سهرهتا وتار لە نێوان بنیاتنانی مزگەوت و بنیاتنانی شارستانییەت
د.عهبدوڵڵا مەلا وەیسی
لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی مزگەوتی گەورەی بارزانی، گفتوگۆ و بۆچوونە جیاوازەکان لە ناو کۆمەڵگەدا فراوان بوون. هەندێک پێیان وایە ئەو سامانی دارایییەی بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان کراوە، باشتر بوو بۆ دروستکردنی قوتابخانە، زانکۆ یان دامەزراوە پەروەردەیی و زانستی بەکاربهێنرایە، ئەم بۆچوونە، هەرچەندە گرنگیی پەروەردە و زانست پشتڕاست دەکاتهوه، بەڵام بابەتەکە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا دەبینێت، كوێی هەڵبژاردن تەنیا لەنێوان مزگەوت و قوتابخانە، یان زانکۆ نیشانەی شارستانی دایە.
لە ڕاستیدا، ئەزموونی نەتەوە پێشکەوتووەکان شتێکی ترمان فێر دەکات. هیچ گەلێک پێگەی خۆی لە نێوان نەتەوەکاندا تەنیا بە ژمارەی قوتابخانە، زانکۆ یان نەخۆشخانەکان پێک نەهێناوە، بەڵکوو لەگەڵ بنیاتنانی مرۆڤ و دامەزراندنی دەزگه زانستی و خزمەتگوزارییەکان، گرنگیی بە پاراستن و بەهێزکردنی ناسنامە، میرات و هێما شارستانییەکانی خۆشی داوە. لەبەر ئەوە، پێشکەوتنی ڕاستەقینە کاتێک دەستەبەر دەبێت، کە بنیاتنانی مرۆڤ و بنیاتنانی شارستانییەت هاوشان بڕۆن.
مێژوو شایەتی دەدات کە گەلە گەورەکان تەنیا بە دروستکردنی دامەزراوەی پەروەردەیی و تەندروستی نەوەستان، بەڵکوو له هەمانکات، پڕۆژە و نیشانە شارستانییە مەزنەکانیانیشی بنیاد ناوه، ئەوانەی کە بە تێپەڕبوونی کات بوون بە هێمای ناسنامەی نەتەوەیی، نیشانەی شکۆی شارستانی و پەنجەرەی ناساندنی وڵاتەکانیان بۆ جیهان.
ئەگەر ئێستا باس لە فەڕەنسا بکرێت، زۆرێک یەکسەر بورجی ئیفڵیان لەبیر دێت؛ هیندستان بە تاج مەحەل، میسر بە هەڕەمەکان، چین بە دیواری گەورە، ئیتاڵیا بە کۆلۆسیۆم و ئوستراڵیاش بە ئۆپەرای سیدنی ناسراون. ئەم شوێنانە تەنیا کۆمەڵێک بینای مەزن نین؛ بەڵکوو بەشێکن لە بیرەوەریی هاوبەشی گەلەکانیان و هێمای ناسنامە و شکۆی نەتەوەیی.
لەبەر ئەوە، ئەگەر هەر نەتەوەیەک هێمایەکی شارستانی هەبێت کە ناسنامە و مێژووی پیشان بدات، ئەوا گەلی کوردیش مافی ئەوەی هەیە خاوەنی نیشانەیەکی جیهانی بێت کە مێژوو، کولتوور و شارستانییەتی بناسێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، مزگەوتی گەورەی بارزانی نابێت تەنیا وەک شوێنێکی پەرستش سەیر بکرێت، بەڵکوو دەتوانرێت وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژیی شارستانی، کولتووری و گەشەپێدان لێی بڕوانرێت.
زۆرێک لە نیشانە ناودارەکانی جیهان لە سەردەمێکدا بنیاد نران کە ئەو وڵاتانە هێشتا هەموو پێویستییەکانیان دابین نەکردبوو. ئەوە بەو مانایە نییە کە پەروەردە و زانست گرنگ نەبوون؛ بەڵکوو ئەو وڵاتانە تێگەیشتبوون کە پێشکەوتنی نەتەوە بە هاوسەنگی نێوان بنیاتنانی مرۆڤ و پاراستنی ناسنامەی شارستانی دەستەبەر دەبێت. هەروەها، ئەزموونی جیهانی نیشان دەدات کە نیشانە شارستانییە گەورەکان ساڵانە ملیۆنان گەشتیار ڕادەکێشن و لە ڕێگەی گەشتیاری، هوتێلداری، بازرگانی، گواستنەوە و وەبەرهێنانەوە، دەبن بە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشەی ئابووری. بەم پێیە، ئەم جۆرە پرۆژانە تەنیا خەرجی نین، ئەگەر بە باشی پلاندانرابن و بەڕێوەببرێن، دەتوانن لە داهاتوودا ببن بە سەرچاوەی بەردەوامیی داهات.
ئەگەر مزگەوتی گەورەی بارزانی بە دیدێکی درێژخایەن و پلاندانانێکی زانستی جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت لە سنووری ئەرکی ئایینی تێپەڕێت و ببێتە ناوەندێکی گشتگیر کە ئەرکی ئایینی، کولتووری، زانستی و گەشتیاری لە یەک شوێندا کۆ بکاتەوە. دامەزراندنی کتێبخانە، مۆزەخانە، ناوەندی کولتووری، هۆڵی کۆنگرە و ناوەندی توێژینەوە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە، دەتوانێت پێگەی بەهێزتر بکات و لە داهاتوودا هەلی تۆمارکردنی وەک شوێنێکی میراتی جیهانی زیاتر بکات، ئەگەر پێوەرە نێودەوڵەتییەکان
بە تەواوی ڕەچاو بکرێن.
لە گرنگترین ئاسەوارە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم پڕۆژەیە دەتوانرێت ئاماژە بە بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، بووژاندنەوەی گەشتیاریی ئایینی و کولتووری، ناساندنی مێژوو و میراتی گەلی کورد، هاندانی وەبەرهێنان، دروستکردنی دەرفەتی کار، میوانداریی کۆنگرە و چالاکییە زانستی و کولتوورییەکان و جێهێشتنی میراتێکی بەهێز بۆ نەوەکانی داهاتوو بکرێت.
لە کۆتاییدا، پێشکەوتنی نەتەوەکان تەنیا بە ژمارەی قوتابخانە و زانکۆ پێوانە ناکرێت، بەڵکوو بە توانایان لە پاراستن و بەهێزکردنی ناسنامە، میرات و هێما شارستانییەکانیش هەڵدەسەنگێندرێت. بۆیە، ئەگەر مزگەوتی گەورەی بارزانی بە دیدێکی ستراتیژی و بەڕێوەبردنێکی دروست جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت لەگەڵ پەیامی ئایینی خۆی، ببێتە هێمایەکی شارستانی، کولتووری و گەشتیاری بۆ کوردستان و وەک میراتێکی بەهێز و بەردەوام بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێ بمێنێتەوە.