چەواشەكاری و ملهوڕیی تا سەر نابێت

183

عارف ڕوشدی
خودای گەورە و میهرەبان، هەمیشە پشت و پەنای مافخوراوان و دەرخەری حەقیقەت و ڕاستییەکانە، هاوكات دەرفەتیش دەداتە چەواشەکار و خراپکاران، بۆ ئەوەی بیر لە خۆیان و كار و كردەوەكانیان بكەنەوە و پاشگەزببنەوە، بەڵام ملهوڕییان تاسەر نابێت و دواجار نوقمی سزا و شەرمەزاری دەبن. لەم هەڵمەتەی دەستگیرکردنی کۆمەڵێک گەندەڵکار لە بەغدا، زۆرێک لەوانە ئەو کەسانەن بەردەوام دژایەتیی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانیان دەکرد و لە هەمان کاتدا، هەندێك کەس و لایەنی (کوردزمان)ـیش، شاباش و هەلهەلەیان بۆ لێدەدان و خوازیاری ئەوە بوون هەموو شتێک لە هەرێمی کوردستان ڕادەستی ئەوانە بكرێت، كە ئێستا كەلەپچە دەكرێتە دەستیان، زۆرجاریش لە گەلەكۆمەكی و لە گردبوونەوەکانیاندا، وێنەی ئەم قیزەونانەیان بەرزدەکردەوە و بە فریادڕەسیان دەزانین.
پرسیاری جدی ئەوەیە: ئاخۆ ئەوانەی بە فیتی دوژمن دەبوونە كەواسووری بەر لەشكری ئەو گەندەڵكارانە، ئێستا چی لە هەست و ویژدانیاندا دەگوزەرێت؟! ئەو دەستوپێوه‌ندانەی کە دۆزی نەتەوەیەکیان بە پارە و پۆستی کاتیی دەفرۆشت، ئێستا ڕووبەڕووی هەمان ئەو ڕاستییە تاڵە بوونەتەوە، کە مێژوو هەمیشە بەسەر خائیناندا دەیسەپێنێت. ڕووخانی بته‌ ساختەکانیان لە بەغدا، تەنیا ڕووخانی چەند گەندەڵکارێک نییە، بەڵکوو داڕووخانی تەواوی ئەو پڕۆژە چەواشەکارییەیە کە دەیویست کەرامەتی نیشتمانی و ئیرادەی گەلی کورد لەپێناو ئەجێندای دەرەکیدا تەسلیم بکات.
هەرچەندە گەندەڵی دارایی، وێرانکەرە، بەڵام کوشندەترین و مەترسیدارترین جۆری گەندەڵی بریتییە لە (هەوڵی ئەوانەی، کار دەکەن بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و ڕێگری دەکەن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان). ئەم جۆرە لە گەندەڵی، خیانەتێکی ڕێکخراوە لە داهاتووی نەوەکانمان، چونکە پەکخستنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و دروستکردنی بۆشایی یاسایی، هیچ ئامانجێکی نییە جگە لە لێدانی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هێشتنەوەی لە دۆخی شڵەژان و لاوازیدا. ئەوانەی پێشێلکردنی ڕێسا دەستوورییەکان و پەکخستنی پڕۆسەی دیموکراسیی ناوخۆیی بە سەرکەوتن دەزانن، لە ڕاستیدا تەنیا زەمینە بۆ نەیارانی دەرەکی خۆش دەکەن تا زیاتر دەستبەسەر سەروەری و بژێویی ئەم گەلەدا بگرن.
بەداخەوە ئەو کارەکتەرە نەرێنییانە، لە بیرکردنەوەیەکی داڕووخاودا دەژین و هیچ پیرۆزییەکی نەتەوە و نیشتمان بە ڕێزدار نازانن، لە ئامادەباشیدان بۆ هەر سازش و ملکەچبوونێک، بەرانبەر دەستکەوتێکی ناڕەوا و چڵێس، بەڵام گەل و نیشتمانەکەمان، لە سایەی خوێنی شەهیدان و گڕوتینی هەستی نەتەوەیی ئازادیخواز، هەردەم سەرفراز دەبن و پیلانی ناحەزان و کڕنۆشبەرانی بەغداش هەر زوو سەرەوژوور دەبێت و دەچێتە زبڵدانی مێژووەوە.