گوتەبێژی حکوومەتی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کێشەی بڕینی 120 ملیار دینارەکە بەمزوانە چارەسەر دەکرێت، هاوکات وەزارەتی دارایی عێراقیش پابەندە بە ناردنی مووچەی مانگی شەش.

ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە.

عەبوودی گوتی، “شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە، بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری، پرسی رادەستکردنی 120 ملیار دینارەکە و داهاتە نانەوتییەکان، لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ یەکلابکاتەوە.”

گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو پرسە دەکرێت، بۆ ئەوەی چیتر لە داهاتوودا ئەم کێشەیە دووبارە نەبێتەوە، هەروەها نەبێتە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتی دارایی عێراق، گوتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد: “هەر ئەمڕۆ بەیانی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق قسەم کردووە، ئەویش جەختی لەوە کردووەتەوە ئەوان وەک وەزارەتی دارایی پابەندن بە ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.”