خه‌بات: هێمن ئاری:- شاعیری جواننووس و هەست ناسک ئیبراهیم مەخمووری، یەکێکە لەو شاعیرانەی لە هەموو ئان و ساتێکدا کە پێویست بووبێت، لەڕێگەی شیعرەوە ئەو هەست و پەیامەی لە ناخیدا هەبووبێت دەریبڕیوە و ورژاندوویەتی، لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا بۆ (خەبات)، تیشکی خستە سه‌ر شیعر و
به‌رهه‌مه‌ چاپ كراوه‌كانی.

*لەم ماوەیەدا سێ کتێبی شیعریت بەیەکەوە بەچاپگەیاند و بڵاوکردەوە، ئەم شیعرانە کۆشیعری بەڕێزتان بوو لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی شیعرتان نووسیوە؟
– بەڵێ، هەموویان کۆ شعری خۆمن. هەرچەندە هێشتا زۆر شیعری دیكه‌م ماوە بە چاپیان بگەینم.
* شیعرەکانت زیاتر گوزارشت لەچی دەکەن بەشێوەیەکی گشتی؟
– زیاتر گوزارشت لە ژیانی خۆم و ئەو ڕووداوانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا لە دەوروبەرم دەگوزەرێت بە گشتی.
* پەیامی راستەقینەی تۆ لەنووسینی شیعر چییە؟
– پەیامی من وەك شاعێرێك لە نووسین شیعر بریتییە لە ئاشتی و پێکەوەژیان و برایەتی و یەکڕێزی گەلەکەم.
* زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین، شیعر خوێنەری جارانی نەماوە، تۆ چی دەڵێیت بۆ ئەوە؟
– بەبۆچوونی من شیعر وەك زێر وایە، قەت کۆن نابێ، ئەوەی نەیخوێنێتەوە نرخی نازانێ.

* کێ لە بەچاپگەیاندنی ئەم کتێبانە هاوکارت بووه‌
بەداخەوە، لەم وڵاتە بۆ هەر کار و پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیری، ئەگەر کەسێک بیەوێت خزمەتێک بکات زۆر بەکەمی دەستی هاوکاری بۆ درێژ دەکرێت.

دیسان دەیڵێم بە داخەوە، هیچ کەس و دەزگە و لایەنێك هاوکارم نەبوون بۆ بە چاپگەیاندنی شیعرەکانم. ئەوەی کردوومن لەسەر ئەرکی خۆم بووە.