دەستەی دەسپاکی فیدڕاڵیی عێراق بڵاوی کردەوە کە دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای بەندکردنی بەسەر بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری دەستەی گشتیی باجەکان و هاوسەرەکەیدا سەپاند بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانی سپیکردنەوەی پارەدا.

بەپێی بەیاننامەیەكی دەستەی دەسپاکی كە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوكراوەتەوە، بڕیارەکانی دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەسەر ئوسامە حوسام جەودەت بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری دەستەی گشتیی باجەکان و هاوسەرەكەی بەمشێوازەی خوارەوە بوون:

– سزای 10 ساڵ بەندکردن بۆ ئوسامە حوسام جەودەت بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری باج.

– سزای 5 ساڵ و یەک مانگ بەندکردن بۆ هاوسەری تۆمەتبار.

– غەرامەکردنی هەردووکیان بە هاوبەشی بە بڕی 32 ملیار و 496 ملیۆن دیناری عێراقی.

– دەستبەسەرداگرتنی 10 خانوو و عەقار لە بەغدا و 12 خانوو لە تورکیا کە بە ناوی هاوسەری بەڕێوەبەرە گشتییەكە تۆمارکرابوون.

– زەوتکردنی تەواوی پارە کاشەکان، کرێی خانووەکان، زێڕ و گشت ئەو پارانەی لە بانکەکانی کوێت و تورکیادا دایاننابوون.

دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕوونیشی کردووەتەوە کە دوای پێداچوونەوە بە تەواوی بەڵگەکان و سەلماندنی تاوانەکەیان، بەپێی ماددەی (36) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ هاوكاریكردنی تیرۆر (ژمارە 39ی ساڵی 2015) سەلمێنراوە.

دادگاكە جەختیشی كردەوە كە بڕیاری کۆتایی دەركراوە بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی سەروەت و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەكانی هەردوو تۆمەتبارەكە.