ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی باڵای هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا، سەبارەت بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی نەوتی کە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم لیژنەیە، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەتەنیشت نوێنەرانی وەزارەتەکانی نەوت و دەرەوە و دارایی عێراقەوە.
سەلیم ڕیکابی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ (بەغداد ئەلیوم) ڕایگەیاند: “حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە کە نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتووە، ئەم لیژنەیە ئەرکی بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی تورکی پێ سپێردراوە بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی نوێی هەناردەکردنی نەوتی خاو کە جێگەی ڕێککەوتنە کۆنەکە دەگرێتەوە.”
ڕیکابی ئاماژەی بەوەش کردووە، لیژنەکە بەشدارییەکی کارای لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەخۆ گرتووە، ئەوەش بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنی ڕوون کە بەردەوامبوونی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی عێراق- تورکیاوە مسۆگەر بکات و سەقامگیریی هەناردە بۆ بازاڕە جیهانییەکان بپارێزێت.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت دووپاتی کردەوە کە نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی ئێستا وای کردووە هەوڵەکان بۆ خێراکردنی دانوستانەکان زیاتر بکرێن، بەجۆرێک کە نوێنەرایەتیی هاوبەشی نێوان بەغدا و هەولێر دەتوانێت چارەسەری پێویست بۆ بەردەوامی و زیادکردنی ئاستی هەناردەکردنەکە بدۆزێتەوە، بەتایبەت کە عێراق پلانی هەیە ئاستی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانییەوە بۆ زیاتر لە ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە.