (بافڵ و شاسوار) لە پەکخستنی بەردەوامی پرۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و هەڕەشەکردنیان لە لەباربردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە بە ئاشکرا بەڕووی میدیاکاندا بانگەشەی بۆ دەکەن؛ هیچ ناوێک هەڵناگرێت بێجگە لە هاوکاریی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی نەیارانی دەرەکەی کوردستان بۆ لەباربردن یان بێهێزکردن و کەنارخستنی هەرێمی کوردستان. لەم ڕووەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان ئاماژە بە چەند خاڵێکی نەرێنی دەکەن کە ئەم دوو کەسە لە پێناو بەرژەوەندیی بەرتەسکی خۆیاندا هەنگاوی بۆ دەنێن:
1) لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان؛ لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە گشتی بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی لە دەرهاویشتە نەرێنییە سیاسی و ئابوورییەکانی شەڕی ئەمه‌ریکا و ئێراندا تێپەڕ دەبێت، بەڵام عێراق لە ژێر سایەی حکوومەتی نوێی (عەلی ئەل زەیدی)دا لە پێوەندییەکی باشی یاسایی و دۆستانەی کراوەدایە بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا و نییەتێکی پاک و دەرفەتێکی گونجاو هەیە کە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا چارەسەر ببن. بۆیە لاوازکردن و چەقبەستکردنی پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆیی کوردستان بە دەست و هەوڵی (بافڵ و شاسوار)؛ تەنها کارت و هیوا و ئاواتی ناحەزانی هەرێمی کوردستانە کە ئەم دوو کەسە جێبەجێی دەکەن.
2) پەنابردن بۆ دەرەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان (پەرلەمانی کوردستان)؛ وەک هەوڵەکانی (بافڵ و شاسوار) لە پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵیی بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان یان بچووککردنەوەی بڕیارەکانی هەرێم، هەوڵێکە بۆ لاوازکردن و کەنارخستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کە خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەران دەکات و ئەنجامەکەی شەرمەزارییە.
چوارەم: نەخشەڕێگای نیشتمانی بەرامبەر هاژوهوژ و لێدوانی بێ کردار
لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستە نەرێنییەی (بافڵ و شاسوار)دا، پەیام و دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی (بەتایبەت پەیامی جەژنی قوربانی ٢٠٢٦) وەکوو نەخشەڕێگایەکی ڕزگاریخوازی نیشتمانی سەیر دەکرێت کە داوای وازهێنان لە ململانێی بێ ئەنجام و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ دەکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان ستراتیژییەکی هەنگاو بە هەنگاوی پێشکەش کردووە کە پێویست دەکات عەقڵی سیاسی و نەتەوەیی کوردستان، کە لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا بەرجەستەیە؛ لە نێو پەرلەماندا وەک ماڵی گەل و تاکە مەرجەع، تاوتوێی ئەو نەخشەڕێگایە بکەن بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان؛ ئەو کات ڕای گشتیش پشتگیریی لێ دەکات:
1) دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی گشتگیر لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان بە بێ مەرجی پێشوەختە.
2) کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین مەرجەع و دەسەڵاتی تەشریعی و یەکلاکردنەوەی هەر کێشە و خواستێک کە (بافڵ و شاسوار) ئیدیعای دەکەن.
3) پێکهێنانی کابینەی دەیەم لەسەر بنەمای شایستەیی هەڵبژاردن و ڕێزگرتن لە دەنگی هەموو حزبەکان، لایەنەکان، خەڵک و پێدانی “كلَّ ذي حقٍّ حقَّهُ”.
پێنجەم: هاوپەیمانێتییە “ناچارکراوەکان” و درێژەدان بە سیاسەتی کاتکوشتن
بەشێک لە هەوڵە نەزۆکەکانی (بافڵ) بۆ پەکخستنی کابینەی دەیەم و قەرەبووکردنەوەی شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا، پەنابردنە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتیی (پۆست-هەڵبژاردن) لە دەرەوەی سەنگ و قەوارەی خۆی و بەدەر لە ئیرادەی دەنگدەران. لەم چوارچێوەیەدا و بۆ سەلماندنی زیاتری ئەم ڕاستییانە، تیشک دەخەینە سەر ئەجێندای کاتکوشتنی (بافڵ) و ئەو هاوپەیمانێتییە گوماناوییەی کە لەگەڵ (شاسوار) پێکیهێناوە:
1) کاتکوشتن و هەڵهاتن لە مێزی گفتوگۆ: سەرەڕای ئەوەی پارتی وەکوو هێزی براوەی یەکەم، دەرگای گفتوگۆی بە ڕووی تەواوی هێزە سیاسییەکاندا کردووەتەوە و چەندین کۆبوونەوەی چڕوپڕیشی ئەنجام داوە، بەڵام (بافڵ) بەردەوامە لە بەفیڕۆدانی کات و ئامادە نییە ڕێگە بدات پرۆسەی سیاسی ڕێچکەی سروشتیی خۆی بگرێتەبەر. ئەمەش جارێکی تر ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە داواکارییەکانی (بافڵ) تەنها بۆ قەیران دروستکردنە، نەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
2) هاوپەیمانێتی لەژێر هەڕەشە و گوشاردا: یەکێک لە خاڵە هەرە سەرنجڕاکێش و دژبەیەکەکانی ئەم قۆناغە، نزیکبوونەوەی لەناکاوی (بافڵ)ـە لە (شاسوار)، لەکاتێکدا (شاسوار) لە زیندان ئازاد نەکراوە بە مانای ئاسایی و یاسایی، بەڵکوو “لە زیندان هێنراوەتە دەرەوە” بە مەبەستی بەکارهێنانی بۆ مەرامە سیاسییەکانی (بافڵ) و ئەو هاوپەیمانێتییەشی پێکیانهێناوە تەنها لەژێر گوشارێکی تونددا بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە (شاسوار) پێشتر بانگەشەی “هەڵواسینی کەسە یەکەمەکانی یەکێتی لە بەردەم دەرگای سەرا”ی سلێمانی دەکرد، بەڵام ئێستا (شاسوار) هەڵوێستێکی تەواو پێچەوانەی هەیە و بووەتە پاشکۆی ئەجێندای (بافڵ)؛ ئەمەش بێگومان لەلایەن دەنگدەرانی (نەوەی نوێ)وە کە دەنگیان بە ئۆپۆزسیۆن داوە، ڕەتکراوەتەوە و قبووڵکراو نییە.
3) پووچەڵبوونەوەی وەهمی کۆکردنەوەی زیاتر لە ٣٨ کورسی: ئەو بانگەشەیەی کە گوایە (بافڵ و شاسوار) دەتوانن لەم هاوپەیمانێتییەدا بەرەیەکی زیاتر لە ٣٨ کورسی پێکبهێنن، تەنها وەهمێکە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و داپۆشینی قەبارەی ڕاستەقینەیان. ئەگەر بانگەشەکانیان ڕاستە و متمانەیان بەو ژمارەیە هەیە، با بە زووترین کات کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدەن (کە مەرجەعی گەلە) تا لەناو هۆڵی پەرلەماندا ڕاستییەکان بۆ خەڵکی کوردستان دەربکەون کە ئایا دەتوانن ئەو ژمارەیە کۆبکەنەوە یاخود نا.
ئەم پێشهاتانە بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە (بافڵ) نەک تەنها متمانەی بە کێشی سیاسیی خۆی نەماوە، بەڵکوو بۆ تێکدانی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، ئامادەیە پەنا بباتە بەر دروستکردنی هاوپەیمانێتیی زۆرەملێ و بەکارهێنانی گوشار بۆ سەر لایەنەکانی دیکە.
دەرئەنجام و پەیام بۆ ڕای گشتی
کاتێک لایەنێک لە زۆنی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا ڕێگە بە هیچ هاوبەشییەک نەدات، بەڵام لە هەولێر و دامەزراوە باڵاکاندا داوای نیوە بە نیوە بکات، وە بۆ سەپاندنی ئەم مەرجانەش پەنا بباتە بەر دروستکردنی هاوپەیمانێتیی زۆرەملێ لەژێر “گوشار” و چەواشەکردنی ڕای گشتی بە ژمارەی وەهمی (وەکوو کۆکردنەوەی کورسیی زیاتر لە پارتی)، ئەمە نەک هەر هاوبەشی نییە، بەڵکوو پاوانخوازی و بێڕێزیکردنێکی ڕوونە بە ئیرادەی دەنگدەران و “خەڵکی کوردستان”.
پێویستە ڕای گشتیی کوردستان لەم ڕاستییە هۆشیار بێتەوە کە دواخستنی زیاتری پێکهێنانی کابینەی دەیەم و کاتکوشتنی بەردەوام، تەنها بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی هەڵبژاردن و جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی ئیقلیمیی دەرەکییە کە خزمەتگوزارییەکان، بژێوی خەڵک، ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە. هەر لایەنێک کۆسپ لەبەردەم پڕۆسەی دیموکراسی دروست بکات و لە بری مێزی گفتوگۆ، پەنا بباتە بەر دادگاکانی دەرەوەی هەرێم یان دروستکردنی بەرەی ناسروشتی بە زەبری “گوشار”، ئەوا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نەتەوەیی قورسی دەکەوێتە ئەستۆ و لە داهاتوودا ڕووبەڕووی سزای دەنگدەران دەبێتەوە.